لە هێرشەکانی سەر غەززە 25 رۆژنامەڤان گیانیان لەدەستداوە

27-10-2023
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
ژمارەیەک رۆژنامەڤان کە غەززە.
ژمارەیەک رۆژنامەڤان کە غەززە.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

رۆژنامەڤانان لە پریشکی ئاگری شەڕەکەی کەرتی غەززە بەدوورنین. دوای نزیکەی سێ هەفتە، لانیکەم 25 رۆژنامەڤان لە غەززە گیانیان لەدەستداوە، 22یان لە ئەنجامی هێرشی ئیسرائیل بووە بۆ سەر شارەکە.
 
رۆژنامەنووسان هاوشێوەی خەڵکی سڤیل لە ترس و دڵەڕاوکێدا دەژین، هەرچەند ئەو شوێنەی ئەوان لێی دەمێننەوە و رووماڵی لێ دەکەن، ئاشکرایە، بەڵام ناوە ناوە لەلایەن فرۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیلەوە دەکرێنە ئامانج.
 
ویسام یاسین، رۆژنامەڤانە و دەڵێت، "ئێمە دوو هەفتەیە لە خان یونسین، لەنێو نەخۆشخانەدا رووماڵ دەکەین و لەنێو نەخۆشخانە یاخود لەنێو ئۆتۆمبێلدا دەخەوین. جار جارەش دەڕۆینە توالیت. هەوڵیشدەدەین کەم بخۆین و بخۆینەوە بۆ ئەوەی کەمتر بچینە توالیت."
 
وائیل دەحدووح، رۆژنامەنووسی کەناڵی جەزیرە لەکاتی رووماڵکردندا هەواڵی گیانلەدەستدانی ژن، کچ و کوڕە بچکۆڵانەکەیان پێگەیاند.
 
ئەمەش دەرخەری ئەوەیە، کە رۆژنامەنووسەکان ئەگەر خۆشیان سەلامەت بن، ژیانی کەسوکارەکەیان لە مەترسیدایە.
 
وائیل دەحدووح، پەیامنێری جەزیرە لە غەززە دەڵێت، "بەدڵنیاییەوە کارەساتێکی گەورەمان بەسەردا هاتووە. تراژیدیایەکی گەورە لە دژی ژن و منداڵان کراوە. هیچی کەمتر نییە لە بەڵا. ژمارەیەکی زۆر لە ماڵ بۆمباران کراون. ئەمە شتێکی باوە بەلای ئیسرائیلەوە."
 
لەو 25 رۆژنامەڤانەی گیانیان لەدەستداوە، 20یان فەڵەستینین و سێیان ئیسرائیلین و دووانەکەی دیکە بیانین. 48 ئۆفیسی میدیاکان بۆردوومان کراون، کۆمیتەی پارێزگاریکردن لە رۆژنامەنووسان ناسراو بە CPJ سەرکۆنەی کوشتنی رۆژنامەنووسانی کردووە و چاوەروانیش دەکات ئاماری ئەم ساڵی کوژرانی رۆژنامەنووسان لە پار کەمتر نەبێت کە 67 رۆژنامەنووس کوژرابوون.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە