راپۆرتێک: پووتین پلانێکی بۆ ئاگربەست لەگەڵ نێردەی تایبەتی ئەمریکا باسکردووە

23-04-2025
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

میدیای بەریتانیا نێوەڕۆکی دوایین کۆبوونەوەی سەرۆکی رووسیا و نێردەی تایبەتی ئەمریکای بڵاوکردەوە. لەو کۆبوونەوەیەدا سەرۆکی رووسیا گوتویەتی، بە چەند مەرجێک ئامادەن پێشڕەویەکانیان لە چوار هەرێمەکەی ئۆکراینا رابگرن.
 
رۆژنامەی فاینانشاڵ تایمزی بەریتانی بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەی 12ی ئەم مانگەی نێوان ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکادا گفتوگۆ لەسەر پێشنیازێکی سەرۆکی رووسیا بۆ ئەو مەبەستە کراوە.
 
لە پێشنیازەکەیدا، پووتین ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ وەستان لە پێشڕەوی لە ناوچەکانی دۆنێتسک، لوهانسک، جێرسۆن و زاپۆریژیا کە بەشێکی کۆنترۆڵکردوون دەربڕیووە، ئەمە جگە لە هێشتنەوەی هێزەکانی لەو ناوچانەی کە ئێستا لەژێر کۆنترۆڵیاندان.
 
لە بەرامبەر کشانەوەیاندا سەرۆکی رووسیا داوای کردووە، ئەمریکا مەرج و داواکارییەکانیان جێبەجێ بکات، کە داننانە بە سەربەخۆیی نیمچە دوورگەی کریمیا و رێگری لە بەئەندامبوونی ئۆکراینایە لە ناتۆ.
 
ئۆکراینا و ژمارەیەک وڵاتی ئەورووپی چەند جارێک داوایان کردووە، پێویستە ئاگربەستێک بکرێت و رووسیا بگەڕێتەوە بۆ سنوورەکانی پێش ساڵی 2014. داواکارییەک کە پێت هێگسەس، وەزیری بەرگریی ئەمریکا بە "ناواقعی"ی دانا.
 
رۆژی 18ی ئەم مانگە، لە کۆشکی سپی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، ئەوان وادەیەکی دیاریکراویان بۆ رێککەوتن دانەناوە، بەڵام دەیانەوێت "خێرا" رێککەوتنەکە بکرێت.
 
ئەم قسانەی ترەمپ دوای ئەوە دێن کە مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ هاوپەیمانە ئەورووپییەکانی رایگەیاند، ئەگەر مۆسکۆ و کیێڤ لەسەر وەستاندنی جەنگی نێوانیان رێکنەکەون، ئەوا واشنتن دەستبەرداری دانوستاندنەکان دەبێت.
 
رۆژنامەڤانان پرسیاریان لە ترەمپ کرد کە ئایا وەک روبیۆ دەڵێت، دەکشێنەوە، لە وەڵامدا گوتی، "بەڵێ، لە ماوەیەکی زۆر کورتدا. دیارینەکراوە لە چەند رۆژدا، بەڵام دەمانەوێت زوو تەواوی بکەین."
 
سەرۆکی ئەمریکا رەتیکردەوە هۆکاری جەنگەکە بخاتە ئەستۆی ڤیلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا یان ڤۆلۆدمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا، بەڵام جەختیکردەوە کە دەیەوێت هەردوولا هەنگاوی زیاتر بەرەو پێش بنێن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە