نەتەوە یەکگرتووەکان: گەرمای شەو گەورەترین مەترسییە بۆ تووشبوون بە جەڵتەی دڵ

18-07-2023
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
چەند کەسێک لەکاتی شەپۆلێکی گەرمای شەودا خۆیان فێنک دەکەنەوە. وێنە: Spencer Platt/Getty Images
چەند کەسێک لەکاتی شەپۆلێکی گەرمای شەودا خۆیان فێنک دەکەنەوە. وێنە: Spencer Platt/Getty Images
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

نەتەوە یەکگرتووەکان گەرمای شەو بە "گەورەترین مەترسی" بۆ جەڵتەی دڵ ناودەبات. گەشتیارانیش ئەم هەفتەیە پۆل پۆل روویان لە بەرزاییەکانی هویان کرد لە هەرێمی شینجیانگ لە چین، بۆئەوەی شایەتی بینینی بەرزترین پلەی گەرما بن لە تەمەنی خۆیاندا.
 
پلەی گەرما لە شاری تورپانی چین گەیشتە 52 پلەی سیلیزی و پلەی گەرمیی گردێکیش کە بە "شاخی گڕگرتوو" ناوی دەرکردووە، گەیشتە 82 پلەی سیلیزی.
 
لوۆ شیا، گەشتیاری چینی دەڵێت، "ئەمڕۆ هاتم سەردانی چیای گڕگرتوو بکەم، بۆئەوەی هەست بە گەرمترین پلەی گەرما لە ژیانی خۆمدا بکەم. پلەی گەرمی لە جینوگانگ 80 پلەی سیلیزییە. ئەمە زۆر بەرزە."
 
شاری تورپان لە چین بە یەکێک لە گەرمترین ناوچەکانی جیهان دادەنرێت، کە کێبڕکێ لەگەڵ 56 پلەی سیلیزیی "دۆڵی مەرگ"ی کالیفۆڕنیا دەکات.
 
بەڵام بە گوتەی رێکخراوی کەشناسیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمە تەنیا دەستپێکی "گەرما سەختەکەی ئەمساڵە" و بە گوتەی بەرپرسێکی باڵای رێکخراوەکەش، ئەم گەرمایە کاریگەریی مەترسیداری لەسەر تەندروستیی مرۆڤ هەیە و "زۆرترین جەڵتەش بەهۆی گەرمای شەوەوە روودەدەن."
 
جۆن نایرن، راوێژکاری پلەی گەرمای بەرز لە رێکخراوی کەشناسیی جیهانیی UN دەڵێت، "پلەی گەرمیی بەرزی دووبارە لە کاتی شەودا بۆ تەندروستیی مرۆڤ مەترسیدارن، چونکە جەستە توانای رزگاربوونی نابێت لەو گەرمایەی تێی چووە. ئەمە رووداوەکانی جەڵتەی دڵ و مردن زیاد دەکەن. ئەمە تەنیا نەخۆشی نین دەیانبینین، بەڵکو بەرچاوەکانن. لە کاتێکدا زۆرترین سەرنج لەسەر بەرزترین پلەی گەرمای رۆژە، ئەمە پلەی گەرمای شەوانە کە گەورەترین مەترسییان هەیە."
 
لە گەرمترین ناوچەکانی جیهان لەم هەفتەیەدا؛ دۆڵی مەرگ لە ئەمریکا گەیشتە 56 پلەی سیلیزی، جەهرا لە کوەیت گەیشتە 53 پلەی سیلیزی و تورپان لە چین 52 پلەی سیلیزی، بەسرە لە عێراق گەیشتە 50 پلەی سیلیزی و رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا گەیشتە 43 پلەی سیلیزی، ئەسینای پایتەختی یۆنانیش گەیشتە 41 پلەی سیلیزی و کۆماگایاش لە ژاپۆن ژمارەی پێوانەیی پێش خۆی شکاند و گەیشتە 41 پلەی سیلیزی.
 
شەپۆلێکی گەرمای سەخت بەشی باکووری ئەمریکا و ئەوروپا و ئاسیای گرتووەتەوە و هیچ ئاماژەیەکی دامرکانەوە نییە. ئەم گەرمایە هۆکاری کەوتنەوەی ئاگری دارستانەکان و لافاوی لەناکاو و وشکەساڵیی کەموێنەیە. بەگوێرەی ئاژانسی کەشناسیی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەدوای ساڵی 1980کانی سەدەی رابردوو، شەپۆلەکانی گەرما شەش هێندە زیادیان کردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە