رووداو دیجیتاڵ
لافاو بەشێکی ئەورووپای گرتووەتەوە، لافاوەکە بە شێوەیەکە کە لە ئەڵمانیا بەرپرسانی ئەو وڵاتە دەڵێن، 30 ساڵە لافاوی لەو شێوەیە رووینەداوە.
بارانی بەخوڕ، سەرڕێژبوونی رووبارەکان و رووچوونی زەوی، زیانی گەورەی لە باشووری رۆژئاوای ئەڵمانیا داوە. ئۆلاف شۆلتز، راوێژکاری ئەڵمانیا جوتێ پووتی لەپێکردووە و شارۆچکەی 'کلاینبلیتەرزدۆرف'ی لە هەرێمی 'زارلاند' بەسەرکردەوە و بەڵێنی دا، "هیچ کەسێک بەو بارانە و لەو دۆخە قورسەدا" پشتگوێ ناخرێت.
راوێژکاری ئەڵمانیا رایگەیاند، "بەداخەوە یەکەمجار نیە ناچار دەبین رووبەڕووی کارەساتێکی سرووشتیی هێندە گەورە ببینەوە. بێگومان دەبێت وردبینەوە تاوەکو بزانین چیمان پێویستە بۆ ئێرە. هەمووان پشتمان پێ ببەستن، بە باشترین شێوە ئەم کارە دەکەین."
لە فەرەنسا هەڵمەتی بەهاناوەچوونی قوربانیان و پاککردنەوەی رێڕەوە ئاوییەکان دەستیپێکردووە، دوای ئەوەی رۆژی پێشتر لافاو لە باکووری وڵاتەکە دروستبوو.
حکومەتی فەرەنسا 70 ملیۆن و سندووقی هاوسۆزیی یەکێتیی ئەورووپا 47 ملیۆن یۆرۆیان بۆ کردنەوەی رێڕەوە ئاوییەکان و دروستکردنی بەربەستی زیاتر لە وڵاتەکە تەرخانکردووە.
گابریێل ئاتال، سەرۆکوەزیرانی فەرەنسا رایگەیاند، "ئەگەر نامەنەوێت ئەوەی پاییزی رابردوو و سەرەتای ئەم ساڵ روویدا، پاییزی داهاتوو دووبارە ببێتەوە، دەبێت لە کێبڕکێدا بین لەگەڵ کات."
بەدەر لە فەرەنسا و ئەڵمانیا، لافاو لە بەشێکی بەلجیکا و هۆڵەندا دروستبوو، بەڵام ئاماژە بە گیانلەدەستدانی هیچ کەسێک ناکرێت.
ساڵ بە ساڵ کەشوهەوای وڵاتانی ئەورووپی، بەتایبەتی لە بەشی رۆژئاواوە، سەختتر دەبێت و زانایان دەڵێن، ئاماژەیەکی روونی گۆڕانی کەشوهەوایە.
لە ساڵی 2021دا لافاوێک هەرێمی رینلاند پالاتینەیت و نۆرت راین ڤێستفالیای گرتەوە، کە بەهۆیەوە 180 کەس گیانیان لەدەستدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ