موجاهیدینی خەلق بەدوای دۆستی تازەدا دەگەڕێت

19-07-2015
یودیت نیورینگ
نیشانەکردن موجاهیدینی خەلق ئەلبانیا
A+ A-

رووداو- هەولێر

رێكخراوی موجاهەدینی خەلق كە لە ساڵی 1986ەوە لە عێراق نیشتەجێن، بڕیارە ئەندامەكانیان بەرەو بنكەیەكی نوێ لە ئەلبانیا بگوازنەوە و لەوێ درێژە بە خەباتیان لە دژی حكومەتی ئێران بدەن.

لە ساڵانی رابردوودا، موجاهیدینی خەلق لەلایەن مەریەم رەجەویەوە لە پاریسەوە بەڕێوە دەبرا. رێكخراوەكە دەستی بە ناردنی ئەندامەكانی بەرەو ئەلبانیا كردووە و لەوێ زەوی و شوێنی مانەوەیان پەیدا كردووە. 

گرووپێكی 15 كەسی لە سەركردەكانی ئەو گرووپە سەردانی ئەلبانیایان كردووە بۆ دامەزراندنی بنكە و بارەگا بۆ رێكخراوەكە.

كامپی ئەشرەف لە پارێزگای دیالە، كامپی سەرەكی موجاهیدینی خەلق بوو لە عێراق. لە ساڵانی هەشتاكاندا هەزارەها ئەندامی ئەو گرووپە هاوكاریی رژێمی سەدام حوسێنیان كرد و شەڕی دژی ئێرانیان كرد. لەو كاتەدا چەكیان پێدرا و ئەو كامپەیان بۆ دامەزرێنرا.

دوای جەنگی كەنداو لە ساڵی 1991، موجاهیدینی خەلق هاوكاریی رژێمی سەدامی كرد لە دژی كورد كە دەستیان بە راپەڕین كردبوو لە ناوچەكانی خۆیان.

دوای داگیركردنی عێراق لەلایەن ئەمریكاوە لە ساڵی 2003، موجاهیدینی خەلق چەككران و سەدان ئەندامی ئەو رێكخراوە هەڵهاتن. ئەوانەشی كە هەڵنەهاتن لە كامپی ئەشرەفدا مانەوە و پەیوەندی بەهێزیان لەگەڵ هۆزە عەرەبە سوننەكانی پارێزگای دیالە دروست كرد. هەندێك لەو هۆزانە هاوكاری ئەلقاعیدەیان دەكرد و دژی ئەمریكا و حكومەتی زۆرینە شیعەی عێراق بوون.

دوای هەڕەشەی بەردەوامی حكومەتی عێراقی بەوەی كە رێكخراوەكە لە عێراق دەربكات و دوای چەند رووداوێك لە نێوان موجاهدینی خەلق و سوپای عێراقی، نەتەوە یەكگرتووەكان بووە لایەنێكی كێشەكە. دواتر 1000 ئەندامی رێكخراوەكە لە كامپی ئەشرەفەوە گوازرانەوە بۆ كامپی لیبەرتی لە نزیكی فڕۆكەخانەی بەغدا.

پاشان بڕیاردرا كە بە دوای شوێنێكی نوێدا بگەڕێن بۆ ئەو ئەندامانەی زۆربەیان تەمەنیان لە سەرووی پەنجا ساڵەوەیە. لە ساڵی 2013دا لەسەر داوای وەزیری دەرەوەی ئەوكاتی ئەمریكا، هیلاری كلینتن، ئەلبانیا رازی بوو كە 2000 ئەندامی موجاهدینی خەلق لەبەر هۆكاری مرۆیی وەربگرێت. لەوكاتەوە، نزیكەی 400 ئەندامی موجاهیدینی خەلق چوونەتە ئەلبانیا. 

رێكخراوی ئینتەرلینك كە رێكخراوی ئەندامانی پێشووی موجاهیدینی خەلقە لە لەندەن، هۆشداری لەمەڕ كردنەوەی كامپەكەی ئەلبانیا دەدات. مەسعود خودابەندە، بەڕێوەبەری ئەو رێكخراوە دەڵێت "موجاهیدینی خەلق لەوێ بنكەیەك بۆ خۆیان دروست دەكەن و لە دەرەوەی یاسا دەبن، چەكیان پێدەدرێت و دەست بە مەشق دەكەنەوە". بەشێك لە پلانەكەی كلینتن ئەوە بوو كە دواتر رێكخراوی موجاهیدینی خەلق لە لیستی تیرۆری ئەمریكا دەربهێنرێ.

ئێستا كە سیاسەتی ناوچەكە گۆڕاوە دوای ئەگەری رێككەوتنی پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران و ئەمریكا، بە گوتەی خودابەندە، موجاهیدینی خەلق لە هەوڵی دۆزینەوەی دۆستی نوێدایە. ئەو دەڵێت هەندێك راپۆرت باس لەوە دەكەن كە موجاهیدینی خەلق تەنانەت بە سعودیەیان راگەیاندووە كە ئامادەن شەڕی شیعەكانی یەمەن بكەن.

خودابەندە دەڵێت هەرچەندە رێگاكانی نێوان سووریا و توركیا و عێراق لە ژێر چاودێریی ئەمنیدان ''بەڵام هێشتا سەركردەی گرووپە تیرۆریستییە مێرسینەرییەكان بە سنوورەكاندا تێدەپەڕن و بۆ مەشق دەچنە تیرانا".

"چ شوێنێك لە تیرانا باشترە بۆ ئەوەی كامپێكی مەشقكردنی تێدا دروست بكرێت؟ لە ئەوروپایە، بەڵام ئەندامی یەكێتی ئەوروپا نییە. لەبەرئەوە زۆر ناكەوێتە ژێر لێكۆڵینەوەی ئەمنیی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە. وڵاتێكی موسڵمانە، بەڵام ناوبانگی لە بوونی گەندەڵی و مافیادا هەیە". خودابەندە هەروەها دەڵێت "پەیامەكە ئەوەیە كە موجاهیدینی خەلق پەلی كێشاوە و ئامادەیە لەگەڵ هەر رێكخراوێكی دیكەی تیرۆریستیدا كار بكات".

لە هەمانكاتدا، بارودۆخی موجاهیدینی خەلق لە عێراق خراپتر و خراپتر دەبێت بەهۆی ئەو میلیشیا شیعانەوە كە لەلایەن بەغدا و ئێرانەوە پشتگیری دەكرێن و رێگەیان پێدراوە لە دژی داعش چەك هەڵگرن.

هەندێك لە خێزانەكانی كامپی لیبەرتی دەڵێن كە سەركردایەتی رێكخراوەكەیان پێیانگوتوون كۆكتەیڵی مۆلۆتۆڤ ئامادە بكەن نەوەكو لەلایەن میلیشیا شیعە ئێرانییەكانەوە هێرشیان بكرێتە سەر. ئەوە لەكاتێكدایە كە هەندێ خێزانی ئێرانی خۆپێشاندانیان كرد لەدژی ئەوەی گوایە سەركردایەتی موجاهیدین كوڕەكانی زەوت كردوون و بەنیازە بەبێ رەزامەندیی ئەوان بیانبەن بۆ ئەلبانیا. ئەو خێزانانە داوایان دەكرد كە رێگەیان پێبدرێ كوڕەكانیان ببینن.

بەڵام سەركردایەتی موجاهیدین دەترسن لەوەی بە ناوی سەردانیكردنەوە، میلیشیا شیعەكان دزە بكەنە نێو كامپەكەیانەوە و هێرشیان بكەنە سەر. هەرچەندە وەزارەتی مافی مرۆڤی عێراق و خاچی سوور داوایان لە موجاهیدین كردووە كە رێگە بدات خێزانەكانی ئەندامەكانیان سەردانی كامپەكە بكەن، بەڵام تاوەكو ئێستا رێگە بە سەردانیكردن نەدراوە. هەندێك لەو خێزانانە دەڵێن لەوەتەی كەسوكارەكەیان پەیوەندییان بە موجاهیدینەوە كردووە، نەیانتوانیوە یەكدی ببینن. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە