گالەری

8 کاژێر له‌مه‌وپێش
20 Photos
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
 
رووداو - AFP
 
لووتکەی بریکس (BRICS) لە شاری (کازان)ی رووسیا بە سەرپەرشتیی ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی ئەو وڵاتە بەڕێوەدەچێت. لە لووتکەکەدا چەندین وڵاتی زلهێز و گەورەی جیهان بەشدارن و چەندین پرسی گرنگ و هەنووکەیی تاوتوێ دەکرێن.
 
لووتکەکە رۆژی سێشەممە 22ی تشرینی یەکەمی 2024 دەستیپێکرد و بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت.
 
بریکس چییە؟
 
بریکس (BRICS) پێنج پیتی کورتکراوەی ناوی هەریەکە لە وڵاتانی بەرازیل، رووسیا، هیندستان، چین و ئەفریقای باشوورە.
 
ئەو گرووپە لە وڵاتان لە ساڵی 2006 یەکیانگرت و لە ساڵی 2009 یەکەم لووتکەیان بەست، ئەوکات ناوی لووتکەکە بریک (BRIC) بوو، چونکە تەنیا لە بەرازیل، رووسیا، هیندستان و چین پێکدەهات، بەڵام ساڵێک دواتر و لە ساڵی 2010 ئەفریقای باشووریش چووە نێو گرووپەکە و ناوی لووتکەکەش گۆڕا بۆ بریکس (BRICS).
 
ئامانج لەم هاوپەیمانێتییە تەحەدای قۆرخکاریی ئابووری و سیاسییە لەلایەن وڵاتانی رۆژئاواوە. ئەم ساڵ 16یەم جارە لووتکەکە بەڕێوەدەچێت.
 
ساڵی رابردوو (2023) لووتکەکە بانگهێشتی هەریەکە لە میسر، ئەسیوپیا، ئێران، سعودیە و ئیماراتی کرد، ئەوەش دوای ئەوەی ئەو وڵاتانە داواکارییان بۆ بوونە ئەندام تێیدا پێشکێش کرد؛ بەڵام سعودیە هێشتا بە فەرمی نەبووەتە ئەندام، ئەوانی دیکە بە فەرمی ئەندامن تێیدا.
 
هەروەها بانگهێشتێکیش لەلایەن لووتکەکەوە ئاراستەی ئەرجەنتین کراوە، بەڵام رەتیکردووەتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی خابیێر میلەی لە کانوونی یەکەمی رابردوودا بووە سەرۆکی وڵاتەکە، کە لە کەمپەینی هەڵبژاردنیشدا جەختی لەوە دەکردەوە کە لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوا دەمێنێتەوە.
 
کێ لە لووتکەی بریکس بەشدارە؟
 
ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردەی وڵاتانی زلهێز و گەورەی جیهان لە لووتکەکە بەشدارن. بەشێک لە سەرکردە دیارەکان بریتین لە ناریندرا مۆدی، سەرۆکوەزیرانی هیندستان؛ شی جینپینگ، سەرۆکی چین و سیریل رامافۆسا، سەرۆکی ئەفریقای باشوور.
 
هەروەها محەممەد بن زاید، سەرۆکی ئیمارات؛ مەسعود پزیشکیان، سەرۆکی ئێران؛ عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر و ئابی ئەحمەد، سەرۆکوەزیرانی ئەسیوپیاش بەشدارن.
 
هەریەکە لە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و فام مین چین، سەرۆکوەزیرانی ڤیێتنام و چەند وڵاتێکی دیکەش دەیانەوێت پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەندامانی بریکس قووڵتر بکەنەوە و بەشداریی لووتکەکەیان کردووە.
 
بەرازیل یەکێکە لە ئەندامە بنچینەیی و پێکهێنەرەکانی بریکس، بەڵام لویز ئیناسیۆ لولا دا سیلڤا-ی سەرۆکی وڵاتەکە بەهۆی ئەوەی لە رووداوێکدا لە 19ی ئۆکتۆبەر لە ماڵەکەیدا کەوتووە و سەری بریندار بووە، نەیتوانیوە بەشداریی لووتکەکە بکات و گەشتەکەی هەڵوەشاندووەتەوە؛ لەبری ئەوە سەرۆکی وڵاتەکە ماورۆ ڤیێرا، وەزیری دەرەوەی ناردووە بۆ بەشداری لە لووتکەکە.
 
ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانیش لە لووتکەکە بەشدارە و بڕیارە رۆژی پێنجشەممە 24ی تشرینی یەکەم لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا کۆببێتەوە.
 
رۆژی دووشەممە 21ی تشرینی یەکەم ئۆکراینا رەخنەی لە گوتێرێز گرت و رایگەیاند، کاتێک لە سویسرا لووتکەی پاڵپشتی لە ئاشتیی ئۆکراینا رێکخراوە و بانگهێشت کراوە، بانگهێشتەکەی رەتکردووەتەوە، بەڵام بانگهێشتەکەی کازانی "لە پووتینی تاوانباری جەنگ" قبووڵ کردووە، دەشڵێت، "ئەمە بژاردەیەکی هەڵەیە و پرسی ئاشتی بەرەو پێشەوە نابات. ئەوە تەنیا زیان بە ناوبانگی نەتەوە یەکگرتووەکان دەگەیێنێت."
 
مانگی ئازاری 2023 دادگای تاوانی نێودەوڵەتی (ICC) لە لاهای فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ڤلادیمیر پووتین دەرکرد، ئەوەش بە تۆمەتی ئەنجامدان تاوانی جەنگ.
 
کارنامەی لووتکەی بریکس چیی؟
 
تەوەری سەرەکیی لووتکەکە لەلای ئەندامانی سەرەکیی بریکس باسکردنی باڵادەستیی وڵاتانی رۆژئاوایە بەسەر کایەکانی جیهاندا، بەتایبەتی کایەی ئابووری.
 
ئەندامان و هاوبەشانی بریکس لە هەوڵی ئەوەدان کە پشتبەستنیان بە دۆلاری ئەمریکی و سیستمی SWIFT کەم بکەنەوە، کە ئەم سیستمە تۆڕێکی نێودەوڵەتییە بۆ گواستنەوەی دارایی، کە لە ساڵی 2022ەوە و دوای ئەوەی رووسیا هێرشی کردە سەر ئۆکراینا، بانکەکانی رووسیای لێ بێبەش کراوە.
 
ئێستا ئەندامانی بریکس کار لەسەر ئەوە دەکەن کە دراوی نیشتمانیی وڵاتەکانیان لە بازرگانییە دوولایەنەکانیان بەکاربهێنن، نەک دۆلاری ئەمریکی.
 
هاوکات سەرکردە بەشداربووەکانی لووتکەکە لە کازان کۆبوونەوەی لووتکە دەکەن و چەندین پرسی دیکەی ئەمنی و ئابووری تاوتوێ دەکەن.