ئەمڕۆ پەخشی Nûçe TV و MMC رادەگیرێن

19-08-2013
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو- هەولێر

بڕیارە سەرلەئێوارەی ئەمڕۆ كۆتایی بە پەخشی هەردوو كەناڵی Nûçe TV  و  MMC بێت و دوو كەناڵی دیكە لەجێگەی ئەوان دەست بە پەخش دەكەن.
دادگای دانیمارك رۆژی 3/7/2013 دوا بڕیاری خۆی لەبارەی هەردوو كەناڵی Nûçe TV  و  MMC دەركرد و سزای 2 ملیۆن یۆرۆی بەسەر كۆمپانیای میزۆپۆتامیادا سەپاند.

دادگای دانیمارك مافی كاركردنی لە هەریەكە لە Nûçe TV، MMC و Roj TV سەندەوە، هەروەها مەرجی 10 ملیۆن یۆرۆی دانا بۆ پارێزەرەكان، ئەگەر بیانەوێ تانە لەو بڕیارەی دادگا بدەن.

ئەگەرچی پارێزەرانی ئەو كۆمپانیا میدیاییە تانەیان لە بڕیارەكەی دادگا دا بۆ ئەوەی رەوانەی دادگای باڵا بكرێ، بەڵام جارێكی دیكە داواكاریی ئەوان رەتكرایەوە.

بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی هەواڵی فورات، "ئەمڕۆ كۆمپانیای میدیایی میزۆپۆتامیا بەیەكجاریی دادەخرێت و لەو بارەیەشەوە لێدوانێكی رۆژنامەوانی بڵاودەكرێتەوە".

بەپێی زانیارییەكانی فورات ئەمڕۆ كاژێر 12:00 پەخشی هەریەكە لە Nûçe TV  و  MMCرادەگیرێن، ئەمە لەكاتێكدا لە 8/8/2013 بڕیار لەسەر راگرتنی پەخشی Roj TV دراوە.

بەپێی زانیارییەكانی (رووداو) لەجیاتی ئەو كەناڵانەی دادەخرێن ئامادەكاریی بۆ كردنەوەی 2 كەناڵی دیكە كراوە و دوای داخستنی تەواوەتی دوو كەناڵەكەی دیكە دەستبەكار دەبن، یەكێكیان كەناڵێكی موزیكی دەبێت و كەناڵەكەی دیكەش هەواڵی دەبێت و سەر بە كۆمپانیایەكی دیكە دەبێت.

یەكەم تەلەفزیۆنی ئاسمانی كوردی Med TV لە15/5/1995 لە لەندەن دەستی بە پەخش كرد، توركیاش هەوڵەكانی دژی ئەو كەناڵە خستەگەڕ بەوەی كە ئەو كەناڵە سەر بە پارتی كرێكارانی كوردستانە، بەو هۆیەشەوە كۆمیسیۆنی تەلەفزیۆنی بەریتانی (Independent Television Commission ITC) لە مانگی نیسانی 1999 مافی پەخشكردنی لە Med TV سەندەوە، دوای 3 مانگ لە داخستنی Med TV، تەلەفزیۆنی Medya TV دەستی بە پەخشكرد.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە