رووداو دیجیتاڵ
وەرزشوانێکی کورد، کە یەکێکە لە هەڵگرانی مەشخەڵی ئۆڵۆمپیادی 2024 دەڵێت، حەز دەکات سەردانی "باکووری عێراق" بکات. دەشڵێت، شانازى بەوە دەکەم و ئەوە زۆرخۆش بوو وەک عێراقییەک و وەک کوردێک ناوى خۆم لە رووداوێکى ئاوها مێژوویی تۆمار کرد.
تیمێکی تۆڕی میدیایی رووداو سەردانی شارۆچکەی فلۆغی لە دەرەوەی پاریسی پایتەختی فەرەنسای کردووە کە خێزانێک، کە خۆیان بە عێراقی دەناسێنن لێ دەژین و کچێکی ئەو خێزانە بە ناوی شیلان شەمال مستەفا، هەڵگری مەشخەڵی ئۆڵۆمپیادی 2024 بووە. ئەو وەرزشوانە نزیکەی 20 ساڵە لە فەرەنسا دەژیت.
شیلان بە عەرەبی وەڵامی پرسیارەکانی زنار شینۆ، نێردراوی تۆڕی میدیایی رووداوی داوەتەوە و دەڵێت: ''باوکم کوردە، بەڵام لە دایکبووى بەغدایە، باپیریشم لەدایکبووى بەغدا بووە، دایکم خەڵکى دیالە بوو، منیش لە دیالە لە دایکبووم، تاوەکو 13 ساڵان لە دیالە ژیام. لە سلێمانیش ژیاوم، بەڵام زۆر منداڵ بووم و هیچم بیر نایەتەوە، دواتر لە عێراق چوومە دەرەوە، بۆیە زمانى عەرەبی ئەو زمانەیە کە من دەیزانم.''
شیلان شەمال مستەفا لەبارەی چۆنیێتیی هەڵبژاردنی ئەو کەسانەی کە هەڵگری مەشخەڵی ئۆڵمپیادن گوتی: ''ئەو کەسانە هەڵدەبژێردرێن کە وزە و رۆڵى ئەرێنییان لە کۆمەڵگەدا هەیە، بەرپرسانى شارەوانى شارەکەم منیان بەربژێر کرد، پرسیاریان لێکردم پێت باشە وەک کچێک ببیتە نوێنەرى شارەکە و خۆت بەربژێر بکەی؟ منیش گوتم باشە.''
ئەو وەرزشوانە باس لەوەش دەکات ویستی ئەوەی هەیە سەردانى عێراق بکات و دەڵێت: ''حەز دەکەم شوێنى لەدایکبوونم ببینم، باوکم زۆر باسمان بۆ دەکات، کە چ شتێکى شارەکەمان خۆشە، تەنانەت لە تۆڕەکانى ئینتەرنێت سەیر دەکەم.''
شیلان شەمال مستەفا کە لە ساڵی 2005ـەوە لە فەرەنسا دەژیت لەبارەی قسە نەکردن بە زمانی کوردی، دەڵێت: ''حەزم دەکرد فێری زمانی کوردى ببم، لەبەر ئەوەى پێمدەڵێن کە چۆن کوردى نازانیت و ناوت شیلانە، بەپێچەوانەوە حەز دەکەم فێر بم لە گەورەییشدا بێت، تەنانەت باکوورم نەبینیوە."
بڕیارە یارییەکانی پاریس 2024 ئەمڕۆ 26ـی تەممووز بە رێورەسمێکی نایاب دەستپێبکەن، کە لە کەنارەکانی رووباری سێن کاژێر 20:30 بە کاتی باشووری کوردستان و بۆ ماوەی چوار کاژێر بەردەوام دەبێت.
بەگوێرەی ئەوەی لیژنەی رێکخستنی یارییەکانی ئۆڵۆمپیاد، لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا رایگەیاندووە، پێشبڕکێکانی ئۆڵۆمپیاد تاوەکو 11ـی ئاب بەردەوام دەبن.
لە ئۆڵۆمپیادی هاوینەی 2024ـدا لە 32 پێشبڕکێی وەرزشی ئۆڵۆمپیاددا رکابەری لەسەر 584 میدالیا زێڕ، زیو و برۆنز دەکرێت، و 10 هەزار و 500 وەرزشوان، لە 206 لیژنەی ئۆڵۆمپیی نیشتمانی بەشداری تێدا دەکەن.
دەقی قسەکانی شیلان شەمال مستەفا بۆ رووداو:
رووداو: زۆر سوپاس بۆ پێشوازیکردنتان لە ئێمە لە فڵۆغی.
شیلان شەمال: سوپاس بۆ ئێوە و بۆ گرینگیپێدانتان، کە رێگەتان بڕیوە و هاتوون بۆ ئەوەى ئەم چاوپێکەوتنەم لەگەڵدا بکەن.
رووداو: سەرەتا دەمەوێت بزانم چەندە مەشخەڵی ئۆڵۆمپیادی ساڵی 2024ـت هەڵگرت؟
شیلان شەماڵ: ماوەکە 200 مەترە، نزیکەى پێنج خولەکە، لە شارێک نزیکە لە شارەکەم، نازانم بەنزیکەیی چەند کیلۆمەترە، بەڵام شارێکى هاوسنوورە بە ناوى ڤیل پەریزۆ.
رووداو: تۆ مەشخەڵت لە کەسێک وەرگرت و بە کەسێکی دیکەت دا؟
شیلان شەماڵ: بەڵێ، پێشتر بەر لەوەى بڕۆین بۆ ئەوە، رایانهێناین کە هەر کەس ئاگرەکە لە مەشخەڵەکە بەرەدات و بیداتە دەست کەسێکى دیکە و ئەوەى کە لێى وەردەگرێت ئاگر دەنێت بە مەشخەڵەکەوە و بە دوو رووکار روو لە خەڵک دەکات و سڵاویان لێدەکات و دواتر بەهەمانشێوە ئاگر دەنێین بە مەشخەڵى کەسێکى دیکەوە، ئەویش بەو شێوەیە دەکات و سڵاو لە خەڵک دەکات. بەوشێوەیە مەشخەڵەکە رادەست دەکرێت .
رووداو: ئەو کەسەت ناسی کە مەشخەڵت لێی وەرگرت؟
شیلان شەماڵ: هەموومان ژمارەمان پێوەیە، ئەو کەسەى کە مەشخەڵەکەم لێوەرگرت کەسێکى گرنگى وەرزشى بوو.
رووداو: فەرەنسی بوو؟
شیلان شەماڵ: بەڵێ فەرەنسى بوو، مەشخەڵەکەم لێوەرگرت، دواتر منیش مەشخەڵەکەم رادەستى کەسێکى دیکەى فەرەنسى کرد، کە خەڵکى باشوورى فەرەنسا بوو، بەم شێوەیە گواسترایەوە لەئێمەوە بۆ کەسێکى دیکە، ناوەکانت دەوێت؟
رووداو: ئەو کەسە وەرزشوان بوو؟
شیلان شەماڵ: بەشێوەیەکى گشتى وەرزشوان بوون، زۆینەى گرووپەکە مێژوویەکى دوورودرێژى وەرزشییان هەیە، پەیوەندیى بەهێزیان لەگەڵ وەرزشدا هەیە.
رووداو: پرسیار ئەوەیە کەسەکە وەرزشوانە یان پەیوەندیی بە وەرزشەوە هەیە؟
شیلان شەماڵ: وەرزشییە و پەیوەندى بە وەرزشیشەوە هەیە، یان کاراتێ بووە یان جۆدۆ، وابزانم کاراتێ بووە، هێشتا بچووکە و رەنگە لەداهاتوودا بەشدارى پاڵەوانێتییەکانى جیهان بکات.
رووداو: ئەو پێوەرانە چین بۆ هەڵبژاردنی کەسێک بۆ هەڵگرتنی مەشخەڵەکە؟
شیلان شەماڵ: ئەوەى کە بۆم ئاشکرابوو بە دەربڕینێکى دروست ئەوەیە ئەو کەسانە هەڵدەبژێردێت کە رۆڵیان لە کۆمەڵگە هەیە، وزەى ئەرێنى و رۆڵى ئەرێنییان لە کۆمەڵگەدا هەیە، بەرپرسانى شارەوانیى شارەکەم منیان بەربژێر کرد، پرسیاریان لێکردم کە ئەگەر پێت باشە وەک کچێک ببیتە نوێنەرى شارەکە و خۆت بەربژێر بکەی، گوتم باشە، دوای وەرگرتنی رەزامەندیى من، پەیوەندییان بە کەمپەینى پاڵپشتیکارەوە کرد، ئەوانیش پەیوەندییان پێوەکردم بۆ ئەوەى دڵنیاببنەوە و گوتیان باشە، ماڵپەرى تایبەتى خۆیان بۆ ناردم، بۆ ئەوەى خۆم تۆمار بکەم، چیرۆکى خۆمم نووسی، کورتەیەک لە بارەى خۆمەوە.
رووداو: واتا ژیاننامەی کورتی تۆ؟
شیلان شەماڵ: زانیارى لەبارەى خۆمەوە، کە بۆچى ناوم تۆمار دەکەم و حەزم لە چییە و من کێم، دواتر هەندێک زانیاریم لەبارەى خۆمەوە نووسى، لەدواى مانگێک بۆ دوو مانگ رەزامەندیم بۆ هاتەوە.
رووداو: ئەو خاڵانە چی بوون کە لەو ژیاننامە کورتەدا باست کردوون؟
شیلان شەماڵ: باسم لەوە کرد کە کچێکى سادەم، کە منداڵ بووم لە عێراق ژیاوم و لەوێ وەرزشم کردووە، حەزم لە یارى باسکە و بالە بووە، کە منداڵ بووم ئەو وەرزشانەم دەکرد، لە تیمى قوتابخانە یاریم دەکرد و بەشداریم لە خولەکاندا دەکرد، کاتێک هاتم بۆ ئێرە بۆ فەرەنسا سەرقاڵ بووم بە خوێندن و زمان و کار، ژیانم سنوورداربوو لە نێوان ماڵەوە و کارکردندا، ژیانێکى ئاسایی بەبێ هیچ چالاکییەک، بە رێککەوت لە رێگەى هاورێکانمەوە، یاریى تایکواندۆم بەدى کرد.
رووداو: چۆن بوو دەستت بەو وەرزشە کرد؟
شیلان شەماڵ: دەستمپێکرد لەبەر ئەوەى نوێ بوو بۆ من، رایکێشام بۆ خۆى، لەبەر ئەوەى نەرمى و کاردانەوەى تێدایە، من زۆر لە کاردانەوە بەهێز نیم، تێبینى ئەوەم کرد هەموومان پێویستمان بە کاردانەوە و خۆپاراستن هەیە، لە دژى تووندوتیژى لەسەر شەقام، ئەمە شتێکى زۆر گرنگ بوو، ئەوەى کە خۆش بوو ئەوەبوو پێویستى بە زیرەکی و تواناى جەستەیی هەیە، دەتوانیت بەبێ جەستەیەکى وەرزشی و خاوەن ماسوولکەى بەهێز لە تایکواندۆدا بەرامبەرەکەت ببەزێنیت، لە رێگەى تەکنیک و زیرەکى مێشک، ئەمە هانى دام، بۆ نا؟ بیرۆکەیەکى جوانە وزە دەداتە گەنج، ئەوەى لە هەمووى گرنگترە ئەوەیە لێرە لە شارەکەمان پاڵپشتیت دەکەن و گەنجان لە شتە نەرێنییەکان دووردەخەنەوە، لەوانە مادەى هۆشبەر، خواردنەوە، بەفیڕۆدانى کات لەسەر شەقام، حکومەتى فەرەنساش جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، کە جگە لەو کاتەى لە قوتابخانە بەسەرى دەبەن، ئەوەى دەمێنێتەوە لە هۆڵەکانى وەرزشى بەسەرى بەرن و وزەکانیان دەربخەن، وزە ئەرێنییەکانیان دەربخەن، کە سوودى بۆ خۆیان و کۆمەڵگە هەبێت.
رووداو: تۆ سەرۆکی یەکێک لە یانەکانی؟
شیلان شەماڵ: من سەرۆکى یانەى تایکواندۆم لەم شارە
رووداو: ئەمە پیشەی سەرەکیی تۆیە؟
شیلان شەماڵ: من لە بنەڕەتدا دەرچووى دیزاینى پیشەسازیم.
رووداو: واتا دیزاینی پیشەسازی؟
شیلان شەماڵ: بەڵێ زانستى ئەندازیارى بەشی دیزاینى پیشەسازى و بەڕێوەبەرى کارگێڕى کارم.
رووداو: پیشەکەشت دەکەیت لەگەڵ وەرزش؟
شیلان شەماڵ: بەڵێ ئەوەیە ، نازام چۆن پێت بڵێم.
رووداو: ئارەزووە؟
شیلان شەماڵ: بەڵێ ئەوەیە کە شتێکە خۆمى تێدا ببینمەوە ، من لەو کەسانە بووم کە کەم دەچوومە دەرەوە و تێکەڵ بە خەڵک دەبووم، بۆیە ئەوە هەنگاوێک بوو بۆ ئەوەى کە ژیانم بگۆڕم، سوودم بۆ خەڵک هەبێت و ئەرێنى بم، من هەمیشە بیرۆکەم هەیە و هەر شتێک ببینم دەمەوێت بە ئاراستەى وزەى ئەرێنى بیبەم، نامەوێت بە نەرێنى بمێنمەوە، دەمەوێت پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندن بکەم، ئەمە هانى دام لە چوارچێوەیە دەربچم، کە تێیدا بووم لە رێگەى ئەو وزە و هێزەى کە هەمە، گوتم بۆ نا، شارەوانى زۆر هاوکارم بوون و یەکەم پاڵپشتیکارم بوون، لە گۆڤارەکان باسیانکرد و روونیان کردەوە تاوەکو وای لێهات خەڵک زیاتر ناسییانم، هەروەها خۆشەویستى خەڵکیش هانى دام، لەبەر ئەوەى من ئەوەم نەدەزانى و تازە بوو بۆ من، خۆشە کە تۆ سوودت بۆ چەند نەوەیەک هەبێت، جگە لەوەى خەونیشمان هەیە بۆ ئەوەى بگەین بە ناوبانگى جیهانى ئەمە زۆر دوور نییە.
رووداو: لە کەیەوە هاتوون بۆ فەرەنسا؟
شیلان شەماڵ: لە 2005ـەوە هاتین، من تەمەنم لەنێوان 14 بۆ 15 ساڵ بوو.
رووداو: تۆ بە عەرەبی قسە دەکەیت و باوکت خەڵکی کۆیەی هەرێمی کوردستانە، ئەم بابەتە چۆنە؟
شیلان شەماڵ: وەک ئەوەى دەزانن کەسمان ناتوانین ئەو شوێنە دیاری بکەین کە لێى لەدایک دەبین، باوکم کوردە، بەڵام لە دایکبووى بەغدایە، باپیریشم لەدایکبووى بەغدا بووە، ئەمە رۆڵێکى گەورەى هەبوو، دایکم خەڵکى دیالە بوو، منیش لە دیالە لە دایکبووم، تاوەکو 13 ساڵان لە دیالە ژیام ئەوە ماوەیەکى زۆر نییە، منداڵیم لە نێوان پارێزگاى جیاواز بووە، لە سلێمانى ژیاوم، بەڵام زۆر منداڵ بووم و هیچم بیر نایەتەوە، دواتر لە عێراق چوومە دەرەوە، زمانى عەرەبی ئەو زمانەیە کە من دەیزانم.
رووداو: زمانی دایکیشتە؟
شیلان شەماڵ: بەڵێ زمانى دایکمە، بۆ ئەم زمانە لەگەڵمدا مایەوە، بۆ کوردى بە راستى دەمخواست فێرى ببم، لەبەر ئەوەى پێمدەڵێن کە چۆن کوردى نازانیت و ناوت شیلانە، بەپێچەوانەوە حەز دەکەم فێر بم لە گەورەییشدا بێت، تەنانەت باکوورم نەبینیوە.
رووداو: هیچ سەردانی کوردستانت نەکردووە؟
شیلان شەماڵ: لەبەر ئەم هۆکارە و چەندین هۆکارێکى دیکە ئێستا ناتوانم جگە لە عەرەبی قسە بکەم.
رووداو: هەوڵ بدە پەیوەندی لەگەڵ یانەیەکی کوردستانی دروست بکە و دواتر دەتوانیت سەردانیش بکەیت؟
شیلان شەماڵ: بە ویستى خوا، من ئەو حەزەم هەیە کە سەردانى عێراق و باکوور بکەم، شوێنى لەدایکبوونم ببینم، باوکم زۆر بۆمان باس دەکات، کە چ شتێکى شارەکەمان خۆشە، تەنانەت لە تۆڕەکانى ئینتەرنێت سەیر دەکەم سرووستى شارەکە چۆنە، باوکم باسی رۆشنبیرەکانى دەکات، باوکم هەمیشە زانیارییمان دەداتێ، باوکم خوێنەرە و هەمیشە بۆمان شی دەکاتەوە.
رووداو: دوای هەڵگرتنی مەشخەڵەکە چی بە ئێوە درا؟ ئەمە خەڵاتە یان دیاری؟
شیلان شەماڵ: ئەمە دیارییە کە پێیانداین، وەک بڕوانامەشە، ئەمە بەشێکە لە مەشخەڵى ئۆڵۆمپى، ئەم بازنەیە بەشێکە لە مەشخەڵى ئۆڵۆمپى، بەراستى کەمتەرخەم نەبوون لەگەڵم و پاڵپشتییەکی مەعنەوى زۆریان کردم، بەردەوام لە پەیوەندیدا بوون لەگەڵم، تەنانەت کەسوکارم رۆژى مەشخەڵەکە نەیانتوانى پێم بگەن، بەڵام ئەوان پێمگەیشتن و وێنەیان لەگەڵدا گرتم ، ئەمە جوانە و وزەیان پێدام بەتایبەت کە چەندین ساڵە لە عێراق دوورم و ئەمە چەندین شتى لە ناخمدا بەهێز کرد، راستە من عێراقیم و ئەمە وای لێکردم زیاتر شانازى بەوە بکەم کە عێراقییەکی بە رەچەڵەک کوردم، شانازى بەوە دەکەم. ئەوە زۆرخۆش بوو وەک عێراقییەک و وەک کوردێک ناوى خۆم لە رووداوێکى ئاوها مێژوویی تۆمار کرد.
رووداو: سەرکەوتوو بیت.
شیلان شەمال: سوپاست دەکەم.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ