رووداو دیجیتاڵ
لە شاری دوسڵدۆرف کۆبوونەوەیەک سەبارەت بە کۆششی ژنانی رۆژهەڵات هەم لە کوردستان و هەم لە دیاسپۆرا بەڕێوەچوو. هەریەکە لە هێرۆ خوسرەوی و سرور خەلیلی، کە دوو خانمی چالاکی کوردن لە ئەڵمانیا، بە زمانی ئەڵمانی گوتاریان هەبوو.
پێش کۆبوونەوەکە هەریەک لە هێرۆ خوسرەوی و سرور خەلیلی لە ستۆدیۆی بەرنامەی دیاسپۆرا لە ئەڵمانیا میوان بوون. هێرۆ خوسرەوی، چالاکڤانێکە و ماوەی 10 ساڵە لە ئەڵمانیا دەژی، رایگەیاند "دەنگی کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان، بەتایبەتی دەنگی شۆڕش دوای شەهیدکردنی ژینا ئەمینی وەک پێویست ناگات. هەروەها هەوڵی زۆردراوە دەنگی کوردی رۆژهەڵات کپ بکرێت و نەگاتە جیهان، بەڵام ئێمە لە رێگەی کۆڕ و سیمینارەکان کێشەکانی کورد لە رۆژهەڵات دەگەیێنن."
هێرۆ خوسرەوی کە چەندین ساڵ لە باشووری کوردستان بووە و لە ساڵی 2013 چووەتە ئەڵمانیا و بەباشی زمانی ئەڵمانی دەزانێت، گوتی: "لە کۆبوونەوەکەدا بە زمانی ئەڵمانی باسی کێشەکانی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەکەم، هەروەها باسی دۆخی قورسی ژنی کورد و پیاوسالاری و خراپی بەشێک لە دابونەریتەکان دەکەم کە هۆکارن بۆ ژن کوژی." گوتیشی، "دەتوانین لە زۆر رێگەوە دۆخی ژنی کورد بە جیهان بگەیێنین، دەکرێ لە رێگەی دامەزراوەکەمانەوە دەنگی ژنی کورد بگەیێنین."
هێرۆ خوسرەوی ئاشکرایکرد، لە کۆبوونەوەکەدا زیاتر باسی رۆڵی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران دەکەین.
سرور خەلیلی، یەکێکە لە چالاکڤانەکان، ئەویش لەو جڤینەدا بەشدار دەبێت و رایگەیاند، "زۆربەی ئەڵمانییەکان ژینا ئەمینی ناناسن، گرنگە کارێک بکەین دەنگی رۆژهەڵات بە هەموو ئەڵمانیا بگات. گوتی، "لە باشووری کوردستان لەدایکبووم، بەڵام لە ئەڵمانیا گەورەبووم، تەنانەت لە قوتابخانەش لە ئەڵمانیا نەمدەتوانی بڵێم کوردم، خوێندکارانی هاوڕێم بەمنیان دەگوت تۆ ئێرانیت نەک کورد، دواتر کە گەورەبووم هەستم کرد، کوردبوون چەند زەحمەتی دەوێت، بۆیە نابێت بترسین و دەبێت لە چالاکییەکان بەشداربین."
سرور خەلیلی روونیکردەوە، بەشێک لە ژنان نایانەوێت دەرکەون و داوای مافەکانیان بکەن، گوتی، "نابێت ترسمان هەبێت لەوەی خۆمان پێشانبدەین و بچینە پێشەوە."
سرور خەلیلی ئاشکرایکرد، پەیوەندییەکی پتەوی لەگەڵ حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان هەیە و گوتیشی، "ئایندەی ئێران بەبێ کورد باش نابێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ