لە 'بڕیارێکی مێژووییدا' ئیسپانیا دان بە دەوڵەتی فەلەستیندا دەنێت

28-05-2024
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لە هەنگاوێکی "مێژووییدا" ئیسپانیا دانی بە دەوڵەتی فەلەستیندا نا، پێدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا لە گوتارێکدا لە  مەدرید رایگەیاند هەر ئەمڕۆ سێشەممە کابینەکەی بڕیاری دانپێنانەکە پەسند دەکات.
 
سانچێژ گوتی: "ئەمە بڕیارێکی مێژووییە کە یەک ئامانجی لە پشتە، هەوڵێکە بۆ بەدەستهێنانی ئاشتی لەنێوان ئیسرائیل و فەڵەستین." 
 
سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا ئاماژەی بەوەدا کە مەدرید بەگوێرەی سنوورەکانی 1967 دان بە دەوڵەتی فەلەستیندا دەنێت، تەنیا ئەو گۆڕانکاریانە پەسند دەکات کە هەردوولا لەسەری رێککەوتوون.
 
سانچێز جەختدەکاتەوە کە دەوڵەتی فەلەستین دەبێت پێبکێت لە کەرتی رۆژئاوا و غەززە بە کۆریدۆرێک بەیەک ببەسترێنەوە و قودسی رۆژهەڵاتیش پایتەختی بێت.
 
ئیسپانیا دان بە دەوڵەتێکی فەلەستینیی "یەکگرتوو"دا دەنێت لەلایەن دەسەڵاتدارانی فەلەستینی ئیدارە بدرێت کە سانچێز بە "هاوپەیمانی ئاشتی" ناویان دەبات.
 
سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا جەختی لەوەش کردەوە کە داننان بە دەوڵەتی فەلەستینی لە دژی ئیسرائیل نییە، بەڵکو "رەتکردنەوەی راستەوخۆی حەماس پێشان دەدات کە دژی چارەسەری دوو دەوڵەتییە."
 
بڕیارە هەر ئەمڕۆ هەریەک لە نەرویج و ئێرلەندا بە فەرمی دەوڵەتی فەلەستینی بناسێنن. بە هەرسێکیان دەبنە 146 وڵات لە کۆی 192 وڵاتی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان کە دانیان بە دەوڵەتی فەلەستیندا ناوە.
 
مەدرید دەڵێت، لەگەڵ هاوبەشە عەرەبییەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە ئاراستەی ئاشتی و خۆشگوزەرانی کاردەکەن، بەو ئامانجەی چارەسەری دوو دەوڵەتی بکەنە راستی.
 
داننان بە دەوڵەتی فەلەستین سوپاسگوزاریی فەلەستینییەکان و سەرکۆنەی ئیسرائیلی لێکەوتووەتەوە. 
 
ئیسرائیل کاتز، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل هەنگاوەکەی بە "خزمەتکردنی تیرۆر" ناوبردووە، بەڵام خۆسی مانوێل ئالبارێش، وەزیری دەرەوەی ئیسپانیا وەڵامی داوەتەوە و دەڵێت، هاوڕێیانیان لە ئێرلەندا و نەرویج پەیامی هەراسانکارانەیان لە ئیسرائیلەوە پێدەگات: "لە وەڵامی ئەوانەی دەیانەوێ بە پڕوپاگەندەی هەڕەشە ئامێز بەش بەشمان بکەن، ئەوا یەکێتیی ئەورووپییەکان پێداگرە لە ناردنی پەیامێکی زۆر بەهێز."
 
سلۆڤینیاش پرۆسەی داننانی بە دەوڵەتی فەلەستینی خستووەتە گەڕ و لەدوای سێ وڵاتە ئەورووپییەکە، گوشار دەخرێتە سەر سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە بۆ ئەوەی پرۆسەکە خێرا بکات.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە