رووداو - مەکسیک
لە بەرەبەیانی رۆژی هەینییەوە زریانێکی بەهێز ناوچەکانی رۆژئاوای مەکسیکی گرتووەتەوە و مەترسی بۆسەر خەڵکی ئەو ناوچانە دروستکردووە، کەشناسی مەکسیک زریانی پاتریشای بە بەهێزترین زریان تۆمارکردووە، بەم هۆیەوە هەزاران کەس لە ناوچەکانی رۆژئاوای مەکسیک ماڵوحاڵی خۆیان جێهێشتووە.
بەهۆی زریانی پاتریشیاوە کاولکاریەکی زۆر لە ناوچەکانی رۆژئاوای مەکسیک روویداوە، کە ناوچەیەکی گەشتیارییە، زیاتر لە ١٥ هەزار گەشتیار لەو ناوچانە رزگارکراون.
ئێنریکپینان نیتۆ، سەرۆکی وڵاتی مەکسیک، رۆژی ٢٤ی تشرینی یەکەم سەردانی ئەو ناوچانەی کرد، کە بەهۆی زریانی پاتریشیاوە زەرەرمەند بوون و رایگەیاند، لەوانەیە ئەم زریانە زۆر بەهێزتر ببێت و ناوچەیەکی بەرفراوانتر بگرێتەوە، بۆیە دەبێت هەمووان ئاگاداربن و ماڵ و شوێنی خۆیان چۆڵ بکەن، چونکە ئێستا زریانی پاتریشیا بەرە و ناوچەکانی باکوور و باکووری رۆژهەڵاتی وڵات هەڵدەکات.
چاوەڕواندەکرا لە کۆتایی رۆژی شەممەدا زریانەکە بە تەواوی هێواش ببێتەوە و چیدی مەترسی نەبێت بۆسەر خەڵکی ئەو وڵاتە، بەڵام بەم شێوەیە نەبووە و زریانەکە بەردەوام لە بەهێزبووندایە و خێراییەکەی ١٢٠ میلە لە کاژێرێکدا، بەهۆی کاریگەری ئەم زریانەشەوە بەشێکی زۆری زەوی چەند ناوچەیەکی ئەم وڵاتە رۆچوونە.
کەشناسی مەکسیک ئاماژەی بەوە کردووە ئەگەر زریانەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت ئەوە قوربانی لێدەکەوێتەوە و زیانەکانی زریانەکە زۆر زیاتر دەبن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ