رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ هەڵبژاردنی بەرایی کۆمارییەکانی لە ویلایەتی نیو هامشایەر بردەوە و شکستی بە نیکی هەیلی، تاکە بەربژێری رکابەرەکەی هێنا و رێگەی خۆی خۆشترکرد بۆ بوون بە بەربژێری فەرمی کۆمارییەکان لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا.
ترەمپ 54٪ی دەنگەکانی بەدەستهێنا لە کاتێکدا نیکی هەیلی، باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان 44٪ی دەنگەکانی بەدەستهێنا.
ترەمپ لە شاری ناشووا لە دوای بردنەوە چووە سەر ستەیج و هێرشی توندی کردە سەر نیکی هەیلی. ترەمپ هەندێ وشەی گاڵتەجاڕی لە دژی هەیلی بەکارهێنا، خۆیشی دانی بەوەدانا کە گوتاری سەرکەوتن نابێت بەمشێوەیە بێت، بەڵام دڵخۆشی دەربڕی کە بەربژێرە رکابەرەکەی "شەوێکی ناخۆش" بەڕێدەکات.
بردنەوەی ترەمپ زەبرێکی گەورە بوو بەر نیکی هەیلی کەوت کە لە بانگەشەکانیدا هەمیشە دەڵێت، پارتی کۆماری لە دژی ترەمپ و لە دژی ئەو پشێوییەی کە هەیە، یەکدەخاتەوە.
هەیلی وەکو تاکە رکابەری دۆناڵد ترەمپ مایەوە دوای ئەوەی رۆن دیسانتیس، حاکمی فلۆریدا لە بانگەشەی هەڵبژاردن کشایەوە و پاڵپشتیشی بۆ ترەمپ دەربڕی.
لە ئەگەری چوونە دەرەوەی هەیلی لە کێبڕکێکە، ئیدی رێگەی ترەمپ بۆ بەدەستهێنانی رەزامەندی پارتی کۆماری لە کۆنگرەی نیشتمانی کۆمارییەکان ئاسانتر دەبێت، کە لە 15 تاوەکو 18ی تەمووزی ئەم ساڵ دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ