رووداو – نیویۆرک
لێدگەرهوود جۆلیوس رێنییە، وەزیری کاروباری زانیاریی و کولتوور و گەشتوگوزاری لیبیریا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند کە کۆبوونەوەی ساڵانەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان دەرفەتێکە بۆ لیبیریا " تاوەکو قسە سەبارەت بە هەموو ئەو کێشانە بکەین کە وەک وڵاتێک پێیدا تێپەڕیوین ".
لێدگەرهوود جۆلیوس رێنییە کە رۆژی چوارشەممە 21ی ئەیلوولی 2022 لەکاتی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی ساڵانەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە نیویۆرک بۆ رووداو دەئاخڤی، گوتی لیبیریا دەیەوێت ئاشتی لە جیهان دا بێتەکایەوە " تاوەکو بازرگانی لە سەرانسەری جیهاندا گەشە بکات".
کۆماری لیبیریا دەکەوێتە کیشوەری ئەفریقیا، شەڕی ناوخۆیی لەو وڵاتەدا لە ساڵی 1980 تاوەکو 2003 بەردەوام بوو، کە تێیدا 250 هەزار کەس کوژران.
ئەمەش دەقی دوو پرسیارەکەی رووداو و وەڵامی وەزیری کاروباری زانیاریی و کولتوور و گەشتوگوزاری لیبیریایە :
رووداو: ئەمساڵ کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان زیاتر سەرقاڵی ئۆکراینا بووە. گرنگی کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ لیبیریا چییە؟
وەزیری کاروباری زانیاریی و کولتوور و گەشتوگوزاری لیبریا: کۆبوونەوەکە بۆ لیبیریا دەرفەتێکە تاوەکو قسە سەبارەت هەموو ئەو کێشانە بکەین کە وەک وڵاتێک پێیدا تێپەڕیوین و ئەو بەرەوپێشچوونانەش کە وەک حکومەتێک بەدەستمان هێناون رووە و ئامانجی پێشکەوتنمان. سەرۆک جۆرج وییا هەوڵدەدات سەرنجی جیهان بۆ ئەو پێشکەوتنانە رابکێشێت کە بەدەستهاتوون لە دوای کۆتاییهاتنی شەڕی ناوخۆوە. وڵاتەکەمان بونیاد دەنێینەوە و بەسەر ئاستەنگەکاندا زاڵ دەبین. هەوڵدەدەین پێشبکەوین و ئابوورییەک بنیاد بنێین کە گەلەکەمان پێشبخات.
رووداو: دوا پرسیارم ئەوەیە زۆر لە وڵاتان نیگەرانن بەرامبەر بەوەی جەنگی ئۆکراینا و رووسیا، هەموو لایەکی لە نەتەوەیەکگرتووەکان بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە و فۆکەسی لەسەر گەشەپێدانی وڵاتانی دیکە لاداوە، ئایا ئەمە بۆ ئێوە لە لیبیریاش مایەی نیگەرانییە؟
وەزیری کاروباری زانیاریی و کولتوور و گەشتوگوزاری لیبریا : بێگومان، لیبیریا بەشێکە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ئەوەی لە تەواوی جیهاندا روودەدات کاریگەری لەسەر لیبیریاش دەبێت. ئێمە وەک لیبیریا تەواوی هەوڵی خۆمان دەدەین یەکگرتووبین لەو هەوڵانەی سەبارەت چارەسەری شەڕی ئۆکراینا و رۆژهەڵاتی ئەوروپا دەدرێن. بەڵام لە کۆتاییدا وەک پابەندییەکی وڵاتان، لیبیریا بەردەوام دەبێت لە بانگەشە بۆ ئاشتی لە جیهان، چونکە بەبێ ئاشتی، جیهانێکی باشترمان نابێت، بۆیە لیبیریا بڕوای بە ئاشتییە و دەیەوێ جەنگ کۆتایی بێت، تاوەکو بازرگانی لە سەرانسەری جیهاندا گەشە بکات، ئەوەش دەکرێت مەبەستێکی سەرەکی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێت لە رێگەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ