رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئۆکراینا بەمەبەستی وەرگرتنی فڕۆکەی جەنگیی ئێف 16، سەردانی هۆڵەندا و دانیمارکی کرد؛ هەرچەندە نازاندرێت چەند فڕۆکە لەلایەن ئەو دوو وڵاتەوە بە ئۆکراینا دەدرێت، بەڵام پێدەچێت رادەستکردنی فڕۆکە جەنگییەکان ببێتە خاڵی وەرچەرخان لە شەڕی 17 مانگەی ئۆکراینا.
دوای گەیشتنیان بە دانیمارک، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی و خانمی یەکەمی ئۆکراینا لە بنکەی سەربازیی سکریدسترەپ لە دانیمارک لەلایەن سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتەوە برانە لای ئەو فڕۆکانەی بەنیازن بەیەکەوە لەگەڵ هۆڵەندا رادەستی ئۆکراینای بکەن.
زیلینسکی و میتە فرێدریکسن، سەرۆکوەزیرانی دانیمارک سەر فڕۆکەی ئێف 16 کەوتن؛ زیلینسکی لە شوێنی فڕۆکەوان و فریدریسکن لە شوێنی یاریدەدەری فڕۆکەوان بوون.
سەرۆکی ئۆکراینا لە ئایندهۆڤنی هۆڵەنداش لەلایەن مارک رووتەوە ئێف 16ی ئەمریکیی پێ نیشاندرا.
مارک رووتە، سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا رایگەیاند، "بە دڵنیاییەوە بیر لەوە دەکەینەوە ئاخۆ پێویست دەکات هەموو ئەو فڕۆکانەی هەمانە بیانبەخشین یاخود کار ماوە بۆ نوێکردنەوەیان بیکەین کە لەوانەیە پێویستیش نەکات. هەربۆیە ناتوانم پێتان بڵێم چەند ژمارە دەبەخشین، بەڵام لەو کاتەوە لەسەر ئەو بنەمایە کار دەکەین کە 42 فڕۆکەمان لە کۆگاکانی وڵاتەکەماندا هەن."
فڕۆکەکان رادەست ناکرێن تاوەکو فڕۆکەوانە ئۆکراینییەکان بە تەواوی لەسەر ئێف 16کان رانەهێندرێن و فڕۆکەکانیش نوێ نەکرێنەوە.
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاند، "هەر کاتێک چەکێکی نوێ درابێت بە ئۆکراینا وەکو هیمارس، هارپوون، لیۆپارد یاخود پاتریۆت؛ درکمان بەوە کردووە کە ئەم جەنگە بەرەو کۆتایی دەڕوات و سەرکەوتنیش بۆ گەلی ئازادی ئۆکراینی دەبێت. بە دڵنیاییەوە ئێف 16 وزە و متمانە و گوڕوتینی زیاتر بە جەنگاوەران و خەڵکی سڤیل دەدات. دڵنیام ئەنجامی نوێ بۆ ئۆکراینا و تەواوی ئەوروپا بەدەست دەهێنێت."
ئێف 16 فڕۆکەی یەک بزوێنەری فرەفرمانی ئەمریکین، لەلایەن کۆمپانیای لۆهید مارتن دروستدەکرێن، نرخیان لە 14 ملیۆن دۆلارەوە دەستپێدەکات، توانای بڕینی 4220 کیلۆمەتری هەیە لە ئاسمان و لە زەوی ئامانجەکانی بۆردوومان دەکات.
چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەی شەش مانگدا ئێف 16کان رادەستی کیێڤ بکرێن، ئەمەش لە کاتێکدا هێرشی پێچەوانەی ئۆکراینا بۆ کۆنترۆڵ کردنەوەی خاک لەدەست رووسیا بە سستی بەڕێوەدەچێت و وڵاتانی رۆژئاواش پەلەیانە کارتی دەستی زیلینسکی لە ئەگەری بەڕێوەچوونی هەر گفتوگۆیەکی ئاشتی بەهێز بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ