گالەری

28-10-2024
1 Photos
لهۆن نەسرەدین
رووداو دیجیتاڵ
 
یەکێتیی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی سرووشت رایگەیاند، لە نێو هەر سێ درەختی جیاواز، یەکێکیان لە ژێر هەڕەشەی لەنێوچوونە.
 
رۆژی دووشەممە 28-10-2024، لە کۆنفڕانسێكی تایبەت بە ژینگە لە شاری کالێی کۆڵۆمبیا، یەکێتیی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی سرووشت، ئەپدەیتی لیستە سوورەکەی بڵاوکردەوە و تێیدا هۆشداریدایە جیهان لە مەترسی لەنێوچوونی جۆرە جیاجیاکانی درەختەکان.
 
کۆنفڕانسەکە کە بە چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێوەچوو سەرنجی خستەسەر دەرهاویشتەی کار و کردەکانی مرۆڤ لەسەر ژینگە کە بە هۆکاری سەرەکی تێکدانی ناوبرد.
 
لە راپۆرتی ناوەندەکەدا هۆشداری دەدات لە بڕینەوەی درەختەکان بە مەبەستی دابینکردنی زەوی کشتوکاڵی و دەستەبەرکردنی تەختە بۆ کاروباری پیشەسازی، ئەوە جگە لە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا کە بە گوتەی ئەو ناوەندە ژینگەییە سرووشت بەرەو کارەسات دەبات.
 
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بە گرنگی مانەوەی درەخت بۆ درێژەدان بە سووڕی ژیان کراوە؛ دەشڵێت درەختەکان فاکتەری سەرەکی پاراستنی هاوسەنگی ژینگە و بووژاندنەوەی ئۆکسجین و هەڵمژینی کاربۆنن.
 
بە زمانی ژمارە، یەکێتیی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی سرووشت ئاماژە بەوە دەکات، لە کۆی 47 هەزار و 282 درەختی جۆراوجۆر، 16 هەزار و 425یان لەژێر هەڕەشەی لەنێوچوونن؛ هەرچەندە یەکێتییەکە ئاماژەی بەوە کردووە لەسەر ئاستی جیهان سەرووی 58 هەزار جۆرە درەخت هەن، بەڵام بەهۆی نەبوونی زانیاری تەواو پشتڕاستکراوە لەسەریان لە راپۆرتەکەیاندا ئاماژەیان پێنەکراوە.