رووداو دیجیتاڵ
دوای چەندین مانگ، سەرەنجام دیموکرات و کۆمارییەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەران بە کۆی دەنگ پاکێجێکی 61 ملیار دۆلارییان بۆ ئۆکراینا پەسند کرد. پاکێجێک، ئەگەر ئەنجوومەنی پیرانیش پەسندی بکات، سووتەمەنیی زیاتر بە ئاگری شەڕی ئۆکراینا و رووسیادا دەکات.
مایک جۆنسن، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران (کۆماری) دەڵێت، "بە باشتری دەزانم فیشەک بۆ پێکدادان لە دەرەوەی وڵات بنێرم نەک بۆ سەربازانمان. پێموایە ئەمە ساتێکی گرنگە، دەرفەتێکی گرنگە بۆ دەرکردنی ئەم بڕیارە. رێگەمان خۆشکرد ئەنجوومەن ئەم کارە بکات و چاوەڕێ دەکەین پیرانیش هەمان رێ بگرێتەبەر."
لە مانگی شوباتەوە دیموکرات و کۆمارییەکانی ئەمریکا لەسەر هاوکاریکردنی ئۆکراینا پێکنایەن؛ ئەمە بە روونی رەنگدانەوەی لە مەیدانی جەنگدا هەبووە.
ئۆکراینا شاری ئەڤدیڤکای لە دۆنباس لەگەڵ چوار شارۆچکە و گوندی لەدەستداوە. سەربازانی ئۆکراینا چەک و تەقەمەنییان لێبڕاوە و لە بەرەکانی جەنگدا بێ فیشەک ماونەتەوە.
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاند، "ئەو بڕیارەمان پێگەیشت کە چاوەڕێمان دەکرد. پاکێجی پاڵپشتیی ئەمریکامان پێگەیشت کە زۆر لەپێناویدا جەنگاوین. پاکێجێکی زۆر گەورەیە کە سەربازانمان لە بەرەکانی جەنگ و لەو شارۆچکە و گوندانە هەستی پێدەکەن کە زیانیان بەدەست تیرۆری رووسیاوە بینیوە."
پاکێجە گەورەکەی ئەنجوومەنی پیران لە 95 ملیار دۆلار پێکدێت، 60.8 ملیاری بۆ ئۆکراینایە، 26 ملیاری بۆ ئیسرائیل و هاوکاریی مرۆییە بۆ خەڵکی غەززە، 8.12 ملیاریشی بۆ تایوان.
ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا سەرکۆنەی بڕیارەکەی ئەمریکای کرد و گوتی، "قەیرانە داراییەکان لە جیهاندا دژوارتر دەکەن." گوتەبێژی سەرۆکایەتیی رووسیاش گوتی، پاکێجەکەی ئۆکراینا "سەربازی زیاتری ئۆکراینی بە کوشت دەدات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ