رووداو دیجیتاڵ
گەڕان بەدوای ئەو کەسانەی رۆیشتبوون لە قووڵایی زەریای ئاتڵانتیک پاشماوەی کەشتیی تایتانیک ببینن بەردەوامە؛ ئەوە لە کاتێکدایە خەریکە ئۆکسجینی ژێردەریاییەکەیان نامێنێت.
دەرفەتی رزگاربوونیان کاژێر دوای کاژێر کەمتر دەبێتەوە و خەریکە چیرۆکێکی دیکەی خەمگین لە زەریای ئاتڵانتیک جێدەهێڵن.
جامی فرێدریک، هاوئاهەنگاری فریاگوزاری پاسەوانی دەریاییە و دەڵێت، "هەوڵەکانی گەڕان لەسەر رووی دەریا لە رێگەی فڕۆکەی سی 130 بە دووربین و رادار و هەروەها بۆ نێو دەریاش بە فڕۆکەی پی 3ی دەریابین بەردەوامن؛ تاوەکو ئەم ساتە هەوڵەکان هیچ ئەنجامێکیان نەبووە."
بەپێی دوایین خەمڵاندنەکان، چاوەڕوان دەکرێت کاژێر ( GMT 10:00) رۆژی پێنجشەممە ئۆکسجینی نێو ژێردەریاییەکە تەواو ببێت. شەوی سێشەممە پاسەوانی دەریایی ئەمریکا ئاماژەی بەوەکردبوو، تەنیا بەشی 40 کاژێر ئۆکسجین لەنێو ژێردەریاییەکەدا ماوە.
هاووڵاتییەکانی نێو ژێردەریاییەکە پێکدێن لە شازادە داود، ملیاردێری پاکستانی و سلێمانی کوڕی، پۆڵ هێنری، دەریاوانی فەرەنسی و هەیمیش هاردین، ملیاردێری بەریتانی و ستۆکتن رەش، بەڕێوەبەری ئەو کۆمپانیایەی ژێردەریایی تیتانی دروستکردووە.
لە نۆڤەمبەری 2022دا ستۆکتن رەش لەنێو ژێردەریاییەکەی دەردەکەوێت و باس لە سەلامەتی داهێنانەکەی دەکات، دەڵێت تەنانەت دەتوانیت بە دەسکی یاریی ئەلیکترۆنی جووڵەی پێ بکەی. ئێستاش کەس نازانێت خۆی و هاوسەفەرەکانی و ژێردەریاییەکە لەکوێن.
رەش ئەوکات دەیگوت، "دەکرێت هەموو شتێک شکستبهێنێت، بزوێنەرەکە لە جووڵە بکەوێت؛ رووناکییەکان نەمێنن، بەڵام تۆ لێرە سەلامەت دەبیت."
جوڵس جافی، زەریاناسی ئەمریکی لە ئۆفیسەکەی لە 'لا جۆڵا'ی کەناراوەکانی کالیفۆرنیا زۆر بێ هیوا لە ئەگەری رزگاربوونی گەشتیارەکان دەڕوانێت و دەڵێت، "یان کێشەی میکانیکییە یان ئەلیکترۆنی، هیوادارم ئەلیکترۆنی بێت، چونکە ئەم ژێردەریایانە کێشیان هەیە و تایبەتمەندییەکیشیان ئەوەیە، کێشیان سووک دەکەن، چونکە ئەگەر تۆ لە ئاو قورستربیت ژێر ئاو دەکەویت، ئەگەر سووکتر بیت ئەو سەرئاو دەکەویت."
هەرچەندە فڕۆکەکانی کەنەدا دەڵێن، بۆ هەر 30 خولەک جارێک گوێبیستی دەنگێک بوون لەو شوێنەی کە ژێردەریاییەکەی لێ ونبووە. ئەگەر هاتوو بە لەکارکەوتوویش دۆزرایەوە، بەهۆی ئەوەی کێشی زیاترە لە 10 هەزار کیلۆگرام، دەرهێنانی قورس دەبێت.
ژێردەریاییەکە 7 مەتر درێژە و بە 17 بوورغوو بەستراوە، زەریاناسان بەدووری دەزانن بەختەکەی لەو کەشتی تایتانیکە سپیتر بێت کە گەشتیارەکان لە قووڵایی 3800 مەتر لەژێر دەریاوە بۆ بینینی رۆیشتبوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ