رووداو دیجیتاڵ
ئەمریکا داوا لە کۆریای باشوور دەکات، کورتهێنانی چیپی ئەمریکی لە بازاڕی چین بە چیپی کۆریای باشوور پڕ نەکاتەوە.
حکومەتی چین بیر لەوە دەکاتەوە چیپی "مایکرۆن" قەدەخە بکات، چیپەکە لە ویلایەتی ئایداهۆی ئەمریکی بەرهەم دەهێندرێت و بەشێك لە خواستی بازاڕی چین دابین دەکات؛ هەنگاوەکەی چین لە وەڵامی "سیاسەتە ئابوورییەکانی ئەمریکا" دژ بە چین و رێکارەکانی ئیدارەی بایدن بۆ رێگری لە دەستخستنی تەکنەلۆژیای نوێی تایبەت بە بەرهەمهێنانی چیپەکانە.
رۆژی دووشەممە 24-04-2023 کۆشکی سپیی ئەمریکا داوای لە کۆریای باشوور کرد بۆشایی کورتهێنانی چیپ لە بازاڕی چین بە چیپی کۆمپانیاکانی کۆریای باشوور پڕنەکاتەوە، ئەگەر پەکین بڕیاری دا چیپی "مایکرۆن" قەدەخە بکات.
چیپی مایکرۆن-ی ئەمریکی لەگەڵ هەردوو چیپی کۆریای باشوور "سامسۆنگ ئیلیکترۆنیکس" و " ئێس کەی هاینێکس" گەورە بەرهەمهێنەری چیپی جیهانن.
ساڵی رابردوو چیپی مایکرۆن لە چین و کۆریای باکوور زیاتر لە 7.7 ملیار دۆلار داهاتی هەبووە، کە دەکاتە 25%ی کۆی داهاتی ساڵانەی کە بە 30.8 ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت.
داواکەی کۆشکی سپی لە کاتێكدایە یوون سوک یۆل، سەرۆکی کۆریای باشوور بە سەردانێك گەیشتووەتە ئەمریکا و بڕیارە لەگەڵ جۆ بایدن کۆببێتەوە؛ پرسی چین، گەرووی تایوان، شەڕی ئۆکراینا و پرسە ئابوورییە جیاجیاکان بابەتی سەرەکی گفتوگۆی هەردوولادا دەبن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ