رووداو دیجیتاڵ
دیلان یەشیلگۆزی، هاونیشتمانییەکە کە ئەگەری زۆرە ببێتە یەکەم ژنە سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا.
دیلان، هەمیشە دەم بە خەندە دەردەکەوێت و بە خەون و خولیایەکی زۆرەوە چووەتە نێو رکابەرایەتییەکی سەختی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هۆڵەندا، کە بڕیارە 22ـی تشرینی دووەم بکرێت.
دوێنێ وەزیری دادی هۆڵەندا و ئەمڕۆ لەسەر پشکی پارتی گەل بۆ ئازادی و دیموکراسی، دیلان یەشیلگۆزی ئەگەری زۆری هەیە جێگەی مارک رووتە بگرێتەوە کە 13 ساڵە لە دەسەڵاتە.
دیلان یەشیلگۆز، بەربژێری سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا دەڵێ "لەم هەستە دڵنیانیم. هەستێکی بە جۆش و خرۆشە، بەڵام دەزانی، ئەمە بۆ خەڵك دەگەڕێتەوە و دەگەڕێتەوە سەر دەنگدەر. 22ـی نۆڤەمبەر ساتێکی زۆر گرنگ دەبێت. کورسییەکەی من بابەت نییە. کێشەی خەڵکی هۆڵەندا بابەتە، کە چۆن چارەسەری بکەین."
یەشیلگۆز کچی چالاکڤانێکی کوردی باکووری کوردستانە و بە منداڵی لەگەڵ خێزانەکەی چووەتە هۆڵەندا، بەڵام ئێستا خۆی یەکێکە لەو بەربژێرانەی کار لەسەر چارەسەرکردنی قەیرانی کۆچبەری دەکات، بێ گومان بەتەنیاش نییە.
بەڵام ئەوانەی لەم گەشتەدا هاوسەفەری ئەون، هاوکات رکابەری سەرسەختی ئەویشن. یەکێکیان پیتەر مۆتزیگت، سەرۆکی پارتی گرێبەستی سۆشیالی نوێییە، کە لە راپرسییەکاندا لە پلەی دووەم دێت.
پیتەر مۆتزیگت دەڵێ "چاومان لە هاریکارییەکی زۆر تووندوتۆڵە لەگەڵ هاوبەشە ئەوروپییەکانمان، بەڵام دوو شت لە بەرنامەی کاری هەڵبژاردنمان هەن کە زۆر روونن. یەکێکیان ئەوەیە زۆر بە تووندی دژی قەرزی ئەوروپا وەستاوینەتەوە. دووەمیان ئەگەر لەگەڵ ئەوروپا نەگەینە رێککەوتن، ئەوکاتە ئاماژە بە سیاسەتی کشانەوە دەدەین، کە وڵاتانێکی وەکو دانیمارک لە رابردوودا کردوویانە."
فرانس تیمەرمارنس، سەرۆکی هاوپەیمانیی سەوز گۆمی مەلەوانی هەڵبژاردنی هۆڵەندای قوڵتر کردووەتەوە. ئەو، لە پلەی سێیەم دێت و خەونی گەورەی هەیە.
سەرۆکی هاوپەیمانی سەوز (کار) باس لەوە دەکات "دەمەوێت رێککەوتنی سەوزی ئەوروپی بێنینە نێو هۆڵەندا لەگەڵ سێ بابەتی دیکەی سەرەکی، یەکەمیان، شار و گوندەکانمان سەوز بکەین، دووەم، هاوسەنگی لەنێوان سرووشت و کشتوکاڵ بپارێزین، سێیەمیان، پیشەسازیمان بخەینە نێو پیشەسازییەکی بەردەوامی گەشەسەندووەوە."
لەگەڵ خاتوو دیلان، 25 پارتی دیکە لە رکابەریدان لەسەر بەدەستهێنانی زۆرترین کورسی لەنێو 150 کورسییەکەی پەرلەمان کە راپرسییەکان دەڵێن، 17ـیان دەچنە نێو پەرلەمانەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ