رووداو دیجیتاڵ
چوونی پەنابەرانی ئۆکراینی بۆ شارەکانی پۆڵەندا و وڵاتانی ئەوروپا بەردەوامە. 23 کامپی کاتی لەسەر سنوورەکانی نێوان پۆڵەندا و ئۆکراینا بۆ ئاوارەکان ئامادەکراون.
ماریا و هاوڕێكەی لە كۆنستانتینۆفكای ئۆكرایناوە ئاوارەی پۆڵەندا بوون. لە قۆناخی یەكەم تەنیا ماریا توانیویەتی دەربازی ببێت. ئێستا لە كەمپێكی كاتیی شاری ژێشوف لە باشووری پۆڵەندا چاوەڕێی كەسوكاریانن و رۆژانە سەیری هەواڵەكانی ئۆكراینا دەكەن. باوكی ماریا نەخۆشە، بۆیە زۆر هیوای بە هاتنی باوكی نییە.
ماریا چیماشێنكۆ، ئاوارەی ئۆكراینی بە رووداوی گوت، "ئاوارەكان زۆر ترساون. ئەوانەی كە لێرە دەیانبینی هەموو نائۆمێدن. هیچیان نازانن دەبێ چی بكەن، بەرەو كوێ بڕۆن. تەنانەت نازانن كەسوكاریان كە بەجێماون دۆخیان چۆنە. بەڕاستی ئێمە نازانین چیمان بەسەر دێت."
داشا خەڵكی شاری كراماتۆرسكی ئۆكراینایە، لە خاڵی سنووریی مێدیكا لە پۆڵەندا دایك و باوكی لێ ونبووە. خۆی و خوشكە تەمەن چوار ساڵانەكەی ئێستا لە كەمپێکی كاتیین و هەموو رۆژ سۆراخی كەسوكاریان دەكەن.
داشا سێلیكیەف باس لەوە دەکات، "دۆخی كراماتۆرسك زۆر خراپە. بەردەوام بۆمبباران دەكرێت. فڕۆكە جەنگییەكانیش وازمان لێناهێنن. رووسیا هەموو شارەكەی وێرانكردووین. لە شەڕی 2014 ئێمە وڵاتمان بەجێ نەهێشت، بەڵام ئەمجارەیان ناچار بووین بەجێی بهێڵین. هەستێکی زۆر ناخۆشە كە ببینی بەردەوام بۆمب و مووشەك بەسەرتدا دەبارێت و سەرەڕای ئەوەش لە كەسوكارت دابڕاوی."
لە شاری ژێشوف لە باشووری ڕۆژهەڵاتی پۆڵەندا زیاتر لە سێ هەزار خۆبەخش خزمەتی ئاوارەكان دەكەن. هانا دانیشتووی ئەمریكایە. لەگەڵ شەڕی رووسیا و ئۆكراینا گەڕاوەتەوە پۆڵەندا بۆ كاری خۆبەخشی و ئاماژە بەوە دەکات، "بەردەوام هەواڵی كارەساتبار دەبیستین. من بۆخۆم دوو كچ و دوو نەوەم هەیە، کە ئەم منداڵە ئاوارانە دەبینم بیری نەوەكانم دەكەم. بۆیە من دەبوو بهاتمایە بۆ ئێرە بۆ یارمەتیدانیان."
لە كەمپە كاتییەكان دابینكردنی هەموو خزمەتگوزارییەكان بەبێ بەرانبەرە. كڵاودیا وبكۆ، سەرپەرشتیاری كەمپێکی کاتییە و دەڵێت، "ئەمان زۆر ترساون. ئەوان نیگەرانی كەسوكاریانن كە لە ئۆكراینا بەجێ ماون. ئەوان نازانن دواتر چیان بەسەر دێت. زۆرجاریش نازانن بەرەو كوێ دەڕۆن."
شەڕی ئۆكراینا و رووسیا نزیكدەبێتەوە لە مانگێک. زیاتر لە سێ ملیۆن ئۆكراینی ئاوارەبوون. زیاتر لە دوو ملیۆن و 50 هەزاریان دەربازی پۆڵەندا بوون. حكومەتی پۆڵەندا رایگەیاندووە بۆ خزمەتگوزاری ئاوارەكان نزیكەی یەک ملیار و 700 ملیۆن دۆلاری پێویستە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ