فڕۆکەیەکی رووسی بە 65 دیلی ئۆکراینییەوە کەوتە خوارەوە

24-01-2024
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
سکرینشۆت لە ڤیدیۆی ساتی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکە رووسییەکە.
سکرینشۆت لە ڤیدیۆی ساتی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکە رووسییەکە.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
فڕۆکەیەکی گواستنەوەی رووسی کە بەنیازبوو 65 دیل رادەستی ئۆکراینا بکاتەوە تێکشکا و سەرجەم دیلەکان گیانیان لەدەستدا.
 
فرۆکەی جۆری Ilyushin-76 کە فڕۆکەیەکی گواستنەوەی سەربازییە، لەگەڵ 65 دیلەکە و 9 کارمەندی تیمی فڕۆکەکەشی تێدابووە، هیچیان رزگاریان نەبووە.
 
فڕۆکەکە لە هەرێمی بیلۆگۆرۆد لە نزیک سنووری ئۆکراینا تێکشکاوە و دەنگۆ هەیە کە فڕۆکەکە لەلایەن ئۆکراینەوە خرابێتە خوارەوە.
 
ماڵپەڕی ئۆکراینسکا لەسەر زاری سوپاسالاری ئۆکراینا بڵاویکردووەتەوە، گوایە فڕۆکەکە مووشەکی بۆ سیستمی بەرگری ئاسمانی ئێس-300ی رووسی گواستووەتەوە و هیچ ئاماژەشی بەوە نەکرد دیلی هەڵگرتبێت.
 
ڤیاچیسلاب گلادکۆڤ، پارێزگاری هەرێمی بیلۆگۆرۆد دەڵێت، ئاگاداری رووداوەکەن، بەڵام هیچ زانیاری زیاتری نەخستەڕوو.
 
گرتەی ڤیدیۆیی کاتی کەوتنی فرۆکەکە لە تۆڕەکۆمەڵاتییەکان بڵاوبووەوە کاژێر 11ی بەیانی بە دووری 70 کیلۆمەتر لە نزیک گوندی یابلۆنۆڤۆ لە باکووری رۆژهەڵاتی بیلۆگۆرۆد دەکەوێتە خوارەوە.
 
ریا نۆڤۆستی، ئاژانسی سەربە حکومەتی رووسیا بڵاویکردووەتەوە کە گوایە "دیلی ئۆکراین" بۆ مەبەستی ئاڵوگۆڕیپێکردنیان دەگوازرانەوە هەرێمی بیلۆگۆرۆد، بەڵام ئەم زانیاریەش پشتڕاستنەکراوەتەوە.
 
دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی سەرۆکایەتی رووسیا رایگەیاند، کرێملین ئاگاداری تێكشانی فڕۆکەکەیە، بەڵام ئەویش زانیاری وردی لەسەر ئەم رووداوە نەخستەڕوو.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە