وەتسئەپ تایبەتمەندیی شاردنەوەی چات Chat Lock زیاد دەکات

26-09-2023
دڵزار زوبێر @DilzarZubair
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەتسئەپ تایبەتمەندییەکی نوێ بۆ شێوازی نامەگۆڕینەوە لە پلاتفۆڕمەکەی زیاددەکات کە لەرێگەیەوە بەکارهێنەران دەتوانن هەر نامەیەکیان بووێت، قوفڵی لەسەر دابنێن و لەڕێگەی پەنجەمۆر یان ناسینەوەی رووخسار بیکەنەوە. 
 
کۆمپانیای وەتسئەپ لە دوایین وەشانیدا، تایبەتمەندیی داخستن یاخود قوفڵکردنی چاتی بۆ پلاتفۆرمەکەی زیادکردووە، کە لە هەیینییەوە (22-9-2023) چالاککراوە و هەرکەسێک ئەپڵیکەیشنەکە ئەپدەیت بکات، دەتوانێت لێی سوودمەند بێت.
 
ئەم تایبەتمەندییە نوێیە، رێگە بە بەکارهێنەر دەدات، ئەو چاتانەی دەیەوێت بە نهێنی بیانهێڵێتەوە، لە بەشێکی تایبەتی ئەپڵیکەیشنەکەدا هەڵیانبگرێت. کۆمپانیای وەتسئەپ لەو بارەیەوە دەڵێت، "دەتوانن لەرێگەی ناسینەوەی رووخسار Face ID یاخود پەنجەمۆرەوە چاتی دڵخوازی خۆت و نۆتیفیکەیشتنی تایبەت بەو چاتە بکەیتەوە. بۆ زیاتر پاراستنی نهێنی، ئەم چاتە لە چاتەکانی دیکە جیادەکرێتەوە." 
 
پلاتفۆرمەکە چەند خاڵێکی لەبارەی تایبەتمەندییەکانی ئەم بژاردەیە بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، کاتێک کەسێک لەوانەی چاتەکەیت شاردووەتەوە، نامەت بۆ دەنێرێت؛ ناوەکەی لە لیستی ئاگادارکردنەوە Notificationـدا دەرناکەوێت و لەجیاتی ئەوە، دەنووسرێت نامەیەکی نوێت بۆ هاتووە (1New Message).
 
هاوکات، وەکو وەتسئەپ باسی دەکات، "بۆ زیاتر یارمەتیدانی بە نهێنی هێشتنەوەی نامەکان، ئەگەر بتەوێ وێنە یان ڤیدیۆی نێو چاتەکە بخەیتە نێو گەلەرییەکەتەوە، واتە saveـیان بکەیت، دەبێت سەرەتا Chat Lockـەکە بکوژێنییەوە."
 
جگە لە چاتی کەسی، دەتواندرێت گرووپ چاتیش ئەم تایبەتمەندییەی لەسەر جێبەجێ بکرێت، بەڵام پەیوەندیی تەلەفۆنی کە لەرێگەی وەتسئپەوە دەکرێت، ناتواندرێت بشاردرێتەوە و بە ناوی کەسەکەوە، لەسەر رووگەی مۆبایلەوە دەردەکەوێت. 
 
خاڵێکی دیکەی ئەم بژاردەیە، وەکو پلاتفۆرمەکە باسی دەکات ئەوەیە؛ کاتێک لەسەر موبایلەکەت کارای دەکەیت، چاتەکان تەنیا لەسەر موبایلەکەت دەشاردرێنەوە، ئەگەر هەمان ئەو وەتسئەپە لەسەر ئامێرێکی دیکەی وەکو مۆبایل، ئایپاد یاخود کۆمپیوتەر کرابێتەوە، چاتە نهێنییەکانت دەردەکەون و تایبەتمەندییەکەیان لەسەر جێبەجێ نابێت. 
 
کاتێک ئەم تایبەتمەندییە لەسەر چاتی هاوڕێیەک یان کەسێک کارا دەکەیت، ئەو کەسە پێی نازانێت کە چاتەکەیت قوفڵ کردووە. 
 
چۆن ئەم تایبەتمەندییە کارا دەکرێت؟
 
لەگەڵ وەشانی نوێیدا، وەتسئەپ نامەیەکی بۆ هەموو بەکارهێنەرانی ناردووە و تێیدا چۆنییەتیی کاراکردنی ئەم تایبەتمەندییەی روونکردووەتەوە. 
 
1. دەچیتە سەر چاتی ئەو کەسەی دەتەوێت نامەکانی بشاریتەوە. 
2. لەنێو چاتەکەدا، پەنجە بە وێنە یاخود ناوی کەسەکەدا دەنێیت.
3. لەژێر بەشی Encryption  و Disappearing Messages، بژاردەیەکی نوێ بە ناوی Chat Lock زیادبووە و پەنجەی پێدا دەنێیت. 
 
لەو بەشەدا، دوگمەیەکی کاراکردن و لابردنی قوفڵەکە هەیە و لە هەرکاتێکدا دەتوانیت بە ئارەزووی خۆت زیادیبکەیت یان لایبدەیت. 
 
دوای ئەوەی قوفڵەکە زیاد دەکەیت، کاتێک تەماشای نامەکانی وەتسئەپ دەکەیت، دەبینیت لە سەرەوە، لەژێر تایبەتمەندیی Broadcast List، بژاردەی Locked Chats زیادبووە.
 
پلاتفۆرمی کۆمەڵایەتیی وەتسئەپ ئەپڵیکەیشنێکی نامەناردن و گفتوگۆکردنی سەر بە کۆمپانیای مێتایە کە هاوکات خاوەندارێتیی ئینستاگرام و فەیسبووکیش دەکات؛ بە یەكێک لە پارێزراوترین ئەپڵیکەیشنەکان لای بەکارهێنەران دادەنرێت، ئەوەش بۆ سیستمی پاراستنی زانیارییەکانی دەگەڕێتەوە. 
 
ئەپلیکەیشتنی وەتسئەپ لە نۆڤەمبەری ساڵی 2009 سەرەتا وەکو پلاتفۆرمێکی تایبەتی نامەگۆڕینەوە بۆ سیستمی iOS دروستکرا و لە ئابی 2010 دا بۆ سیستمی ئەندرۆیدیش بەردەست کرا. 
 
بەگوێرەی داتاکانی کۆمپانیاکە، وەتسئەپ مانگانە دوو ملیار بەکارهێنەری چالاکی لە سەرانسەری جیهاندا هەیە و "لەنێو ئەپلیکەیشنەکانی نامەگۆڕینەوەدا دیارترینە لە جیهاندا." 
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە