رووداو دیجیتاڵ
جۆ بایدن، بەربژێری دیموکراتەکان لە کێبکڕکێی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا کشایەوە و پاڵپشتی بۆ کامالا هاریس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا وەکو شوێنگرەوەی خۆی، دەربڕی.
بایدنی تەمەن 81 لە راگەیەندراوێکدا پشتڕاستیکردەوە لە کێبکڕکێی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی دەکشێتەوە، بەڵام تاوەکو کۆتایی ویلایەتی سەرۆکایەتییەکەی لە پۆستەکەی دەمێنێتەوە.
راستەوخۆ دوای ئەم کشانەوەیە، دۆناڵد ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ترووز رایگەیاند: "جۆ بایدنی لەت و لار شیاوی سەرۆکایەتی نەبوو، بەدڵنیاییەوە بە کەڵک نایەت وەکو سەرۆک خزمەت بکات."
ترەمپ دەڵێت: "تەنیا بە درۆ و هەواڵی ساختە و مانەوە لە ژێرزەمین خۆی لە پۆستی سەرۆکایەتی هێشتووەتەوە."
بەربژێرە 78 ساڵییەکە دەڵێت، هەموو ئەوانەی لە دەورووبەری بایدن بوون بە پزیشکەکەی و میدیاوە، "دەیانزانی کە توانای سەرۆکایەتی نییە."
دوای راگەیاندنی کشانەوەکەی، میدیای رۆژئاوا دەڵێت بایدن گوتوویەتی پاڵپشتی بۆ کامالا هاریس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا وەکو بەربژێری دیموکراتەکان بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا دەربڕیوە.
جۆ بایدن کەوتە بەرچاوی میدیاکان دوای لە یەکەم دیبەیتی سەرۆکایەتی لە بەرامبەر دۆناڵد ترەمپی بەربژێری کۆمارییەکان لە 27ی حوزەیران ئاستێکی خراپی پێشکێشکرد و کەوتە بەر رەخنەی ئەندامانی پارتەکەی و شرۆڤەکارانی سیاسی.
سەرەڕای گوشارەکان بۆ کشانەوە، جۆ بایدن تا ئەم دواییانە سووربوو لە کێبکڕکێی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بمێنێتەوە، بەڵام ژمارەیەک ئەندامی کۆنگرێس لەسەر پشکی دیموکراتەکان هۆشداریان دابوو کە ئەگەر بایدن لە کێبڕکێکردن بەردەوام بێت، دەیدۆڕێنێت.
جۆ بایدن لە پەیامی کشانەوەی لە کێبکڕکێکەدا رووی خۆی دەکاتە خەڵکی ئەمریکا و دەڵێت: "گەورەترین شانازیی ژیانم بووە کە وەکو سەرۆکی ئێوە خزمەتم کردووە.. لەکاتێکدا نیازم وابووە خۆم بەربژێربکەمەوە، پێموایە لە بەرژەنوەندیی پارتەکەم و وڵاتەکەمە بکشێمەوە و تەنیا سەرنجم لەسەر راپەڕاندنی ئەرکەکانم بێت تاوەکو خولەکەم تەواو دەکەم."
بایدن دەشڵیت، ئەم هەفتەیە وردەکاریی زیاتر لەبارەی بڕیاری کشانەوەی بۆ گەلەکەی ئاشکرا دەکات.
لە راگەیەندراوەکەیدا بایدن ستایشی کارەکانی ئیدارەکەی دەکات و دەڵێت: "لە سێ ساڵ و نیوی رابردوودا وەکو گەل، پێشکەوتنی مەزنمان بەدەستهێناوە."
بایدن دەڵێت: "ئەمڕۆ ئەمریکا خاوەنی بەهێزترین ئابوورییە لە جیهاندا. وەبەرهێنانی مێژووییمان لە بونیادنانەوەی وڵات، دابەزاندنی نرخی داو و دەرمان بۆ کەسانی بەتەمەن و فراوانکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی بۆ ژمارەیەکی پێوانەیی لە هاووڵاتی ئەمریکی فەراهامکرد."
لە پەیامەکەیدا بایدن ستایشی کامالا هاریسی یەکەم رەشپێست وەکو جێگری سەرۆکی ئەمریکا دەکات و بە "هاوبەشێکی ناوازە" لەماوەی کارکردنیدا ناوی دەبات.
بایدن چیدی بەرگەی گوشار و رەخنەی ئەندامانی پارتەکەی نەگرت و ئەمڕۆ یەکشەممە بە فەرمی لە کێبکڕکێی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کشایەوە کە تێیدا دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا تەنیا بەربژێری کۆمارییەکانە.
جۆ بایدن لە دوای دیبەیتەکەی 27ی تەممووز لە دیدی زۆربەی کۆماری و دیموکراتەکان لاواز لەبەرامبەر دۆناڵد ترەمپ دەرکەوت، سەرۆکی ئەمریکا دانی بەوەنا کە ئەو شەوە شەوێکی خراپی بەڕێکرد و راوێژکارەکانی گوتیان کە بایدن ئەو شەوە نەخۆش بووە و تازە لە گەشتێکی دەرەکی گەڕابووەوە، بەڵام ئەمە یەکەمجار نەبوو جوڵەو قسە هەڵەکانی بایدن بکەوێتە ژێر سەرنجی خەڵک.
هەفتەی رابردوو بایدن لە لووتکەی ناتۆ لە ئەمریکا ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی بە سەرۆکی رووسیا ناوبرد، دوای چەند چرکەیەک هەڵەکەی خۆی راستکردەوەو گوتی: "زۆر سەرنجم لەسەر ئەوەیە لە پووتین بدەم." ئەم هەڵەیە تەنیا مشتێک بوو لە خەرمانێک.
لەدوای هەوڵی تیرۆرکردنی لە 13ی تەممووزی ئەم ساڵ، ئاستی رەزامەندی خەڵک لە ترەمپ بۆ 40٪ بەرزبووەوە، ئەمەش بەرزترین ئاستی رەزامەندییە لە چوار ساڵی رابردوودا لەلایەن سەنتەرەکانی راپرسییەوە بڵاوکراوەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ