دوای 52 ساڵ بۆ یەکەم جار کەشتییەکی ئاسمانیی ئەمریکی لەسەر مانگ نیشتەوە

23-02-2024
دڵزار زوبێر @DilzarZubair
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بۆ یەکەم جار لەدوای سەردەمی ئەپۆڵۆوە، کەشتییەکی کۆمپانیای Intuitive Machinesـی کەرتی تایبەتی ئەمریکی بە ناوی ئۆدێسا یان بە ئینگلیزییەکەی ئۆدیسیەس Odysseus بەبێ کەشتیوان و بە هاوبەشی لەگەڵ ناسا لەسەر رووی مانگ نیشتەوە.
 
ناسا دەڵێت، ئامانج لەو گەشتە، دۆزینەوەی ئاو و سووتەمەنییە و فەراهەمکردنی شوێنێکە بۆ کەشتیوانە ئاسمانییەکان لەسەر رووی مانگ کە لە داهاتوودا سەردانی دەکەن. 
 
ئۆدێسا رۆبۆتێکی ئاسمانیی بێ سەرنشینە کە لەلایەن ناسا پارەی بۆ دابینکراوە؛ مەبەست لێی رێگەخۆشکردنە بۆ ئەوەی لە لە کۆتایی ئەم دەیەدا کەشتیوانە ئەمریکییەکان بگەڕێنەوە سەر رووی دراوسێ گەردوونییەکەی زەوی.
 
کەشتیی ئۆدێسا لەلایەن کۆمپانیای ئینچوویتیڤ مەشینزەوە دروستکراوە کە بنکەکەی لە شاری هیوستنی ویلایەتی تێکساسی ئەمریکایە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە کاژێر 02:23 بە کاتی هەولێر لە نزیک جەمسەری باشووری مانگ نیشتەوە. 
 
بیڵ نێڵسن، بەڕێوەبەری ناسا لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند، "ئەمڕۆ بۆ یەکەم جار لە ماوەی زیاتر لە نیو سەدەدا ئەمریکا گەڕاوەتەوە سەر مانگ. ئەمڕۆ بۆ یەکەم جار لە مێژووی مرۆڤایەتیدا کۆمپانیایەکی بازرگانی، کۆمپانیایەکی ئەمریکی، گەشتەکەی بۆ مانگ دەستپێکرد و بەوێ گەیشت."
 
ئەندامێکی ئەو تیمەی کە کەشتییەکەی دروستکردووە رایگەیاند، کامێرای EagleCam کە لەسەر رووی دەرەوەی رۆبۆتەکە جێگیرکراوە، بەشێوەیەک دیزاین کراوە لە دوایین چرکەکانی دابەزینیدا لە کەشتییە ئاسمانییەکە وێنە بگرێت و دەتوانرێت لە رۆژی هەینیدا وێنەکان بڵاوبکرێنەوە.  
 

کۆمپانیای ئینچویتیڤ مەشینز لە نوێترین پۆستیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاندووە، "دوای چارەسەرکردنی کێشەی پەیوەندییەکان، تایبەتمەندییەکانی هەڵدانی کەشتییەکە پشتڕاستیان کردەوە کە ئۆدێسا لەسەر ئاراستە دروستەکەی دەڕوات و دەستیکردووە بە ناردنی زانیاری."
 
دەشڵێت، "ئێستا کاردەکەین بۆ دابەزاندنی یەکەم وێنەکانی سەر رووی مانگ." 
 
ئەو وێنانەی کە ناسا بڵاویان دەکاتەوە، دەبنە یەکەم وێنەی سەر رووی مانگ لەدوای گەشتی ئەپۆڵۆ 17 لە ساڵی 1972. 
 
جەمسەری باشووری مانگ
 
بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکییەوە، کۆمپانیای دروستکاری ئۆدێسا رایگەیاند، کەشتییەکەیان 15 خولەک لە وادەی خۆی بۆ نیشتنەوە لەسەر رووی مانگ دواکەوت. داوجار، تیم کرەین، بەڕێوەبەری تەکنیکیی کۆمپانیاکە رایگەیاند: "ئامێرەکەمان لەسەر رووی مانگە!" 
 
لەگەڵ ئەوەدا هەموو تیمی هەڵدانی کەشتییەکە دەستیان کرد بە چەپڵەڕێزان و ئاهەنگیان گێڕا.  
 
ئۆدێسا لە ناوچەیەکەی جەمسەری باشووری مانگ نیشتەوە کە پێی دەگوترێت مالاپێرت ئەی کە 300 کیلۆمەتر لە چەقی جەمسەرەکەوە دوورە. 
 

ئەو گەشتە لەکاتێکدایە کە ناسا دەیەوێت بۆ ماوەیەکی درێژ لەسەر رووی مانگ بمێنێتەوە و لەو جەمسەرەی مانگ، بەدوای ئاو و سووتەمەنیی رۆکێتتدا بگەڕێت.
 
دۆزینەوەی ئەو دوو گەوهەرەی سەر رووی مانگ وا دەکات ناسا لە ئامانجەکانی بە گەیشتن بە هەسارەکانی دیکە، لەنێویدا گەشتکردن بۆ مەریخ لە رێگەی کەشتیی ئارتمیسەوە، نزیکتر بێتەوە.
  
ئامانجی کورت مەودای ئۆدێسا لێکۆڵینەوەیە لەسەر جەمسەری باشووری رووی مانگ و هەڵسەنگاندنی کەشوهەواکەیەتی، ئەوەش وەکو جۆڵ کیرنز، بەرپرسی باڵای ناسا دەڵێت، "بۆ ئەوەیە شوێنێکی گونجاو بۆ ئەو کەشتیوانانە بدۆزینەوە کە لە داهاتوودا سەردانی مانگ دەکەن." 
 
بڕیارە یەکەم گەشتی تیمی ناسا بۆ سەر رووی مانگ پێش ساڵی 2026 ئەنجام بدرێت.
 
چینی رکابەری جیۆپۆلەتیکیی ئەمریکاش بەنیازە لە ساڵی 2030 یەکەم تیمی خۆی بنێرێتە سەر مانگ و بەمەش سەردەمێکی نوێی کێبڕکێی بۆشایی ئاسمان دەستپێدەکات.
 
ئۆدێسا Odysseus چییە؟ 
 
ئۆدێسا کە شێوەیەکی شەشگۆشەیی هەیە و قەبارەکەی نزیکەی ئۆتۆمبێلێکی گەورەی گۆڵف دەبێت، لە 15ـی شوبات لە ویلایەتی فلۆریدا بە مووشەکێکی سپەیس ئێکس لە جۆری فالکۆن 9 هەڵدرا؛ سووتەمەنیی مووشەکەکە میسانی شل و ئۆکسجینی شل بوو، ئەوەش وایکرد لە ماوەیەکی کەمدا و بەخێرایی گەشتێکی چارەکە ملیۆنێک میل تەواو بکات. 
 

رۆبۆتەکە شەش ئامێری زانستیی ناسای هەڵگرتووە؛ لەوانە کامێرا بۆ لێکۆڵینەوە لە چۆنییەتی گۆڕانی رووی مانگ، هەروەها ئامێرێک بۆ شیکردنەوەی ئەو گەردیلانەی لەکاتی خۆرەتاودا لەسەر رووی مانگ بەرزدەبنەوە.
 
باری دیکەی سەر کەشتییەکە لەسەر داوای کڕیارە تایبەتەکانی کۆمپانیای Intuitive Machinesـەوە نێردراوە. لەوانە، 125 پارچەی هونەریی لەشێوەی مانگی بچووک کە لەلایەن هونەرمەندی ئەمریکی، جێف کوونس-ەوە دروستکراون.
 

ئۆدێسا دەتوانێت بۆ ماوەی حەوت رۆژ کار بکات، پێش ئەوەی خۆر لەسەر رووی مانگ ئاوا بێت و ببێتە شەو، لەو کاتەدا، ئۆدێسا لەکاردەکەوێت، چونکە بە وزەی خۆر کار دەکات. 
 
ئەم گەشتەی کۆمپانیای ئینچویتیڤ مەشینز لەلایەن ناساوە پاڵپشتی دەکرێت. ناسا 118 ملیۆن دۆلاری بە کۆمپانیاکە داوە تاوەکو ئامێرەکەی بنێرێتە سەر رووی مانگ. 
 

تاوەکو ئێستا ئاژانسە ئاسمانییەکانی هەریەکە لە یەکێتیی سۆڤیەت، ئەمریکا، چین، هیندستان و ژاپۆن گەشتی سەر رووی مانگیان ئەنجامداوە و تادێت، کێبڕکێکە لە بۆشایی ئاسمان تووندتر دەبێت. چونکە هەر وڵاتێک هەوڵدەدات دەستی بە دوورترین خاڵی گەردوون بگات.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە