رووداو دیجیتاڵ
پیاوێکی ئوسترالی دوای سێ مانگ لە ونبوونی لە زەریای هێمن رزگار کرا؛ ئەو کەمێک رەنگ و رووی تێکچووە، بەڵام لانیکەم زیندووە و لەگەڵ سەگەکەی سەلامەتن.
ئەو هاووڵاتییە ئوسترالییە گومانی لە چیرۆکە سەیرەکانی هۆڵیوود و بەتایبەتیش "کاست ئەوەی"یەکەی تۆم هانکس نەهێشت؛ دوای سێ مانگ لە ونبوونی لەگەڵ سەگەکەی، لە نێوەڕاستی زەریای هێمن، رزگار کران.
تیم شادۆک، هاووڵاتیی ئوسترالی دانیشتووی سیدنی دەڵێت، "بە دۆخێکی زۆر سەختی نێو دەریادا تێپەڕیم. تەنیا پێویستم بە پشوودان و خواردنی باشە، چونکە ماوەیەکی زۆر بوو بە تەنیا لەنێو دەریا بووم."
قژ و ریشە سپییەکەی و رووخسارە زەرد هەڵگەڕاوەکەی، تەنیا دەستپێکی چیرۆکە شێتانەکەیە. تیم شادۆک ئاماژەی بەوە کرد، "خواردنم نەبوو بۆ کاتێکی زۆر."
سێ مانگ لەمەوبەر تیم شادۆک لە 'لا پاز'ی مەکسیکەوە بەرەو دوورگەی 'پۆلینێیژیا'ی فەرەنسا بەڕێکەوت، کەشوهەوای خراپ تەواوی سیستمی ئەلیکترۆنیی یاختەکەی تێکشکاند؛ بۆ ماوەی سێ مانگ تیم و بێڵا لەسەر ئاوی باران و ماسیی خاو ژیاون. تاوەکو چەند رۆژێک لەمەوبەر هەلیکۆپتەرێکی راوەماسی بە رێککەوت هەردووکیانی بینی و رزگاری کردن.
تیم شادۆک لەلایەن تیمێکی پزیشکییەوە چاودێری دەکرێت و رۆژ دوای رۆژ تەندروستیی باشتر دەبێت، ئەو دەڵێت، "داودەرمانی باشم هەیە و زۆر باش چاودێری دەکرێم."
شادۆک لەڕووی جەستەییەوە سەلامەتە و هیچ برینێک لەسەر جەستەی نییە، بۆ خۆپاراستنیش لە سووتانەوەی خۆر، خۆی لەژێر تەختی یەختەکەی شاردووەتەوە.
ئێستا هەموو جیهان شادۆک بەراورد دەکەن بە فیلمەکەی تۆم هانکس و ئەستەمە بتوانیت جیاوازییەک لەنێوانیاندا بدۆزیتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ