رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری دنیپرۆپیترۆڤسکی ئۆکراینا رایگەیاند، رووسیا بە درۆن هێرشیکردە سەر پاسێکی گواستنەوەی کرێکاران و بەهۆیەوە نۆ کەس کوژران.
رۆژی چوارشەممە، 23ـی نیسانی 2025، سێرگی لیساک، پارێزگاری دنیپرۆپیترۆڤسکی ئۆکراینا لە تەلەگرام بڵاویکردەوە، "هێرشەکەی دووژمن بووە هۆی کوژرانی نۆ کەس" لە شاری مارگانێتس. دەشڵێت، 30 کەسی دیکەش بریندار بوون.
بەرپرسانی هەریەک لە شارەکانی کیێڤ، خارکێڤ، پۆلتاڤا و ئۆدیساش رایانگەیاندووە، شەوی رابردوو رووسیا بە درۆن و مووشەک هێرشی کردووەتە سەر ناوچەکانیان.
بەرپرسانی رووسیاش دەڵێن، شەوی رابردوو سوپای ئۆکراینا تۆپبارانی چەند ناوچەیەکی هەرێمی بێلگۆرۆدی کرد و بەهۆیەوە کەسێک بریندار بوو.
ئەو هێرشانەی ئۆکراینا و رووسیا بۆ سەر یەکدی لەکاتێکدان بڕیارە ئەمڕۆ نێردەی ئەمریکا لەگەڵ بەرپرسانی بەریتانیا، ئۆکراینا و ژمارەیەک وڵاتی ئەورووپی لە لەندەن گەڕێکی دیکەی گفتوگۆکانیان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە بکەن.
جەنگی ئۆکراینا و رووسیا زیاتر لە سێ ساڵە بەردەوامە. لە کانوونی دووەمی ئەمساڵەوە ئیدارەی ترەمپ هەوڵەکانیان بۆ ئاگربەست و کۆتاییهێنان بە جەنگەکە چڕکردوونەتەوە بەڵام جگە لە دوو ئاگربەستی کورتی و ئامانجدار نەبوونەتە هۆی کۆتاییهێنان بە جەنگەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ