كوردێك دەیەوێ‌ بە دڵێكی دەستكرد نۆبڵ بباتەوە

23-10-2016
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن نۆبڵ
A+ A-

رووداو – ستۆكهۆڵم

كوردێكی نیشتەجێی سوێد، وەك یەكێك لە باشترین پزیشكەكانی ئەو وڵاتە، بەربژێرێكی بەهێزی خەڵاتی نۆبڵی داهاتووە، ئەوە لەكاتێكدایە كە براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئەمساڵ بۆ ئەدەب، جوویەكی بە ڕەچەڵەك خەڵكی شاری قارسی باكووری كوردستان بوو.


هەرچەندە میدیاكانی توركیا وایان بڵاوكردەوە كە بۆب دیلەن، براوەی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئەدەب بۆ 2016 خەڵكی توركیا بووە. بەڵام رۆهات ئالۆكۆم، لێكۆڵەری مێژوویی كە بە رەچەڵەك خەڵكی ئەو ناوچەیەیە باوانی بۆب دیلەنی لێ بووە و ئێستا لە سوێد دەژی، دەڵێت "ماڵباتی دیلەن جوون و خەڵكی ناوچەیەكی كوردنشینی توركیا بوون. بنەماڵەكەیان پێش سەد ساڵ لەوێ نەماون و روویان لە ئەمریكا كردووە".

ئالۆكۆم بە (رادیۆی سوێد)ی گوت "بۆ من و هەموو كورد هەواڵێكی خۆش بوو. بۆب لە جووەكانی ناوچەی كوردستانە و دیلەنیش پاشناوێكی كوردییە. دیلەن خۆی دەڵێت خەڵكی شارۆچكەی كاغزمانە لە قارس".

 بەڵام بۆب خۆی پێشتر گوتوویەتی، پاشناوە هونەرییەكەی (دیلەن) لە شاعیری بەریتانی دیلەن تۆماس وەرگرتووە كە زۆر سەرسام بووە پێی.

بەپێی گوتەی ئالۆكۆم، ئەوان لە هەرێمی سەرحەد بوون كە هەرێمێكی هاوبەشی باكووری كوردستان و ئێران و ئەرمەنستانە. نەدا ئالپ، دانیشتووی ستۆكهۆڵم كە بەرەچەڵەك لە سەرحەدی باكووری كوردستان بووە و خۆیشی بە جوو دەزانێت، هەمان بۆچوونی هەیە و دەڵێت "دەبێت كورد لە هەر چوار پارچەی كوردستان شانازی بەوەوە بكات، جوویەكی ئەمریكی بە رەچەڵەك خەڵكی كوردستان، بووە براوەی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئەدەب".

دیلەن خۆی لەم بارەیەوە هیچی نەگوتووە، بەڵام ئالپ و چەند كوردێكی دیكە، بەرنامەی ئەوەیان هەیە لەكاتی هاتنی بۆب دیلەن لە مانگی دیسەمبەر بۆ وەرگرتنی خەڵاتەكەی، سەردانی بكەن و ئەو بابەتەی لەگەڵ باس بكەن.

دڵێكی كوردی بۆ نۆبڵ ئامادەیە

لە نێو بەربژێرانی خەڵاتەكانی نۆبڵی ئەمساڵ، تەنیا یەك بەربژێری كورد هەبوو، ئەویش كچە كوردی ئێزدی نادیە موراد بوو كە بەربژێر بوو بۆ خەڵاتی ئاشتیی نۆبڵ، بەڵام ئەو خەڵاتە درایە سەرۆك و گەلی كۆڵۆمبیا.

هەر لە ئێستاوە باسێكی گەرم هەیە كە بۆ ساڵی داهاتوو، پزیشكێكی كوردی دانیشتووی سوێد ببێتە بەربژێری خەڵاتی نۆبڵ.
نۆرمان ئیلیاسۆن پزیشك و لێكۆڵەری فسیۆلۆژی دەڵێت "پزیشكانی كورد لە باشترینەكانی وڵاتن و داهێنانەكانیان شایستەی خەڵاتی نۆبڵە".

د.ئازاد نەجار، پزیشك و داهێنەری كورد لە سوێد، یەكێكە لە كاندیدە بەهێزەكانی براوەی نۆبڵی ساڵی داهاتوو كە پرۆسەی وەرگرتن و پاڵاوتنە سەرەتاییەكان لە كۆتایی ئەمساڵ دەستپێدەكات. 

د.ئازاد نەجار خەڵكی باشووری كوردستانە و پسپۆڕی (urology) یە، ئامادە نەبوو لەسەر بردنەوە یان نەبردنەوەی خەڵاتەكە قسە بكات، تەنیا گوتی "هەر هیچ نەبێت، پڕۆژەكەم بەربژێرێكی زۆر بەهێز دەبێت".

پڕۆژەكەی د.ئازاد بریتییە لە دروستكردنی دڵێكی دەستكرد، لە ئەگەری سەركەوتنیدا، ژیانی دەیان هەزار كەس لە جیهان دەپارێزێ.

د.ئازاد چەند نهێنییەكی پرۆژەكەی بۆ (رووداو) ئاشكرا كرد و گوتی "لەسەر دەیان گیانلەبەر تاقیمانكردووەتەوە و سەركەوتوو بووە، تاوەكو ئێستا لە ژیاندان، پڕۆژەكەم بە سەركەوتوویی لە تەواوبووندایە و بەم نزیكانە كۆتایی دێت. ساڵی داهاتووش بۆ یەكەمجار دڵە دەستكردەكەم دەچێتە لەشی مرۆڤەوە".

د.ئازاد زیاتر لە 16 ساڵە كار لەو پرۆژەیەدا دەكات. وەك داهێنەرێكی سوێدی، دەوڵەت و دەیان كۆمپانیا پشتگیریی دەكەن. سەرچاوەیەكی ئاگادار لەو پرۆژەیە بە (رووداو)ی گوت "هەر لە ئێستاوە سەدان پشكی پرۆژەكە فرۆشراوە". 
 
نۆرمان ئیلیاسۆن دەڵێت "ئێوە وەك كورد، من وەك سوێدی و هەموومان وەك مرۆڤ، شانازی بە پرۆژەكەی د.ئازادەوە دەكەین". 

كوردی سوێد دەڵێن ئەوان شانازی بە نادیە موراد و داهێنەرانی وەكو د.ئازادەوە دەكەن.

 ئازاد حەمەئەمین، نووسەر و شاعیر لە ستۆكهۆڵم بە (رووداو)ی گوت "ئەوانە شانازین بۆ مرۆڤایەتی، بۆ ئێمەش وەكو كورد".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە