سەوزایی مژاری سەرەکی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەکانی ئیسپانیایە

27-05-2023
تاڵیب حشمەت @Talib_Aldalaui
.
.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەکان و هەڵبژاردنی پەرلەمانیی هەرێمە خۆبەڕێوەبەرییەکانی ئیسپانیا بەڕێوەدەچێت. بڕیارە رۆژی یەکشەممە هەڵبژاردنەکان بەڕێودەچن؛ پاراستنی ژینگە و سەوزکردنی شار و شارۆچکەکان مژارێکی سەرەکی بانگەشەکانە. 
 
جۆس لویس مارتێنیز ئەلمێدیا، سەرۆکشارەوانی مەدریدە و لە بانگەشەی هەڵبژاردندا دەڵێت، "ئەمە بە خەڵکی مەدرید دەڵێم کە بەرپرسیارێتییەکەم لە خوولی داهاتوودا بۆ دوو هێندە زیاد دەکەم. ئەم خولە 210 هەزار نەماممان لە مەدرید چاندووە و بەڵێن دەدەم، ئەگەر دەربچمەوە ئەوا 500 هەزار درەخت دەچێنم."
 
ساڵی 2021 بەفرێکی زۆر لە مەدرید باری و بەوهۆیەوە 150 هەزار درەخت لەنێو چوون.
 
مانگی نیسانی ئەمساڵ، پلەی گەرما 7 بۆ 10 پلەی سیلیزی لە پلەی گەرمیی ئاسایی زیاتربوو. بەگوێرەی وەزارەتی ژینگەی ئیسپانیا، ئێستا 30٪ـی خاکی ئیسپانیا دووچاری وشکەساڵی بووە و کۆگاکانی ئاوی وڵاتەکەش کەمتر لە 50٪ ئاویان تێدایە.
 
نیسانی ئەمساڵ ئیسپانیا ژمارەی پێوانەیی تۆمارکرد لە گەرمترین مانگ، ئەوەش کاتێک پلەی گەرما گەیشتە 38.8 پلەی سیلیزی. 
بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی وایکردووە، لە چوار ساڵی رابردوودا 20٪ـی درەختەکانی ئیسپانیا لەنێوبچن.
 
کێبڕکێی بردنەوەی زۆرینەی ئەنجوومەنی شاری مەدرید لەنێوان پارتی "ماس مەدرید" کە پارتێکی چەپ و سەوزە، لەگەڵ "پارتی خەڵک" کە پارتێکی نەریتخوازە، بەڕێوەدەچێت.
 
پارتی "ماس مەدرید" پارتەکەی سەرۆکی شارەوانی ئێستای مەدرید بەوە تۆمەتباردەکات کە بەرپرسە لە لەنێوچوونی ئەو هەموو درەختە.
 
جاڤیەر پادێلا، گوتەبێژی پارتەکەیە و دەڵێت، "ئەوەی ئێمە دەمانەوێت بە سەرۆکشارەوانیی مەدریدی بڵێین ئەوەیە کە ئەو دەیەوێت خۆی لە بەرپرسیارێتییەکەی بدزێتەوە؛ کاتێکی شەپۆلی سەرماکە مەدریدی گرتەوە و درەختەکان وشک بوون، ئەو هیچی نەکرد؛ هەربۆیە شایستەی ئەوە نییە هەڵببژێردرێتەوە."
 
لە نێوان 1ـی نیسانی ئەمساڵ تاوەکو 23ـی نیسان، لە یەک مەتر چوارگۆشەدا لە ئیسپانیا تەنیا 12 لیتر باران باریوە کە دەکاتە 25ـ٪ی رێژەی ئاسایی بارانبارین لەو وڵاتەدا. بەرپرسانی ئیسپانی لە هەوڵی چارەکردنی قەیرانی ئاون، بەڵام ئاسۆیەکی گەش دیار نییە. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە