ئەگەری هەیە لە نۆ مانگدا تیکتۆک لە ئەمریکا قەدەخەبکرێت

24-04-2024
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کۆنگرێسی ئەمریکا پڕۆژەیاسایەکی پەسندکرد، کە دەکرێت ببێتە هۆی قەدەخەکردنی تیکتۆک.
 
بەگوێرەی پڕۆژەیاساکە، کۆنگرێسی ئەمریکا تەنیا نۆ مانگ بە کۆمپانیای بایتدانسی چینی دەدات کە خاوەنی تۆڕی کۆمەڵایەتیی تیکتۆکە، تاوەکو پشکەکانی لە تیکتۆک بفرۆشێت، ئەگەرنا لە ئەمریکادا ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییە قەدەخە دەکرێت.
 
ئەم پڕۆژەیاسایە لەچوارچێوەی پاکێجێکی 95 ملیار دۆلار هاوکاری بۆ ئۆکراینا، ئیسرائیل و تایوان تێپەڕێندرا، لە چەند کاژێری داهاتوو دەخرێتە بەردەم جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بۆ واژۆکردنی.
 
تیکتۆک ناڕەزایی گەورەی لەنێو ئەندامانی کۆنگرێس و بەرپرسانی ئەمنی لە ئەمریکا لێکەوتووەتەوە، نەک تەنیا لەبەر ئەوەی رۆژانە لە رێگەی بڵاوکردنەوە ڤیدیۆی سەرنجڕاکێش ئاوێتەی هزر و بیری ملیۆنان ئەمریکی دەبێت.
 
ئەمریکا دەڵێت، تیکتۆک پلاتفۆڕمێکە لەلایەن چینەوە بۆ سیخوڕیکردن و بردنی زانیاریی تاکە کەسی بەکاردەهێندرێت.
 
تیکتۆک ئەمەی رەتکردووەتەوە و نیگەرانیی دەربڕی گوایە ئەمریکا ئاپێک قەدەخە دەکات کە دەبێتە هۆی قەدەخەکردنی ئازادیی رادەربڕین بەسەر 170 ملیۆن ئەمریکی.
 
بەگوتەی کۆمپانیا چینییەکە، قەدەخەکردنی تیکتۆک دەبێتە هۆی لەناوبردنی 7 ملیۆن بازرگانی لەگەڵ 24 ملیار دۆلار کە "ساڵانە خزمەت بە ئابووریی ئەمریکا دەکات."
 
بەڵام سیناتۆر مارک وارنەر، سیناتۆری ڤێرجینیای سەربە دیموکراتەکان بە میدیای وڵاتەکەی گوت: "بیرۆکەی ئەوەی ئامرازێکی پروپاگەندە بدەینە دەست پارتی کۆمۆنیست بەهۆیەوە زانیاریی 170 ملیۆن ئەمریکی بەدەستبێنێت، سەرکێشیێکی ئەمنییە."
 
بەگوێرەی پڕۆژەیاساکە، ئەمریکا 9 مانگ دەدات بە تیکتۆک یان پلاتفۆڕمەکە بفرۆشێت یاخود قەدەخە دەکرێت، ئەگەری هەیە سێ مانگیشی بۆ درێژبکرێتەوە.
 
کۆتایی 9 مانگەکە دەکەوێتە نێوەڕاست یاخود کۆتایی کانوونی دووەمی 2025، کە ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ دەستبەکاربوونی سەرۆکێکی نوێ بۆ ئەمریکا کە ئەگەر دۆناڵد ترەمپ هەڵبژێردرێت، ئەگەری هەیە هەلومەرجەکان بۆ تیکتۆک توندوتۆڵتریش بن بەو پێیەی بەربژێرە تەمەن 77 ساڵییەکەی کۆمارییەکان هەڵوێستێکی تووندتری هەیە بەرامبەر چین.
 
دیار نییە کێ تیکتۆک دەکڕێت، بەڵام کۆمپانیای مایکرۆسۆفت و ئۆراکل و چەند کۆمپانیایێکی دیکە خواستی خۆیان بۆ کڕینی پلاتفۆڕمەکە دەربڕیوە.
 
چاوەڕێ ناکرێت تیکتۆک بەو سیستمەی ئێستا هەیەتی کە هۆکاری سەرنجڕاکێشانی سەدان ملیۆن خەڵکە، پلاتفۆڕمەکە بفرۆشێت، بەڵام لەهەر فرۆشتنێکدا ئەگەری هەیە کۆمپانیا رکابەرەکانی ئەمریکی سوودمەند بن. 
 
لەنێویاندا کۆمپانیای مێتای مارک زوکەربەرگ کە چاوەڕوان دەکرێت لەکاتی فرۆشتنی تیکتۆک و گۆڕانکاریکردن لە ئەلگۆریتمەکەی، 60٪ی بەکارهێنەرانی رووبکەنە ئینستاگرام و فەیسبووک.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەکی ئەرشیڤیی ئەسما ئەسەد

ئەسما ئەسەد بەهۆی بەسەرچوونی پاسپۆرتەکەیەوە ناتوانێت بگەڕێتەوە بەریتانیا

میدیای بەریتانیا بڵاویکردەوە، بەهۆی بەسەرچوونی پاسپۆرتەکەیەوە هاوژینەکەی سەرۆکی پێشووی سووریا ناتوانێت بگەڕێتەوە ئەو وڵاتە. بەهۆی رۆڵیشی لە کارەکانی سەرۆک دا، بەرپرسانی بەریتانیا نایانەوێت کارئاسانی بۆ گەڕانەوەی بکەن و بگەڕێتەوە.