سەرۆکی ئەمریکا لێخۆشبوون بۆ دوو قەل دەردەکات

20-11-2023
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
لە وێنەکەدا، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و یەکێک لە قەلەکان دەرکەوتوون. وێنە: AFP
لە وێنەکەدا، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و یەکێک لە قەلەکان دەرکەوتوون. وێنە: AFP
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
جەژنی سوپاسگوزاری بۆنەیەکی نیشتمانییە وهەموو ساڵێک ئەمریکییەکان یادی دەکەنەوە. ئەمڕۆ لە چوارچێوەی بۆنەکەدا کە 76 ساڵە دووبارە دەکرێتەوە، سەرۆکی ئەمریکا لێخۆشبوون بۆ دوو قەل دەردەکات.
 
 لەوانەیە ئەوانە دووان لە خۆشبەختترین قەلەکانی ئەمریکا بن، چونکە ئەمڕۆ لە جەژنی سوپاسگوزاریدا نابنە ئێوارەخوانی هیچ کەسێک.
 
ستیڤ لیکن، سەرۆکی مارکێتی جینی بۆ قەل دەڵێت، "هەردووکیان لە ویلماری مینیسۆتا لەدایکبوون و گەورەکراون، کە شوێنی سەرەکی مارکێتەکەمانی لێیە. خاوەن تیمێکی گەورەین. کێشیان 20 کیلۆ دەبێت کاتێک دەخرێنە بەردەم سەرۆک".
 
ئەمڕۆ بیڵ و لیبێرتی دوو لە بەنێوبانگترین پەلەوەرەکانی جیهانن، چونکە لە کۆشکی سپی پێشوازییەکی گەرمیان لێدەکرێت و بەسەر فەرشی سووردا تێدەپەڕێندرێن.
 
قەلەکان پێشتر لەلایەن خاوەنەکەیانەوە بۆ رۆژێکی وەکو ئەمڕۆ ئامادەکراون.
 
ستیڤ لیکن، سەرۆکی مارکێتی جینی بۆ قەل باس لەوە دەکات، "زۆر بە جوانی گەورەمان کردوون و لەگەڵ کەشوهەوای جیاواز گونجاندوومانن".
 
جەژنی سوپاسگوزاری بۆنەیەکی نیشتمانیی ئەمریکییە و لە ساڵی 1947ەوە، لەوکاتەی فیدراسیۆنی قەلی نیشتیمانی قەلێکی پێشکەش بە سەرۆک هاری ترومان کرد، هەموو ساڵێک لە مانگی نۆڤەمبەر، سەرۆکی ئەمریکا لێخۆشبوون بۆ دوو قەل دەردەکات. ئەمە لەکاتێکدا لە جەژنی سوپاسگوزاری، قەل خۆراکی سەرەکی ئێوارەخوانی زۆربەی خەڵکی ئەمریکایە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە