رووداو- هەولێر
هەندێ كەس دەڵێن ئەو هۆكاری هەرەسهێنانی یەكێتیی سۆڤێت و پارچەپارچەبوونی ئیمپراتۆرێتی كۆمۆنیستیی جیهانی بوو. هەندێكیش ستایشی دەكەن بۆ ئازادكردنی ملیۆنان كەس لە زوڵم و ستەمی كۆمۆنیستی و پێدانی سەربەخۆیی بە گەلانێك كە بەزۆر خرابوونە ژێر ركێفی مۆسكۆ.
میخایل گۆرباچۆڤ، سكرتێری گشتیی حیزبی كۆمۆنیست و دوایین سەرۆكی یەكێتیی سۆڤێت، خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیی وەرگرت، چونكە كۆتایی بە جەنگی سارد هێنا و پەیوەندیی نێوان رۆژهەڵات و رۆژئاوای بردە قۆناغێكی دیكە.
گۆرباچۆڤ لە خێزانێكی سادە لەدایك بووە، كە هیچ سەروەت و سامان یان دەسەڵاتی سیاسییان نەبوو، لە ناوچەی پریڤۆلنۆی باشووری رووسیا لەساڵی 1931 هاتووەتە دنیاوە.
باوكی گۆرباچۆڤ شۆفێری دەڕاسە بوو. گۆرباچۆڤی كوڕی فێری لێخوڕین و بەكارهێنانی دەڕاسە كرد. گۆرباچۆڤ حەزی لەو كارە بوو. لە تەمەنی 17 ساڵیدا خەڵاتی ئاڵای سووری كاركردنی پێ بەخشرا. گەنجترین كەس بوو لەمێژووی سۆڤێتدا ئەو خەڵاتە وەربگرێ.
ساڵی 1950 قۆناغی ئامادەیی تەواوكرد و نمرەكانی هێند بەرزبوون لە زانكۆی مۆسكۆ (باشترین زانكۆی یەكێتی سۆڤێت) وەرگیرا. دوای پێنج ساڵ كۆلێژی یاسای تەواو كردو لەگەڵ هاوسەرەكەیدا كە هەر لەزانكۆ ناسیبووی، گەڕایەوە بۆ شارەكەی خۆیان.
گۆرباچۆڤ لە قۆناغی ئامادیی پەیوەندی كردبوو بە حیزبی كۆمۆنیستەوە. دوای گەڕانەوەی بۆ شارەكەی خۆی، لە ئۆفیسی داواكاری گشتی شارەكەی دامەزرا، بەڵام هاوڕێ دێرینەكانی سەردەمی منداڵیی هاتن بۆ لای و داوایان لێكرد لە بەشی راگەیاندن و پڕوپاگەندەی حیزبی كۆمۆنیست كاربكات، چونكە دەیانزانی ئەندامێكی دڵسۆز و چالاكە. دوو ساڵ بوو جۆزێف ستالین مردبوو. وڵات بە هەندێ رێكخستنەوەی سیاسیدا تێدەپەڕی و هەلێك بۆ دەركەوتنی ئەندامانی لاو رەخسابوو. گۆرباچۆڤ بەخێرایی بەپلەكانی حیزبدا سەردەكەوت. ساڵی 1956 كرا بە بەرپرسی كۆمیتەی حیزبی كۆمۆنیست لە شارەكەی خۆی. ساڵی 1961 لە كۆنگرەی حیزبدا كرایە نوێنەری ناوچەكەی. بەدرێژایی ساڵانی 1960 بەردەوام پێگەی لەناو حیزبدا بەهێزتر دەبوو.
ساڵی 1980 گەورەترین پێشكەوتنی سیاسی تۆمار كرد و بووە ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی كۆمۆنیست. چوار ساڵ دواتر، یوری ئەندرۆپۆڤ، ئەو كەسەی چاوساغی سیاسی گۆرباچۆڤ و سكرتێری گشتی حیزب بوو، كۆچی دوایی كرد. ساڵێك دوای ئەویش، واتە ساڵی 1985 كۆنستانتین چێرنێنكۆ كە جێی ئەندرۆپۆڤی گرتەوە، مرد. ئەمەش چانسێكی گەورە بوو بۆ گۆرباچۆڤ كە كرایە سكرتێری گشتیی حیزب.
بوون بە سكرتێری گشتیی تاكە حیزبی فەرمانڕەوای زلهێزێكی وەك سۆڤێت كارێكی ئاسان نەبوو.
چەندین ساڵ كێبڕكێی زانستی و چەكسازی و بۆشایی ئاسمان لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، ئابووری سۆڤێتی لاواز كردبوو. گۆرباچۆڤیش ئەم راستیەی دەزانی و نەیدەویست خەڵكی وڵاتەكی چیدی بەناوی زلهێزی و پێشكەوتنی سەربازی، سامان و پارەی وڵات بە فیڕۆ بدەن و لەهەژاری و كەمدەرامەتیدا بژین. بۆیە بوو بە یەكەم سەركردەی سۆڤێت كە بەڕاستی و بە نیازێكی پاكەوە لە رۆژاوا نزیك ببێتەوە و لەگەڵ مارگرێت تاتچەری سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتی بەریتانیا و رۆناڵد رێگن، سەرۆكی ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بۆ گفتوگۆ دەربارەی راگرتنی جەنگی سارد دابنیشێ و كۆتایی بە ئاڵۆزی و كێبڕكێی چەكسازی بهێنێ.
لە هەموو ئەوانە گرنگتر كە بۆ هەمیشە گۆرباچۆڤی پێ دەناسرێتەوە، هەردوو پرۆگرامی گلاسنۆست و پرێسترۆیكایە. گلاسنۆست واتە كرانەوە، كە مەبەستی گۆرباچۆڤ ئەوە بوو چیدی نابێ وڵاتەكەی هەموو كار و كردارێكی نهێنی بێ و كەس نەتوانێ رەخنەی لێ بگرێ و بیرورای سیاسی دەربڕێ. پرێسترۆیكاش واتە رێكخستنەوە كە گۆرباچۆڤ مەبەستی لێی ئەوە بوو سیستمی ئابووریی وڵات دووبارە رێكبخاتەوە و كەم كەم بەرەو بازاڕی ئازاد بڕۆن و حكومەت دەستی لە هەموو لایەنێكی ئابووری و سیاسی و كۆمەڵایەتی خەڵكدا نەبێ.
ئەم پرۆگرام و رێكخستنەوەی گۆرباچۆڤ یەكێتیی سۆڤێتی خستە سەر رێڕەوێكی زۆر خێرای گۆڕانكاری كە گەڕانەوە بۆ دواوە چیدی مەحاڵ بوو. رێكخستنەوە ئابوورییەكەی بووە هۆی لەناوچوونی حكومەتی كۆمۆنیستی، زۆربەی وڵاتانی ئەوروپای رۆژهەڵات كە سەر بە مۆسكۆ بوون، كرانەوە و مافی رەخنەگرتن و را دەربڕینەكەشی هانی گەلانی جیاوازی دا كە داوای سەربەخۆیی و جیابوونەوە لە یەكێتی سۆڤێت بكەن و بەوەش دواجار پرۆگرامەكەی ئەو بووە هۆی لەدایكبوونی 15 كۆماری سەربەخۆ. هەروەها بڕیاری دا كە دەبێ لە یەكێتیی سۆڤێتدا هەڵبژاردنی دیموكراسیانە بكرێ، فەرمانیشی كرد سوپای رووسیا كە دە ساڵ بوو لە ئەفغانستان دەجەنگا، بكشێتەوە.
گۆرباچۆڤ هەزاران زیندانیی سیاسی ئازاد كرد. ناوی زۆر كەس لە نەیارەكانی ستالینی لەپاش مردنیان لە لیستی رەش دەرهێنا.
گۆڕانكارییە خێراكان سەركردەكانی رووسیای كرد بەدوو بەشەوە. هەندێ دەیانویست وڵات بەرەو فرەحیزبی و بازاڕی ئازاد ببەن. ژمارەیەكیش لە سەركردە رادیكاڵ و كۆنەكانی حیزبی كۆمۆنیست دژی گۆرباچۆڤ بوون و دەیانگوت خەریكە سیاسەتەكانی دەبێتە هۆی هەرەسهێنانی یەكێتیی سۆڤێت. هەر بۆیە لەمانگی ئابی ساڵی 1991دا كاتێك گۆرباچۆڤ لە ناوچەی كریمیا لەپشوودا بوو، هەندێ لە كۆمۆنیستە رادیكاڵەكان تانك و زرێپۆشیان هێنایە سەر شەقامەكانی مۆسكۆ. هەوڵیان دا گۆرباچۆڤ دەستگیر بكەن، بەڵام كودەتاكە شكستی هێنا و گۆرباچۆڤ گەڕایەوە مۆسكۆ.
كار لەكار ترازا بوو، خەڵك لە گۆرباچۆڤ بەدگومان بوون و لایەنگری بۆریس یەڵتسن بوون كە هاوتەمەن و هاوكاری گۆرباچۆڤ بوو. كار گەیشتە ئەوەی لە مانگی دیسەمبەری 1991 یەكێتیی سۆڤێت بەتەواوی هەرەسی هێنا. گۆرباچۆڤیش لە گوتارێكی تەلەفزیۆنیدا دەستی لەكاركێشایەوە و جڵەوی دەسەڵاتی دایە دەست یەڵتسن. هەندێ توێژەر و مێژوونووس دەڵێن تۆمەتەكانی دژ بە گۆرباچۆڤ ناڕەوان و ئەو هەرەسی بە یەكێتی سۆڤێت نەهێنا، بەڵكو یەڵتسن بوو كە پرۆسەی هەڵوەشاندنەوەكەی خێراتر كرد.
گۆرباچۆڤ هەر لەسەرەتاوە سەركردەیەكی زۆر جیاواز بوو. بیروڕا و سیاسەتی خۆی بەئاشكرا دەردەبڕی، هەر بۆیە شەرمیش ناكا لە دەربڕینی هەندێ پەشیمانی. بۆ نموونە، لەدیدارێكی تایبەتدا لەگەڵ رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی كە لێی دەپرسن لەچی پەشیمانە، دەڵێ: "لەوەی كە زووتر وازم لە حیزبی كۆمۆنیست نەهێنا و زۆر هەوڵم دا ریفۆرمی بكەم. دەبووایە خۆم پارتێكی ریفۆرمخواز و دێمۆكراسی دابمەزرێنم. "
پەشیمانی دووەمی ئەوە بوو كە زووتر دەستی نەكرد بە پێدانی ماف و دەسەڵاتی زیاتر بە كۆمارە بچووكەكانی ناو یەكێتی سۆڤێت. درەنگ بیری لە فیدراڵیزم كردەوە، كۆمارەكانی ئەوروپای رۆژهەڵات و ئازەربایجان سەربەخۆییان راگەیاندبوو. بەقسەی گۆرباچۆڤ زیاد لە 12 كۆمار رازی بوون لە نێو یەكێتیی سۆڤێت بمێننەوە و چاوەڕێی دەستوورێكی نوێ بوون، بەڵام بەهۆی كودەتاكەی هاوینی 1991 و ئاڵۆزبوونی بارودۆخ، ئەوانیش داوای جیابوونەوەیان كرد.
لەبیست و پێنجەمین ساڵیادی هەرەسهێنانی سۆڤێتدا، گۆرباچۆڤ بە تەلەفزیۆنی BBC گوت، ئەو لەپێناوی رێگرتن لە هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ دەستبەرداری سەرۆكایەتی وڵاتێك بوو كە پڕ بوو لە چەك و تەقەمەنی، لەوانەش چەكی ئەتۆم.
گۆرباچۆڤی تەمەن 85 ساڵ، هەرچەندە لە دەسەڵاتدا نەماوە، بەڵام ئێستاش دید و بۆچوونەكانی بە هەند وەردەگیرێن دەربارەی بارودۆخ و گۆڕانكارییە نێودەوڵەتییەكان. ئەو خاوەنی دەزگای گۆرباچۆڤە بۆ توێژینەوە كە بنكەكەی لە شاری مۆسكۆیە. تائێستا 24 خەڵاتی رێزلێنانی وەرگرتووە.
لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا و سەرەڕای مووی سپی و گۆچانەكەی دەستی، گۆرباچۆڤ كە یەكێك لە خولیاكانی بریتییە لە گوتنی گۆرانیی كۆنی رووسی. لە تەمەنی 78 ساڵیدا ئەلبوومێكی بە دەنگی خۆی تۆمار كرد كە ناوی لێنا "گۆرانییەك بۆ رووسیا".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ