دوو لە هێرشکارانی دوێنێی کشمیر کوژران

23-04-2025
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

تەندروستیی هیندستان دوایین ئاماری رووداوی تەقەکردنەکەی دوێنێی لە کشمیر بڵاوکردەوە و رایگەیاند، 26 کەس کوژراون. هەروەها، سوپای هیندستانیش لە رووبەڕووبوونەوەیەکی جیادا کوشتنی دوو چەکداری راگەیاند. 

رۆژی سێشەممە، 22ـی نیسانی 2025، بەرپرسانی کشمیر رایانگەیاند، چەند چەکدارێک لە ناوچەی پاهالگام کە 90 کیلۆمەتر لە شاری سریناگار دوورە، تەقەیان لە ژمارەیەک گەشتیار کردووە. ئەمڕۆ، تەندروستیی هیندستان بڵاویکردەوە، لەو رووداوەدا 26 کەس کوژراون هەموویان پیاو بوون. هەروەها، کوژراوەکان 25یان خەڵکی هیندستان و ئەوەی دیکەش نیپاڵی بوو. 
 
سوپای هیندستان بڵاویکردەوە، لە رووبەڕووبوونەوەیەکدا لە ناوچەی بەرامولا کە کەمتر لە 100 کیلۆمەتر لە شوێنی هێرشەکەوە دوورە، رووبەڕووی ژمارەیەک چەکدار بوونەوە کە بەشدارییان لە هێرشەکەی دوێنێدا کردبوو. ئاماژەی بەوەش کرد، توانییان دوو "تیرۆریست" بکوژن. 
 
کشمیر لە ساڵی 1947وە لەنێوان هیندستان و پاکستانەوە دابەشکراوە. لەو کاتەوە کشمیرییەکانی هیندستان تێدەکۆشن بۆ جیابوونەوە لە هیندستان و یەکگرتنەوە لەگەڵ کشمیرییەکانی پاکستان. هیندستان نزیکەی 500 هەزار سەربازی بە هەمیشەیی لە کشمیر جێگیرکردووە. 
 
عومەر عەبدوڵڵا، سەرۆکوەزیرانی یەکێتیی خاکی جاموو و کشمیر لە رایگەیاند، "ئەم هێرشە لە هەموو ئەو شتانە گەورەترە کە ساڵانی رابردوو بەرامبەر بە خەڵکی سیڤیل کراوە."
 
نارێندرا مۆدی، سەرۆکوەزیرانی هیندستان رووداوەکەی بە "قێزەون" ناوبرد و بەڵێنیدا هێرشکارەکان بە سزای خۆیان بگەن. 
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس سۆشەڵ نووسی، "هەواڵێکی زۆر ناخۆشم لە کشمیرەوە بیست. ئەمریکا لەگەڵ هیندستان دژی تیرۆر دەوەستێتەوە."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە