هاوسەری ئالان هێنینگ بۆ داعش: بەزەییتان هەبێت و ئازادی بكەن

21-09-2014
فازڵ هۆرامی
نیشانەکردن ئالان هێنینگ
A+ A-

رووداو - بی بی سی

هاوسەری ئەو شوفێرە تاكسییە بەریتانییە، كە ساڵی رابردوو لە لایەن گرووپی داعشەوە لە سووریا رفێندرا، لە پەیامێكدا داوا لەو گرووپە دەكات، كە بەزەییان بە هاوسەرەكەیدا بێتەوە و ئازادی بكەن. 

ئالان هێنینگ، مانگی 12ـی ساڵی رابردوو كاتێك كە لەگەڵ گرووپێكی مسوڵمانی بەریتانی یارمەتی مرۆیی و ئامبوڵانسیان پێ بوو بۆ خەڵكی سووریا، لەلایەن گرووپی داعشەوە رفێندرا و ئێستا ئەو گرووپە هەڕەشەی كوشتنی دەكەن. 

باربرا، هاوسەری ئالان هێنینگ رایگەیاندووە، کە تاوەکو ئیستا چەندین پەیامی ناردووە بۆ داعش، بەڵام وەڵامی نەدراوەتەوە. باربرا لەسەر هاوسەرەكەی لەو پەیامە، كە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا بڵاوكراوەتەوە، دەڵێت، "ئالان كەسێكی ئارام و خۆبەخشە... كاتێك كە رفێندراوە ئامبوڵانسێكی لیخوڕیوە، كە پڕ بووە لە ئاو و خواردن بۆ ئەوەی دابەشی بكات بەسەر ئەوانەی كە پێویستیان پێبووە. بوونی ئالان لە سووریا تەنیا بۆ ئەو مەبەستە بووە و هەنگاوێكی مرۆییی بووە". 

لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا، كە پێش چوونی گرووپەکەی ئالان بۆ نێو خاکی سووریا تۆمارکراوە، ئالان هینینگ دەڵێت: "گرنگە ئەو شتەی كە پێویستە بگاتە دەستی ئەوانەی كە پێویستیانە. هەر قوربانییەك، كە ئێمە دەیدەین، هیچ نییە لە چاوی ئەوەی كە بەسەر ئەواندا (سووریەكان) دێت." 

پەیامی بارابرا هێنینگ بۆ ئازادكردنی هاوسەرەكەی دوو رۆژ دوای ئەوە دێت، كە دوو ئیمامی شیعە و سوننەی بەریتانیا داوایان لە داعش كرد، كە ئەو شوفێرە ئازاد بكەن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە