رووداو دیجیتاڵ
لە بڕیارێکی چاوەڕوانکراودا، جۆ بایدن، بەربژێری دیموکراتەکان لە کێبڕکێی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا کشایەوە و پاڵپشتیی بۆ کامالا هاریسی جێگری لەشوێنی خۆی، دەربڕی.
کشانەوەی بایدنی تەمەن 81 ساڵ لە کێبڕکێکە؛ دوای پێشکێشکردنی ئاستێکی خراپ هات لە یەکەمین دیبەیتی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بەرامبەر دۆناڵد ترەمپ.
لە دیبەیتەکەی 27ـی تەممووز، بایدن کز و لاواز دەرکەوت، بەدرێژایی 90 خولەکی قسەکانی دەمی تەتەڵەی دەکرد.
زۆر هەڵەکردن و تەمەنەکەی، بوونە هۆی ئەوەی ترەمپ باڵادەستتر دەرکەوێت و دیموکراتەکان ترسیان لە لەدەستدانی هەڵبژاردنی 2024 هەبێت.
لەو رۆژەوە دیموکراتەکان بە ئاشکرا و بە نهێنی داوا لە بایدن دەکەن لە کێبڕکێکە بکشێتەوە.
رۆژی یەکشەممە بایدن لە راگەیێندراوێکدا گوتی "لەبەر بەرژەوەندیی پارتەکەم و وڵاتەکەم دەکشێمەوە." بڕیارە بایدن ئەم هەفتەیە وردەکاریی زیاتر دەربارەی بڕیاری کشانەوەکەی ئاشکرا بکات.
ماوەیەکی کەم لەدوای بڕیاری کشانەوەکە، دۆناڵد ترەمپی رکابەری لە تۆڕی کۆمەڵایەتی 'ترووس' هاتە سەر هێڵ و هێرشی توندی کردە سەر سەرۆکی ئەمریکا.
دۆناڵد ترەمپ گوتی "جۆ بایدنی خواروخێچ بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمریکا شیاو نەبوو." لە گوتەیەکی دیکەیدا ترەمپ دەڵێت "بایدن بە درۆ و هەواڵی ساختە و مانەوە لە ژێرزەوینەکەی، خۆی لە پۆستی سەرۆکایەتی هێشتووەتە."
دوای کشانەوەی لە بەربژێربوون، بایدن پاڵپشتی خۆی بۆ کامالا هاریسی جێگری دەربڕی، بەڵام دۆناڵد ترەمپ دەڵێت بردنەوە لە کامالا هاریس ئاسانترە لە جۆ بایدن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ