رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دەڵێت، لەماوەی 10 بۆ 12 هەفتەی داهاتوودا یەکەم کاروانی کۆچبەرانی نایاسایی دەنێردرێنە رواندا، ئامادەکارییەکان تەواوبوون و تەنیا ماوە پڕۆژە بڕیارەکە لە پەرلەمان پەسند بکرێت.
بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە پەرلەمانی بەریتانیا لەبارەی یاسایێک بۆ ناردنی کۆچبەران بۆ رواندا دەنگبدات، ریشی سووناک دەڵێت، دانیشتنەکە بەردەوام دەبێت تاوەکو دەنگدانەکە یەکلا دەبێتەوە.
دوای پەرلەمان، ئەنجوومەنی پیرانی بەریتانیا دوایین بڕیاری خۆی لەبارەی پڕۆژەیاساکە دەدات، هەر کە بووە فەرمی، حکومەتی بەریتانیا دەست بە رێکارەکان دەکات بۆ ناردنی کۆچبەران بۆ بەریتانیا.
سووناک دەڵێت 2200 ناوەندیان بۆ کۆچبەرانی نایاسایی ئامادەکردووە، تاوەکو کەیسەکانیان یەکلایی دەبنەوە
دەشڵێت لایەنی دادوەری لە بەریتانیا 25 دادگە و 150 دادوەر، 200 پارێزەر و راوێژکاریی یاسایی دیاریکردوون بۆ پرۆسەی دادگاییکردنی کۆچبەران کە لە توانایاندایە بۆ ماوەی 5000 رۆژ دانیشتنی دادگە بەڕێوەببەن.
سووناک جارێکی دیکە جەختی لە وەستاندنی کۆچبەرانی نایاسایی کردەوە کە بە بەلەمە بچووکەکان لە سنوورە ئاوییەکان دەپەڕنەوە بەریتانیا و گوتی، "بەسە واتا بەسە."
بەڵام سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا زانیاری دەربارەی ئەوە نەدا لە یەکەم گەشتی رواندا چەند کۆچبەر بەڕێدەکرێن.
پلانی ناردنی کۆچبەران بۆ رواندا کە ناونراوە "هاوبەشی کۆچبەری و گەشەسەندنی ئابووری لەنێوان بەریتانیا و رواندا" یاخود "پلانی پەناخوازی رواندا" بۆ یەکەمجار لە نیسانی 2022 لەلایەن پرێتی پاتێل، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا و ڤینسێنت بیروتا، وەزیری دەرەوەی رواندا واژۆی لەسەر کرا.
پڕۆژەکە وابوو ئەو کۆچبەرانەی بە نایاسایی دەگەنە بەریتانیا، دەنێردرێنە رواندا و لە چەند هۆتێلێک نیشتەجێدەکرێن تاوەکو مامەڵەی داوای پەناخوازیان یەکلا دەبێتەوە، بەڵام لەژێر گوشاری نێودەوڵەتی و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و دادگەی باڵای بەریتانیا پڕۆژە بڕیارەکە راگیرا بەو پێیەی گەرەنتی سەلامەتی کۆچبەران نەدەکرا.
ریشی سووناک سێیەم سەرۆکوەزیرانە کار لەسەر ناردنی کۆچبەران بۆ رواندا دەکات، ئێستا بە پڕۆژەیاسایێکی نوێ گەڕاوەتەوە کە ناوی ناوە "پڕۆژەیاسای سەلامەتیی رواندا" و راشیگەیاندووە لەو پڕۆژەیاسایەدا سەلامەتی کۆچبەران لەبەرچاو گیراوە.
ساڵی رابردوو 29،437 کۆچبەر گەیشتنە بەریتانیا، ئەمەش 36٪ی کەمترە لە 2022 کاتێک 45,774 کۆچبەر پەڕینەوە ئەو وڵاتە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ