چیرۆکی ئەو دادوەرە ئیتاڵییەی لە سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەی زیاتر پاسەوانی هەیە

20-08-2023
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
چیرۆکی دادوەرێکی ئیتاڵی
چیرۆکی دادوەرێکی ئیتاڵی
نیشانەکردن ئیتاڵیا مافیا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە ئیتاڵیا ماوەی 30 ساڵە مافیاکان بەدوای دادوەرێکەوەن بۆ ئەوەی بیکوژن. نیکۆلا گراتێری چەندین ساڵە ناتوانێت تەنانەت 10 مەتریش بە تەنیا رێبکات، ئەوەندە هەڕەشە لەسەر ژیانی هەیە کە ناچارە دوو مانگ جارێک منداڵەکانی ببینێت، سەرەڕای ئەوەی ژمارەیەکی زۆر پاسەوانی هەیە.
 
نیکۆلا گراتێری بە رێوشوێنی ئەمنیی توند، لە شوێنێکەوە بۆ شوێنی دیکە دەچێت؛ ئۆتۆمبێلێکی پۆلیس لە پێشی و یەکێکیش لەدواوە پارێزگاری لێدەکەن. کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی نیکۆلا، سیستەمی پووچەڵکردنی مین و تەقەمانیان بۆ دانراوە.
 
نیکۆلا، کە ژمارەی پاسەوانەکانی لە پاسەوانەکانی سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا زیاترە، هەرگیز بەتەنیا نامێنێتەوە و بۆ هەر شوێنێک بڕوات، پاسەوانەکانی لە دەوروبەرینی.
 
لە ساڵی 1993ـوە لەوەتەی لە فایلی تووندئاژۆترین مافیاکانی جیهان دەکۆڵێتەوە، ژیانی دادوەرە ئیتاڵییەکە بەمجۆرە گۆڕاوە، کە خۆی دەڵێ "ژیانم گۆڕاوە، ناتوانم بەبێ هاوکاریی پۆلیس، هیچ کارێک بکەم. تەنانەت ناتوانم 10 مەتریش بەتەنیا بڕۆم."
 
پاسەوانی 24 کاژێری بۆ ئەم پیاوە دانراوە، کاتێک لە نەوەتەکانەوە دوو لە هاوپیشەکانی لە تەقینەوەی میندا کوژران. ئەویش لە چەندین هەوڵی تیرۆرکردن رزگاری بووە.
 
نیکۆلا گراتێری، دادوەر لە هەرێمی کالابریا لە ئیتاڵیا دەڵێ "چەندین خێزانی مافیاکان حەزدەکەن بمرم. خەونی پێوە دەبینن. هەوڵی کوشتنم دەدەن. خوویان بەمنەوە گرتووە."
 
دادوەرەکە، رۆڵی گەورەی لە کەیسی دادگاییکردنی 'ماکسی' لە نەوەتەکاندا هەبووە، کە تێیدا 338 مافیا بۆ 2665 ساڵ سزای زیندانیان بۆ بڕایەوە، ئەمەش ئەوی کردە داواکاری یەکەمی مافیاکانی سیسیلی.
 
ئێستاش رۆڵی هەیە لە کەیسی دادگاییکردنی ئێندرانگێتا کە بە رێکخراوترین گرووپی مافیا لە جیهان دادەندرێت، کە مافیا دەستگیرکراوەکان لەسەر شاشە و لەژێر چاودێرییەکی توونددا دادگایی دەکرێن و بە تێکڕا، سزای 4000 ساڵ زیندانییان بۆ بڕاوەتەوە.
 
نیکۆلا گراتێری لەبارەی کەیسی ئێندرانگێتا دەڵێ "باوەڕم وانییە بتوانم لەناویببەم، بەڵام دەتوانین کەمیان بکەینەوە، پێویستمان بە یاسای دیکە و گۆڕینی عەقڵیەتە."
 
لەگەڵ سەرکەوتنی بۆ نێو ئۆتۆمبێلە گولـلەنەبڕەکەی، دەردەکەوێت ئەم دادوەرە چ باجێکی لە شەڕێک داوە، کە بردنەوەی ئاسان نییە.
 
نیکۆلا گراتێری، دوو مانگ جارێک تەنیا بۆ ماوەی 30 خولەک منداڵەکانی دەبینێت و، هیچ دەرفەتێکی خانەنشینبوونیشی نییە، چونکە هەرگیز هەست بە سەلامەتی ناکات.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە