رووداو دیجیتاڵ
لەکاتێکدا رۆژ بە رۆژ ژمارەی دانیشتووانی زۆربەی وڵاتانی جیهان زیاددەکات، لە کووبای ئەمریکای ناوەڕاست ئەمە پێچەوانەیە و چاوەڕواندەکرێت تاوەکو 30 ساڵی دیکە، ژمارەی دانیشتووانی ئەو وڵاتە بەڕێژەی 18٪ کەمبکات.
بەگوێرەی سەنتەری دانیشتووان و گەشەپێدانی نووسینگەی ئاماری نیشتیمانی، ئێستا ژمارەی دانیشتوانی کووبا 11 ملیۆن کەسە، تاوەکو 2033 بۆ نزیکەی 10 ملیۆن کەمدەکات و لە 2050 دەبێتە 9 ملیۆن کەس.
ئێریک مۆتا، نووسەری کووبی نایەوێت منداڵی هەبێت، هەندێک لە هۆکارەکان دەخاتەڕوو، دەڵێ "قووتێکی دیکەیە، سەرکێشی پزیشکییە، مەترسی نەخۆشکەوتن و بێ خەوییە. گۆڕانکارییەکی گەورە لە پلانەکانی ژیانت روودەدات. هەر کەسێک لە کۆمەڵگەکەی ئێمە بیر لە منداڵی زیاتر بکاتەوە، ئاسوودە نابێت، تاوەکو بێ منداڵیشی لەو کۆمەڵگەیەدا نائاسودەییە. بۆیە کە بیری لێدەکەیتەوە، ناتەوێ منداڵت هەبێت یان دەڵێیت، دەمەوێت دوای کۆچکردن منداڵم هەبێت".
بەشێک لەو هۆیانە وادەکەن کەسێکی وەک ئانا رۆلۆ نەیەوێت ژمارەی منداڵەکانی بکاتە دووان، خراپیی گوزەرانە.
ئابووریی کووبا هێشتا ئاسەواری گەمارۆی ئەمریکای پێوەدیارە، کە لە ساڵی 1958 سەپێندران و لە سەردەمی باراک ئۆباما لە 2015ـدا هەڵگیران. بەگوێرەی بانکی جیهانی، 72٪ـی کوبییەکان لەژێر هێڵی هەژاریدان و رۆژانە بە دۆلارێک و 90 سەنت دەژین.
ئانا رۆلۆ، هاووڵاتیی کووبی دەڵێ "یەکەمجار ویستم لە تەمەنی 28 یاخود 29 ساڵیدا ببم بە دایک و ویستم دوو منداڵم هەبێت، بەڵام شتەکان گۆڕان، لە خانووی خۆم هاتمە دەرەوە و بۆ چەندین ساڵ بوومە کرێچی، لە کۆتاییدا توانیمان ببینە خاوەن خانووی خۆمان، بەڵام دوای ئەوەی کات تێپەڕی و پلانەکان گۆڕان. بۆیە ئێستا بیرکردنەوەم وایە؛ یەک منداڵ بەسە".
لە ساڵی 2022ـدا، لە کووبا تەنیا 95 هەزار و 403 منداڵ لەدایکبوون، ئەمەش نزمترین ئامارە لە 60 ساڵی رابردوودا. لە بەرامبەردا 120 هەزار و 98 مردن تۆمارکراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ