رووداو دیجیتاڵ
ترس باڵی بەسەر کۆچبەرانی نێو کەشتیی بیبی ستۆکهۆڵم لە کەناراوەکانی پۆرتلاند داگرتووە، کە کۆکراونەتەوە بۆئەوەی بنێردرێن بۆ رواندا.
لە یەکەم کاروانی ناردنی کۆچبەران بۆ رواندا، نزیکەی 500 کەس لەنێو کەشتییەکی سێ نهۆمی چاوەڕوانی یەکلابوونەوەی مامەڵەی داوای پەناخوازی بوون، هەر کامیان "نەخێر"ی بۆ بهاتبایەتەوە، ژوورێکی چوار تەختی لە رواندا چاوەڕوانی دەکرد.
مارتین، کۆچبەری ئەفریقای باشوور دەڵێت، "ئەگەر بمویستبا بڕۆمە رواندا، خۆم دەڕۆیشتم. من ئێرەم هەڵبژارد. ئێستا دەتەوێت بمنێریت بۆ رواندا. بۆچی؟"
بەریتانیا کۆچبەرانی لەسەر کەشتیی ستۆکهۆڵم کۆکردووەتەوە؛ چونکە باوەڕی وایە خەرجیی مانەوەی کۆچبەران لە هۆتێل و خانووەکان زۆرە.
دوای پێنج مانگ لە مشتومڕ، رۆژی دووشەممە پەرلەمانی بەریتانیا بە زۆرینەی دەنگ پڕۆژەیاسای ناردنی کۆچبەرانی بۆ رواندا پەسند کرد، بەڵام ئەنجوومەنی لۆردەکان کە دوا قۆناخی پەسندکردنی پڕۆژەکەیە، ناردیەوە پەرلەمان بۆئەوەی گۆڕانکاریی تێدا بکرێت.
لۆردەکان داوا دەکەن دەستەیەکی سەربەخۆ چاودێریی سەلامەتیی کۆچبەران بکات و پارێزبەندیش بۆ ئەو ئەفغانانە هەبێت هاوکاریی سوپای بەریتانیایان کردووە.
جاکسن، کۆچبەری ئەفریقی دەڵێت، "باشتر وایە بمکوژن نەوەک بمنێرنە رواندا. بە مردوویی بمبەن."
ئەگەر هاتوو ئەمجارە ئەنجوومەنی لۆردەکان پڕۆژە یاساکەیان پەسند کرد، لە ماوەی 10 بۆ 12 هەفتە دەستدەکرێت بە ناردنی ئەو کۆچبەرانە.
بەگوێرەی پارتی کاری بەریتانیا، نیو ملیار دۆلار بۆ ئەم پڕۆژەیاسایە خەرجکراوە کە تەنیا 1%ی پەناخوازان دەگرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ