بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.1 پلەی رێختەر رۆژئاوای چینی هەژاند

23-01-2024
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بوومەلەرزەیەکی بەهێز لە ناوچەیەکی موسڵماننشین لە پارێزگای شینجیانگ لە رۆژئاوای چین روویدا، بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، بریندار هەن و 47 ماڵیش رووخاون. میدیای چینی ئاماژەی بە گیانلەدەستدانی هیچ کەسێک نەکردووە.
 
گوڕی بوومەلەرزەکە 7.1 پلە بووە بە پێوەری رێختەر، بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە لە هەرێمی شینجیانگ لە رۆژئاوای چین روویداوە، میدیای چینی دەڵێت، شەش کەس بریندارن، کە برینی دووانیان سەختە، 47 خانوو رووخاون و بەشێوەیەکی گشتیش زیان بەر 120 ماڵ کەوتووە.
 
بوومەلەرزەکە کاژێر 2ی بەرەبەیان لە شارۆچکەی وشی لەکاتێکدا روویداوە زۆربەی خەڵک لە خەودابوونە، سەنتەری بوومەلەرزەزانیی چین دەڵێت، 200 کەسیان لە تیمی بەرگریی شارستانی بۆ بەهاناوەچوونی خەڵک بلاوکردووەتەوە.
 
بوومەلەرزەکە زیانی بە کارەبای شارۆچکەکە گەیاندووە، بەڵام هەر زوو کارەباکەیان چاککردووەتەوە، 23 هێڵی شەمەندەفەریش راگیراون.
 
دوایین جار کە بوومەلەرزەیەکی بەهێز لەو ناوچەیەی دابێت لە ساڵی 1978 بوو، کە بە هەمان گوڕەکەی ئەمڕۆ بوو.
 
بەگوێرەی ئاماری پارێزگای شینجیانگ، شارۆچکەی وشی ژمارەی دانیشتووانی 233 هەزار کەسە، زۆربەیان موسڵمانانی ئیگۆرن کە ئەمریکا هەمیشە چین بەوە تۆمەتبار دەکات خەڵکێکی زۆری لەو ناوچەیە خستووەتە زیندان و پێشێلکاری بەرامبەر کردوون کە پەکین ئەم تۆمەتانەی رەتکردوونەتەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە