فێستیڤاڵی سەمای ورچەکان لە رۆمانیا؛ 'ساڵێکی پڕ لە خۆشیمان بۆ دەهێنێت'

27-12-2023
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
فێستیڤاڵی سەمای ورچەکان لە رۆمانیا
فێستیڤاڵی سەمای ورچەکان لە رۆمانیا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

سەتان ساڵە رۆمانییەکان لەگەڵ فێستیڤاڵی سەمای ورچەکاندا دەچنە نێو ساڵی نوێوە، ئەو فێستیڤاڵە نەوە بۆ نەوە دەگوازرێتەوە و ساڵانە لەگەڵ ئاهەنگەکانی کریسمس و ساڵی نوێ ئەنجام دەدرێت. لە فێستیڤاڵەکە پێستی ورچ لەبەر دەکەن و پێیان وایە ساڵێکی تەندروستیان دەبێت.
 
گوندی کۆمانیستی، 310 کیلۆمەتر لە باکووری بوخارێستی پایتەخت، ئەم ساڵ فێستیڤاڵی سەمای ورچەکانی لەخۆ گرتووە، لۆنوت، هاووڵاتییەکی رۆمانییە لەبارەی فێستیڤاڵەکەوە دەڵێت، "ئەم نەریتە لەنێو کاتدا ونبووە. لە رابردوودا هەروەکو ئەمڕۆ، ئەم ورچانە بەنێو گوندەکاندا گەڕاون بۆ ئەوەی نەخۆشەکان چاکبکەنەوە، بە تایبەتی لە پشت ئێشە. ورچەکان لە حەوشەی دواوە سەمایان کردووە و ئەوانیش چاکبوونەتەوە. ئێستا ئێمە لە پێستی ورچدا دەڕۆین بۆ ئەوەی لە خراپە بەدووربین و خۆشی بۆ خەڵک بهێنین."
 
ساڵانە هەر کە لە ساڵی نوێ نزیکدەبنەوە، گوندنیشینانی رۆمانیا پێستی ورچ دەکەنە بەریان و بەنێو گوندەکەدا دەسووڕێنەوە و لەگەڵ دەنگی دەهۆڵ هەڵدەپەڕن، ئەوان پێیان وایە، ئەمە ساڵێکی تەندروست و پڕ لە خێر و خۆشیان بۆ دەهێنێت. 
 
لۆن، هاووڵاتی دیکەیە باس لەوە دەکات کە "گرنگە ئەو بۆنەیە لەبیر نەکەین، چونکە ئەمە ساڵێکی پڕ لە خۆشیمان بۆ دەهێنێت. هەر ئەوەمان بۆ ماوەتەوە."
 
زۆربەی رۆمانییەکانی دەرەوەی وڵات لە پشووی سەری ساڵدا دەگەڕێنەوە بۆ ئەوەی ئەو فێستیڤاڵەیان لەدەست نەچێت کە وەکو شوناس و ناسنامەیانی لێهاتووە.
 
لە رۆمانیای کۆن ورچ بە گیانەوەرێکی "پیرۆز" سەیرکراوە، پێیان وابووە، خۆشبەختی، تەندروستی و گوزەرانیێکی باش بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە