رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پەرلەمانی بەریتانیا بەبۆنەی نەورۆز پێشوازیی لە ژمارەیەک بەرپرسی سەرۆکایەتی و حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەروەها دیاسپۆرای هەر چوار پارچەی کوردستان کرد.
سێر لیندزەی هۆیڵ، سەرۆکی پەرلەمانی بەریتانیا لە شوێنی حەوانەوەی خۆی لەنێو باڵەخانەی پەرلەمانی بەریتانیا، بۆنەکەی رێکخستبوو.
خەسرۆ ئاژگەیی، بەڕێوەبەری کاروباری سیاسی و میدیا لە نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا لەرێگەی پێگەی خۆیەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک ئەمشەو (چوارشەممە، 26-3-2025) رایگەیاند، ئەمە "بۆنەیەکی گرنگە و بووەتە نەریتێکی ساڵانە، کە لە شوێنی حەوانەوەی فەرمیی سەرۆکی پەرلەمانی بەریتانیا بەڕێوەدەچێت."
فەلاح مستەفا، یاریدەدەری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری دەرەوە، شیفا بارزانی، سەرپەرشتیاری گشتیی کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی و کاروان جەمال تاهیر، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا، لەگەڵ ژمارەیەكی زۆر لە لۆرد، پەرلەمانتار و کاربەدەستانی حکومەت و دیاسپۆرای هەر چوار پارچەی کوردستان، بەشدارییان کرد.
خەسرۆ ئاژگەیی دەشڵێ "بە خۆشحاڵییەوە، کورد گەلێك قۆناخی گرنگی لە بەریتانیا بڕیوە و دۆزی کورد پاڵپشتیکاری زۆری هەیە لەو وڵاتەدا."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ