رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، 45ـەمین و لە ئەمڕۆشەوە دەبێتە 47ـەمین سەرۆکی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئەو سەرۆکەی لە مێژووی ئەمریکادا یەک وێنەی دیکەی هەبووە کە دوو خولی پچڕاو لە کۆشکی سپییەوە حوکمی ئەمریکا بکات.
ترەمپ، پێش ئەوەی سەرۆک بێت، ئەستێرەی میدیایی و گەورە بازرگان بووە. فرێد ترەمپی باوکی، پیاوێکی بازرگانی خانووبەرەی بە رەچەڵەک ئەڵمانە و ماری ئان-ی دایکی، هاووڵاتییەکی بە رەچەڵەک سکۆتلاندی بووە. ئەو لە ساڵی 1946 لە نیویۆرک لەدایکبووە و ئێستا تەمەنی 79 ساڵە، واتە لەکاتی کۆتاییهاتنی ماوەی سەرۆکایەتییەکەی، تەمەنی دەبێتە 83 ساڵ.
خولیای ترەمپ
ترەمپ لە منداڵییەوە حەزی لە سینەما و میدیا بوو، لە 1989 تاوەکو 2001، بەشداری لە لانیکەم 43 فیلم، زنجیرە دراما و بەرنامەی کۆمێدی کردووە.
زۆرجار بە ناوی خۆیەوە دەرکەوتووە و کەمتر بە ناوی کارەکتەری سینەمایی. دیارترینی زنجیرەی "ئەپرێنتیس" بوو کە لە 2004 تاوەکو 2015، لانیکەم 15 وەرزی پێشکێشکرد، ترەمپ لە 14ـیان بەشداریکرد و هاوبەشی بەرهەمهێنانیشی بوو.
ترەمپ هاوکات لەگەڵ سەرقاڵبوونی بە کار و چالاکییە بازرگانییەکانی، زۆرجار سەری بۆ سیاسەتیش خوراوە. جاروبار رەخنەی لە سیاسەتی سەرکردەکانی ئەمریکا دەگرت، هەندێجار بە گەمژە وەسفی دەکردن.
جگە لەو هەموو خولیا و ئارەزووانە، ترەمپ ئەو خواستەشی نەدەشاردەوە، هاوشێوەی یارییەکانی بۆکسێن و زۆرانبازی، پێی خۆشە رووبەڕووی نەیارانی بێتەوە و بە هەر نرخێک بێت، براوە بێت.
سەرەتای سەرکەوتنەکانی
دوای دوو ساڵ خوێندن لە ئەکادیمیای سەربازی و چوار ساڵ لە زانکۆی پێنسلڤانیا، ترەمپ لە ساڵی 1968 بڕوانامەی لە زانستی ئابووری بەدەستهێنا. هەر لەو ساڵەدا تێکەڵی کار و بازرگانییەکانی باوکی بوو، واتە کارکردن لە کڕین و فرۆشتنی خانووبەرەدا. دوای کەمتر لە ساڵێک، توانی جێی خۆی بکاتەوە و دوای نزیکەی 6 ساڵ بووە ملیۆنێر.
لە ساڵی 1983، لەگەڵ باوکی، بە 300 ملیۆن دۆلار تاوەری هەوربڕی ترەمپی 58 نهۆمیی دروستکرد. خولیا و خۆشەویستییەکی لە رادەبەدەری بۆ بازرگانیی خانووبەرە هەیە، ئەوەش کاریگەریی باوکی بووە لە سەری.
ژیانی خێزانیی ترەمپ
لە ژیانیدا سێ جار هاوسەرگیریی کردووە:
لە 1977 تاوەکو 1992، هاوژینێکی بە ناوی ئیڤانا هەبوو.
لە 1993-1999 مارلا مەیپڵس هاوژینی بووە.
لە 2005ـەوە میلانیا ترەمپ هاوژینیەتی.
منداڵەکانی:
- دۆناڵد ترەمپ جونیۆر، لەدایکبووی ساڵی 1977
- ئیڤانکا ترەمپ، لەدایکبووی ساڵی 1981
- ئێریک ترەمپ، لەدایکبووی ساڵی 1984
- تیفانی ترەمپ، لەدایکبووی ساڵی 1993
- بارۆن ترەمپ، لەدایکبووی ساڵی 2006
کاری رۆژانەی ترەمپ؛ لەگەڵ گزنگی بەیان هەڵدەستێ
ترەمپ، رۆژانە خۆی بە چەند کارێکی جیاوازەوە سەرقاڵ دەکات، بەیانیان کاژێر 05:30 لە خەو هەڵدەستێت، ماوەیەک لە راگەیاندنەکان سەیری هەواڵەکان دەکات، رۆژانە چەند جارێک پەیوەندی بە راوێژکارەکانییەوە دەکات.
هەروەها رۆژانە چاودێری کۆمپانیا و پڕۆژەکانی دەکات، لەگەڵ بەڕێوەبەرەکانی کۆمپانیاکەی کۆدەبێتەوە، هەندێ کاتیش سەردانی یانەکانی گۆڵف و هۆتێلەکانی دەکات.
ژیانی تایبەت:
ترەمپ، زۆربەی کات لە ماڵەکەی مارئەلاگۆ لە فلۆریدا دەژی و کاتەکانی لەگەڵ خێزانەکەی دا بەسەر دەبات، هەروەها حەزی لە یاریی گۆڵفە و بەردەوام دەیکات.
حەزی لە خواردنی خێرایە، بەتایبەت مەکدۆناڵد، لە 24 کاژێردا 4-5 کاژێر دەخەوێت، گرنگی بە رووخساری دەدات و کەسێکی رێکپۆشە.
پەیوەندیی ترەمپ لەگەڵ ئافرەت
دۆناڵد ترەمپ، لە ژیانیدا بەرکەوتەی زۆری لەگەڵ ئافرەتان هەبووە و هەیە، چ ئافرەتانی ماڵبات و کۆمپانیاکانی، یان ئافرەتانی دەرەوە.
ئەو، پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ ئیڤانکا هەیە کە وەک راوێژکاری سەرەکی هاوکارییەتی، بەڵام تیفانی کچی دووەمی کەمتر لە کاروباری باوکی بەشدار بووە.
لە کاری بازرگانی و سیاسیدا، ژمارەیەک ئافرەتی لە پۆستی باڵا دامەزراندووە، لەوانە دامەزراندنی ئەلینا حەبە، ژنە پارێزەری بە رەچەڵەک عێراقی، وەکو پارێزەری کەسیی خۆی.
ترەمپ، زۆر جار لەسەر هەڵسوکەوتی لەگەڵ ئافرەتان رووبەڕووی رەخنە بووەتەوە، چەندینجار بە دەستدرێژی و هەڵسوکەوتی نەشیاو بەرامبەر ئافرەتان تۆمەتبار کراوە.
لە ساڵی 2023ـدا، جین کارۆڵ، ژنە نووسەر و رۆژنامەڤانی تەمەن 79 ساڵی ئەمریکی، لە دادگەی فیدراڵی مانهاتن بە خەندەوە هاتەدەرەوە بەهۆی ئەوەی کەیسێکی گێچەڵی سێکسی لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بردەوە و بە یاسا، 5 ملیۆن دۆلار قەرەبووکردنەوەی بەسەر ترەمپ دا سەپاند.
چیرۆکەکەی کارۆڵ بەو جۆرەبوو؛ گوایە 27 ساڵ بەر لە ئێستا، ترەمپ لە ژوورێکی خۆگۆڕینی فرۆشگەی بێرگدۆرف گوودمان لە نیویۆرک، دەستدرێژیی سێکسی کردووەتە سەر.
ئەوکاتە، دۆناڵد ترەمپ تۆمەتەکەی رەتکردەوە و گوتی، "ئەو ژنە هەر ناناسێت." رەخنەی تووندیشی لەوە گرێت دادگە رێگەی نەداوە لەبەردەم رای گشتیدا بەرگری لە خۆی بکات و بڕیاری دادگەی مانهاتنیشی بە ناڕەوا دانا.
ساڵی 2024ـیش، بە بەرتیلدان بە ئەکتەری فیلمەکانی پۆڕن، ستۆرمی دانیاڵس تۆمەتبارکرا تاوەکو بێدەنگ بێت و لە دژی ترەمپ قسە نەکات، هەرچەندە دادگە لە دژی ترەمپ بڕیاریدا، بەڵام هیچ سزایەکی نەدا، بەو مەرجەی ئەو تاوانانەی لەسەری بوون، دووبارەیان نەکاتەوە.
سەنگەر گواستنەوەی ترەمپ
ترەمپ لە ژیانی سیاسیدا، چەند جارێک سەنگەری گۆڕیوە، ئەمەش بووەتە جێی رەخنە و گازندەیەکی زۆر، بەڵام بەبێ گوێدانە رەخنەکان، بەردەوامبووە لەسەر ئەو رێبازەی خۆی باوەڕی پێی بووە.
لە 1987 تاوەکو 1999 ئەندامی پارتی کۆماری بووە، لە 1999 تاوەکو 2001 چووە بەرەی ریفۆرمخوازان، پاشان وازی هێنا و تاوەکو ساڵی 2009 بووەتە دیموکرات، 2011 تاوەکو 2012 خۆی وەک سەربەخۆ ناساند، لە 2012 گەڕایەوە نێو پارتی کۆماری.
کورد لە دیدی دۆناڵد ترەمپەوە
دۆناڵد ترەمپ، لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتیدا (2016-2020)، چەند جارێکی باسی کوردی کردووە و لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش کۆبووەوە.
ساڵی 2020، لە کۆڕبەندی داڤۆسی سویسرا، چاوی بە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کەوت و بە "جەنگاوەرە مەزنەکە" وەسفی کرد.
لەبارەی رۆژئاوای کوردستانیش، دۆناڵد ترەمپ هەڵوێستی تایبەتی خۆی هەیە و دەڵێ "کورد لەپێناو پاراستنی خاکەکەیان دەجەنگن. کەسێك ئەمڕۆ بابەتێكی زۆر بەهێزی لە رۆژنامە نووسیبوو و تێیدا گوتبووی، ئەوان هاوکاری ئێمەیان نەکرد لە جەنگی جیهانیی دووەم، هاوکاریی ئێمەیان نەکرد لە شەڕی نۆرماندی. سەرباری ئەوە، ئێمە پارەی زۆر زۆرمان لە هاوکاریکردنی کورد خەرجکرد لە بواری سەربازی دا بە پێدانی چەک و پارە. ئێمە کوردمان خۆش دەوێت."
رۆژی 7ـی کانوونی دووەمی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژاردراوی ئەمریکا لە شوێنی مانەوەی خۆی لە مارالاگۆی فلۆریدا کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی ئەنجامدا و تێیدا باسی لە دۆخی سووریا و رۆژئاوای کوردستانیش کرد.
ترەمپ لە کۆنفرانسەکەدا گوتی، ئەردۆغان لەسەر داوای ئەو لە ساڵی 2019، وازی لە هێرشکردنە سەر رۆژئاوای کوردستان هێنا.
سیاسەتی ترەمپ بەرامبەر کورد
یوسف ئازاد، لە ئینستیتیوتی کوردی لە ئەمریکا لەکاتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، لەبارەی سیاسەتی دۆناڵد ترەمپ بەرامبەر کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستانەوە گوتی، "ئەزموونمان لەگەڵ سیاسەتی ترەمپ بەرامبەر کورد لە 2016ـەوە تاوەکو 2020 هەیە، سیاسەتی ترەمپ بەرامبەر کورد لەو ماوەیەدا بەشێوەیەک خراپ بووە کە دۆزی کوردی 50 ساڵ بردووەتە دواوە."
یوسف ئازاد، نموونەی بۆ قسەکانی هێنایەوە و گوتی "لە 16ـی ئۆکتۆبەر (ـی 2017) نیوەی خاکی کوردستانمان لەدەستدا، ترەمپ رووی لە ئێمە وەرگێڕا، هەروەها عەفرین داگیرکرا کە هێندەی مەهاباد کوردستانییە، کەچی ترەمپ هیچ هەڵوێستێکی نەبوو، لە 2019 نیوەی سوپای ئەمریکای لە رۆژهەڵاتی سووریا کشاندەوە و راستەوخۆ رووسەکان شوێنەکانیان پڕکردنەوە، هەرچەندە ترەمپ لە نیوەی رێگە پەشیمان بووەوە، بەڵام کارەکە لەدەست دەرچووبوو."
پلانەکانی ترەمپ
ترەمپ، وەکو سەرۆک و وەکو گەورە بازرگانێک، پلانی خۆی بۆ چوار ساڵی داهاتوو ئاشکرا کردووە، لەوانە:
- کەمکردنەوەی باج لەسەر داهاتی خەڵک، زیادکردنی پێناسی گومرکی لەسەر بەرهەمی بیانی بۆ بووژاندنەوەی بازاڕی بەرهەمی نێوخۆ و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە بازاڕی دەرەکی.
- کەمکردنەوەی تێچووی دەرمان و چارەسەری پزیشکی، زیادکردنی دەسەڵاتی ویلایەتەکان بەسەر کەرتی تەندروستیدا.
- تەواوکردنی دیواری سەر سنووری نێوان ئەمریکا و مەکسیک، بەکارهێنانی سوپا بۆ رێگریکردن لە کۆچبەرانی نایاسایی .
- پاشەکشەکردن لە رێککەوتن و یاساکانی پاراستنی ژینگە، برەودان بە سووتەمەنییە بەبەردبووەکانی وەک نەوت و گاز و خەڵووز.
- کەمکردنەوەی پارەی وزەی سرووشتی و نوێبووەوە
- رێگریکردن لە وەبەرهێنانی چینی لە ئەمریکا
- بەهێزکردنی هاوپەیمانیی ئەمریکا لەگەڵ ئیسرائیل
- کەمکردنەوەی رۆڵی ئەمریکا لە ململانێکانی جیهان
- وەستاندنی جەنگەکانی غەززە و ئۆکراینا
ترەمپ سەرمایەدارانی دەوڵەمەندتر کرد
بەگوێرەی پێنوێنی ملیاردێرەکانی بلوومبێرگ، لەو رۆژەی دۆناڵد ترەمپ بە سەرۆکی ئەمریکا هەڵبژێردرایەوە، سامانی 10 دەوڵەمەندترینەکانی جیهان 64 ملیار دۆلار زیادیکرد.
زۆربەی ئەو کەسانەی لەو رۆژەدا سامانەکانیان زیادیکرد، بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی پشکەکانیان بوو لە بازاڕەکانی ئەمریکا.
بەگوێرەی ئەو داتایانەی لە پێگەی فەرمیی بلوومبێرگ دا بڵاوکرانەوە، لەو رۆژەدا سامانی ئیلۆن مەسک، سەرمایەداری ئەمریکی، کە لە هەڵبژاردنەکەدا پاڵپشتیکارێکی سەرسەختی ترەمپ بوو و بەربژێرە بۆ ئەوەی پۆستی وەزیر وەربگرێت، 26.5 ملیار دۆلار زیادیکرد، ئەوەش دوای ئەوەی نرخی پشکەکانی تێسلا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە.
جێف بیزۆس، دامەزرێنەری ئەمازۆن و سێیەم دەوڵەندترین سەرمایەداری جیهان یەکێکی دیکە بوو لەو کەسانەی لە رۆژی هەڵبژاردنەوەی ترەمپ بە سەرۆکی ئەمریکا، سامانەکەی 7 ملیار دۆلار زیادیکرد.
هەروەها لاری ئیلیسن، سەرۆکی دامەزراوەی ئۆراکل، کە کۆمپانیاییەکی بواری تەکنەلۆژیایە، 10 ملیار دۆلار سامانەکەی زیادی کرد و گەیشتە 190 ملیار دۆلار.
یەکێکی دیکە لەو کەسانەی سامانەکانیان لەو رۆژەدا زیادبوو، مارک زووکەربێرگ، خاوەنی کۆمپانیای مێتایە و سامانەکەی گەیشتە 202 ملیار دۆلار، ئەوەش دوای ئەوەی لەو رۆژەدا سامانەکەی 81 ملیۆن دۆلار زیادکرد.
ریزبەندی ئەو کەسانەی لەو رۆژەدا سامانەکەیان زیادکردووە لەگەڵ رێژەی زیادبوونی سامانەکانیان:
ئیلۆن مەسک: 10٪
جێف بیزۆز: 3.2٪
لاری ئیلیسن: 5.4٪
بێرنارد ئارنۆڵد: 1.6٪
بیڵ گەیتس: 1.2٪
لاری پەیج: 3.6٪
سێرگی برین 3.6٪
وارێن بەفێت: 5.4٪
ستیڤ باڵمەر: 2٪
مارک زووکەربێرگ: 0.04%
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ