ترەمپ بۆ کریستیانەکان: دوای ئەم هەڵبژاردنە پێویست ناکات جارێکی دیکە دەنگ بدەنەوە

28-07-2024
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان بۆ سەرۆکی ئەمریکا لە بانگەشەیەکی هەڵبژاردن بە کریستیانەکانی گوت، ئەگەر ئەم هەڵبژاردنە دەنگی پێبدەن و بیباتەوە، پێویست ناکات جارێکی دیکە دەنگبدەنەوە.
 
تاوەکو ئێستا بۆ هیچ کەسێک روون نییە مەبەستی ترەمپ  لەو قسانە چییە، بەڵام دیموکراتە رکابەرەکانی، ئەم دروشمانە بە هەڕەشە بۆ سەر پرۆسەی دیموکراسی وەسف دەکەن، بەتایبەتی کاتێک رووداوەکانی 6ی کانوونی دووەمی 2021 بیردەهێننەوە کاتێک ترەمپ لایەنگرانی هاندا هەڵبکوتنە سەر کۆنگرێسی ئەمریکا.
 
ترەمپ لە بانگەشەکەی فلۆریدا گوتارێکی پێشکێشکرد کە لەلایەن گرووپی 'تێرنینگ پۆینت ئاکشن'ـەوە رێکخرابوو، لە گوتارەکەیدا داوای لە کریستیانەکان کرد دەنگی پێبدەن.
 
ترەمپ رووی دەمی کردە لایەنگرانی و گوتی: "کریستیانەکان، بڕۆن دەنگ بدەن، تەنیا ئەمجارە. پێویست ناکات جارێکی دیکە دەنگبدەنەوە."
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانی ترەمپ دەڵێت: "دەزانن دوای چوار ساڵی دی، جێگیر دەبێت، باش دەبێت، کریستیانەکان خۆشم دەوێن، من کریستیانم. بڕۆن دەنگ بدەن، پێویستە بڕۆن دەنگ بدەن، لە چوار ساڵی داهاتوو پێویست ناکات جارێکی دیکە دەن بدەنەوە."
 
ستیڤن چیونگ، گوتەبێژی بانگەشەکانی هەڵبژاردنی ترەمپ بەتایبەت روونکردنەوەی لەسەر ئەم بانگەوازەی ترەمپ نەدا، بەڵام رایگەیاند، ئامانجی ترەمپ" یەکخستنەوەی وڵاتە." ستیڤن تەنگەژە سیاسییەکانی نێوخۆی ئەمریکای بە پاڵنەرێک بۆ هەوڵی تیرۆرکردنی ترەمپ زانی.
 
13ی تەممووزی ئەم ساڵ، لە بانگەشەیەکی هەڵبژاردن لە پەنسلڤانیا گەنجێکی 20 ساڵ تەقەی لە ترەمپ کرد و بە سووکی برینداری کرد.
 
دیموکراتەکان ترسیان هەیە مەبەستی ترەمپ بەرتەستککردنەوەی پرۆسەی دیموکراسی بێت لە ئەگەری دەرچوونی وەکو سەرۆکی ئەمریکا، بەتایبەتی دوای ئەوەی لە کانوونی یەکەمی 2023 لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز  ترەمپ گوتی،  ئەگەر هەڵبژاردنی 5ی نۆڤەمبەر بباتەوە، دەبێتە 'دیکتاتۆر' بەڵام تەنیا بۆ 'رۆژێک'.
 
بەگوێرەی دەستووری ئەمریکا، ئەگەر ترەمپ ئەم هەڵبژاردنە بباتەوە، تەنیا چوار ساڵ حوکم دەکات، بەو پێیەی پێشتر خولێکی بردووەتەوە و دەستووریش تەنیا رێگە بە دوو خول دەدات.
 
لە مانگی ئایاری ئەم ساڵ، لە کۆبوونەوەیەکی کۆمەڵەی چەکی نیشتمانی ئاماژەی بەوەدا سەرۆک بتوانێت زیاتر لە دوو خول سەرۆکایەتی بکات.
 
ترەمپ ئەوکات ماوەی سەرۆکایەتی فرانکلین د. رووسڤێڵتی بیرهێنایەوە کە تەنیا دیوموکراتە زیاتر لە دوو خول بووەتەوە سەرۆک.
 
سیستەمی دوو خولی لەدوای ماوەی سەرۆکایەتی رووسڤێڵت بۆ دەستووری ئەمریکا زیادکرا.
 
ترەمپ لەبەردەم لایەنگرانی گوتی" دەزانن فرانکلین رووسڤێڵت 16 ساڵ واتا چوار خول لە دەسەڵات بوو." ترەمپ گوتی، نازانم، سێ خول بۆ ئێمە گونجاو دەبێت؟"
 
لە هەڵبژاردنی 2016 ژمارەیەکی زۆر لە کریستیانەکان دەنگیان بە ترەمپ دا و هەڵبژاردنەکەی بردەوە.
 
بەڵام ئەمجارە ترەمپ لە کێبکڕکێیەکی چڕ دایە، بەتایبەتی دوای ئەوەی جۆ بایدنی تەمەن 81 ساڵ لەسەر پشکی دیموکراتەکان لە رکابەری هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کشایەوە و گۆڕەپانەکەی بۆ کامالا هاریسی جێگری چۆڵ کرد.
 
راپرسییەکانی ئەم دواییە پێشانی دەدەن ترەمپ و هاریس لە رکابەریێکی تووندی یەکدی دان.
 
جەیسن سینگەر، گوتەبێژی بانگەشەکانی کامالا هاریس راستەوخۆ قسەی لەسەر ئەم گوتەیەی ترەمپ نەکرد کە دەڵێت  پێویست ناکات جارێکی دیکە کریستیانەکان دەنگ بدەنەوە، بەڵام بانگەشەکانی ترەمپی بە "نامۆ" و "سەراوژێر" ناوبرد.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە