رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ گەیشتنی وەرزی سەرما، ژیان لە کامپی کالێ لە باکووری فەرەنسا بۆ کۆچبەران سەختتر دەبێت.
هەموو ئەو کۆچبەرانەی لەو کامپەن یەک ئامانجیان هەیە؛ کڕینی شوێن لەنێو بەلەمێکی چووپ و گەیشتن بە بەریتانیا.
سینا هاونیشتمانییەکە و بەشداری لە خۆپیشاندانەکانی پاییزی ساڵی 2022ـی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا کردووە. ئەو پێی وایە، بە پەرجوو لە مردن رزگاری بووە، ئەگەر بگەڕێتەوە لەوانەیە ئەو پەرجووە بۆی دووبارە نەبێتەوە.
سینا، کۆچبەری کورد لە کامپی کالێ، لەبارەی ئەوەی دادگەی باڵای بەریتانیا هەوڵی ناردنی کۆچبەرانی بۆ رواندا رەتکردەوە، دەڵێت، "ئەمە خۆشترین هەواڵە کە گوێبیستی دەبم. بۆ ئێمە زۆر باشە. ئەوە [ناردنی کۆچبەران بۆ رواندا] لە بەرژەوەندی مافی مرۆڤ نییە؛ باش نییە و بیرۆکەیەکی گەمژانەیە. بە بۆچوونی من هەرگیز نابێت کاری وا بکرێت، نابێت بەرامبەر ئێمە و خەڵک و مرۆڤ بکرێت. زۆر دڵخۆشین".
ئەوە رای زۆربەی کۆچبەرانی کامپی کالێیە؛ ئەگەر هی هەمووان نەبێت.
کۆچبەرێکی دیکەی کورد دەڵێت، "رواندا سەلامەت نییە، خەڵک لەوێ خۆی پێویستی بە یارمەتییە، بۆچی خەڵک دەنێریتە شوێنێک کە دۆخی [خۆیان] باش نییە؟".
ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی بە بەلەمە بچووکەکان لە کەناڵی ئینگلیز دەپەڕنەوە بەراورد بە پار دابەزیوە.
هۆکاری سەرەکی کەمبوونەوەی کۆچبەری ئەلبانییە، بەڵام ئەوانەی کە رێگەیەکی دووریان بڕیوە تاوەکو گەیشتوونەتە باکووری فەرەنسا، سوورن لەسەر پەڕینەوە.
شەپۆلی کەناراوەکانی باکووری فەرەنسا جوان و سەرنجڕاکێشن، بەڵام جاروباریش کۆچبەران قووت دەدەن، بەتایبەتی لە وەرزی زستاندا. لە 2021ـەوە 42 کۆچبەر لە نۆکەندی ئینگلیز خنکاون؛ 101565 کەسیش پەڕیونەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ