ئۆکسجینی ژێردەریایی 'تیتان' کۆتایی دێت

22-06-2023
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
وێنەیەکی ئەرشیڤیی ژێردەریایی تیتان
وێنەیەکی ئەرشیڤیی ژێردەریایی تیتان
نیشانەکردن ژێردەریایی تیتان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئۆکسجینی ئەو ژێردەریاییە نیوەڕۆی ئەمڕۆ کۆتایی دێت، کە سەرەتای هەفتە لە زەریای ئاتڵانتیک بە پێنج گەشتیارەوە رۆیشتبوون تاوەکو کەشتیی ژێرئاوکەوتووی تایتانیک ببینن.
 
پێنج گەشتیارەکەی نێو کەشتییەکە بریتین لە شازادە داود، ملیاردێری پاکستانی و سلێمانی کوڕی، پۆڵ هێنری، دەریاوانی فەرەنسی و هەیمیش هاردین، ملیاردێری بەریتانی و ستۆکتن رەش، بەڕێوەبەری ئەو کۆمپانیایەی ژێردەریایی تیتانی دروستکردووە.
 
ئۆپەراسیۆنێکی گەورە و فراوان بۆ دۆزینەوەی ژێردەریاییەکە بەڕێوەدەچێت، هەوڵەکان شەڕ و ململانێن لەگەڵ کات، چونکە بەگوێرەی ئەو 96 کاژێر پاڵپشتییەی کە ژێردەریاییەکە هەیەتی، چاوەڕواندەکرێت کاژێر 01:00ـی نیوەڕۆی ئەمڕۆ بە کاتی هەولێر، ئۆکسجینەکەی تەواو بێت و ئەو پێنج کەسە بمرن.
 
ئەمریکا و کەنەدا بە پێشکەوتووترین تەکنەلۆژیا هەوڵی دۆزینەوەی ژێردەریایی تیتان دەدەن. رۆژی چوارشەممە پاسەوانی دەریاوانی ئەمریکا بڵاویکردەوە گوێبیستی دەنگێک بوون لەو ناوچەیەی ژێردەریاییەکەی لێ ونبووە، بەڵام ئێوارەی هەمان رۆژ کە دەکاتە 21ـی حوزەیرانی 2023، پاسەوانی دەریایی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا بڵاویکردەوە؛ لە دەنگەکە دڵنیانین و دەکرێت دەنگی هەر کەشتییەکی دیکە بێت. گوتیشی "هێشتا هیوایان ماوە و بە قووڵایی نزیکەی 3.7 کیلۆمەتر لە گەڕان بەردەوامین".
 
ئاژانس و کۆمپانیاکانی ئەمریکا، کەنەدا و فەرەنسا لەو ئۆپەراسیۆنە گەورەیەدا بەشدارن، بەڵام پرۆسەکەیان پڕە لە ئاڵنگاری، بەو پێیەی دەبێت بە قووڵایی زیاتر لە 3800 مەتر بپشکنن و لە ئەگەری دۆزینەوەی ژێردەریاییەکەش، دەرهێنانی کارێکی ئاسان نابێت، بەو پێیەی ژێردەریاییەکە کێشی زیاتر لە 10 تۆنە.
 
دەنگە بیستراوەکە چییە؟
 
تیمەکانی کەنەدا رایانگەیاند، رۆژی سێشەممە و چوارشەممە 21 و 22ـی حوزەیرانی 2023، گوێبیستی دەنگێک بوون لەو ناوچەیەی ژێردەریاییەکەی لێ ونبووە، بەڵام دانیان بەوەدانا کە شیکاریکردن بۆ دەنگەکە قورسە، هەرچەندە کەسانی شارەزایان هەن کە لێکدانەوە بۆ دەنگەکان دەکەن.
 
بەڵام شارەزایان دەڵێن، لە فریکوێنسیی بەرزی دەنگەکانەوە، ئەگەری هەیە دەنگی پێکادادانی تەنێک بێت بە دیوی ناوەوەی ژێردەریاییەکە.
 
پاسەوانی دەریایی ئەمریکا دەڵێت، نازانێت دەنگەکان چین.
 
ژێر دەریاییەکە چی بەسەر هاتووە؟
 
پرۆفیسۆر ئاڵستەر گرەیگ، شارەزای ژێردەریایی لە زانکۆی لەندەن، دەڵێت یەکێک لە ئاڵنگارییە گەورەکان ئەوەیە؛ تیمەکانی رزگارکردن نازانن لەسەر رووی دەریاوە بگەڕێن یان لە ژێرەوە، چونکە ئەستەمە لەم نێوانەدا بێت.
 
یەکێک لە سیناریۆکان ئەوەیە؛ ژێردەریاییەکە دوای لەکارکەوتنی، لە باری ئیمێرجێنسی یاخود فریاگوزاری کێشی خۆی سووک کردبێت و سەرئاو کەوتبێت.
 
بەگوتەی ئەو شارەزایە، ئەم ژێردەریاییانە ئەگەر بزووێنەر یاخود پەیوەندییەکانی لەکاربکەوێت، خۆی دەخاتە سەر رووی دەریاوە و چاوەڕوانی ئەوە دەکات بیدۆزنەوە.
 
ئەگەرێکی دیکە لێچوونی هەوایە و بەگوتەی پرۆفیسۆر ئاڵستەر، ئەگەر ئەمە هۆکارەکەی بێت، دەرەنجامەکەی باش نابێت، ئەگەرێکی دیکەش هەیە ژێردەریاییەکە زۆر لە کەشتی تایتانیک نزیک بووبێتەوە و لەنێو کەشتییەکەدا گیری خواردبێت، هیچ کام لەمانە پشتڕاستنەکراونەتەوە و پرۆسەی گەڕانیش بەردەوامە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە