ژێردەریاییەکی گەشتیاری سەردانی تایتانیک دەکات؛ سێ رۆژە بێسەروشوێنە

20-06-2023
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
ژێردەریایی تیتان.
ژێردەریایی تیتان.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

دوای 111 ساڵ لە تێکشانی کەشتیی تایتانیک، خەریکە چیرۆکێکی دیکەی هاوشێوەی تایتانیک دووبارە دەبێتەوە.
 
ژێردەریایی 'تیتان'ی سەر بە کۆمپانیای 'ئۆشن گەیت'ـە؛ کاژێر 8ی بەیانی رۆژی یەکشەممە بە 5 گەشتیارەوە چووە قوڵایی 3,800 مەتر لە زەریای ئەتلانتیک بۆ ئەوەی پاشماوەی کەشتیی تایتانیک ببینن. ژێردەریاییەکە و گەشتیارەکانیش تاوەکو ئێستا بێسەروشوێنن. 
 
چەندین وڵات بە سۆنار و پێشکەوتووترین تەکنەلۆژیا کێبڕکێ لەگەڵ کاتدا دەکەن بۆ دۆزینەوەی گەشتیارەکان بە زیندوویی. بەڵام خەریکە خۆراک و ئۆکسجینیان لێ دەبڕێت.
 
رۆبۆێرت سیمسن، ئەفسەری پاسەوانی دەریایی ئەمریکا دەڵێت، "دوای دوو کاژێر پەیوەندی نێوانیان پچڕاوە. لە کاتی چاوەڕوانکراوی گەڕانەوەیاندا بەدواداچوونێکی سەرەتاییان کردووە و هیچ ئاماژەیەکی ژێردەریاییەکەیان نەدۆزیوەتەوە و پەیوەندیان بە پاسەوانی دەریاوە کردووە."

 

 
هەر یەکێک لەو گەشتیارانە بۆ بینینی کەشتی تایتانیک 250 هەزار دۆلاریان بە تکت داوە، لەنێویاندا 'هامیش هاردینگ' ملیاردێری تەمەن 58 ساڵی بەریتانی هەیە.
 
ستۆکتن رەش،  بەڕێوەبەری کۆمپانیای  OceanGate دەڵێت، "خەڵک هەیە عاشقی بینینی تایتانیکن، خەڵکمان هەن ماڵ و سامانیان فرۆشتووە بۆ ئەوەی گەشتەکە بکەن، خەڵکیش هەن بۆ گەشتێک بەم تێچووە دووجار بیرناکەنەوە. بەڕێزێکمان هەیە کە لۆتەری بردووەتەوە."
 
ژێردرەیایی تیتان لە دووری 700 کیلۆمەتر لە باشووری ویلایەتی نیو فاوندلاندی کەنەدا بۆ قوڵایی 3,800 مەتر لە زەریای ئاتلانتیک چووە، کەشتی تایتانیک ببینێت، بەڵام پەیوەندی بە هەموو سەرچاوەیەکەوە پچڕاوە.
 
تیتان ژێردەریایێکی کاربۆن فایبەری نزیکەی نۆ مەترییە، پێنج سەرنشین هەڵدەگرێت و لەتوانایدایە 4,000 مەتر بچێتە قوڵایی زەریاکانەوە، توانای هەڵگرتنی 10.4 تۆنی هەیە و ئۆکسجین و کەرستەی خۆراک بۆ ماوەی 96 هەڵدەگرێت. 
 
تایتانیک کەشتیێکی زەبەلاحی بەریتانی کۆمپانیای 'وایت ستار لاین' بوو، بە 2,224 سەرنشین لە ساوسامتۆنی بەریتانیاوە بەرەو نیویۆرکی ئەمریکاوە بەرێکەوتبوو، لە 14ی نیسانی 1912 لە باکووری زەریای ئاتلانتیک خۆی بە شاخێکی بەفریندا کێشا و  لە 15ی نیسان ژێرئاوکەوتنەکەی بووە مانشێتی رۆژنامە بەریتانی و ئەمریکییەکان و زیاتر لە 1,500 کەس گیانیان لەدەستدا.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە