گالەری

24-11-2019
8 Photos
حەکیم داود


رووداو - مانچێستەر

زۆرینەی خەڵکی جیهان شاری مانچێستەری بەریتانیا بە ناوی یانەکانی مانچێستەر یونایتد و مانچێستەر سیتی دەناسنەوە، بەڵام لەڕووی مێژووییەوە مانچێستەر بە پیشەسازیی لۆکە بەنێوبانگە.
 
مۆزەخانەی رستن و چنینی مانچێستەر لە ناوەڕاستی شار یەکێک لەو شوێنانەی رۆژانە سەدان گەشتیار سەردانی دەکەن. ئەو شوێنە چیرۆکی لۆکە دەگێڕێتەوە کە چۆن شارەکەی کردووە بە سەنتەری شۆڕشی پیشەسازی لە کۆتایی سەدەی هەژدەیەم. هەر گەشتیارێک دەچێتە مۆزەخانە دەبینێت کە نووسراوە "مانچێستەر لەسەر لۆکە دروستکراوە".
 
بازرگانەکانی مانچێستەر ساڵانە لانیکەم یەک ملیار تۆن پەموویان لە شارەکانی بۆڵتن و پرێستۆنەوە هاوردەکردووە و لە مانچێستەر کراوەتە جلوبەرگ. هەر ئەوەش مانچێستەری کردەوە شارێکی پیشەسازی پێشکەوتوو.
 
هەزاران پیاو، ژن و منداڵ لە کارگە گەورەکانی لۆکەدا لە مانچێستەر کاریانکردووە. چیرۆکی تراژیدی زۆر لەبارەی نالەباری شوێنی کارکردنی کرێکارەکان دەگێڕدرینەوە، وەک پەڕینی دەست و پەنجەکانیان و خنکانیان بەهۆی نەبوونی هەوای پاک لە کارگەکاندا. 
 
ژمارەی کارگە و ئاشەکان لە ساڵی 1853 لە مانچێستەر گەیشتووەتە 108 دانە، بەڵام دواتر بەهۆی دەستپێکردنی پیشەسازییەکە لە شارەکانی دیکەش، ژمارەکە لە مانچێستەر کەمبووەتەوە.
 
لە ساڵی 1912 پیشەسازی دروستکردنی جلوبەرگ لە لۆکە گەیشتووەتە لووتکە کە ئەویش هەشت ملیار یارد جلوبەرگ بووە لە ماوەی ساڵێکدا. بەڵام جەنگی یەکەمی جیهانی زیانی گەورەی بە پیشەسازی لۆکە لە مانچێستەر گەیاند و بەشێک لە کارگەکان وێرانبوون.
 
لە ساڵانی 1950 بە دواوە جارێکی دیکە پیشەسازی لۆکە گەشەسەندنی بەخۆوە بینییەوە. هەزاران کرێکار لە لە هیندستان و وڵاتانی ئەو ناوچەیەوە گەیشتنە بەریتانیا بۆ کارکردن لە ئاشەکاندا.
 
بەڵام ئەو گەشەسەندنەش تەمەنی کورت بوو، بەهۆی ئەوەی لە ساڵی 1985 پیشەسازی رستن و چنین لە بەریتانیا لەدایکبوو، کە جێگەی جلوبەرگی لۆکەی گرتەوە.
 
تاوەکو سەرەتاکانی ساڵانی 1980 پیشەسازی لۆکە لە مانچێستەر و شارە بچووکەکانی دەوروبەری بەتەواوی بەرەو نەمان چوو، سەرەتای سەردەمێکی نوێ دەستیپێکرد کە کارگەکانی رستن و چنین بوون.