رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانی بەریتانیا یاسای کۆچبەرێتی بۆ وەستاندنی کۆچی نایاسایی تێپەڕاند و نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، یاساکە لە دژی یاسای نێودەوڵەتییە.
رۆژی سێشەممە، 18ـی تەممووزی 2023، پەرلەمانی بەریتانیا بە زۆرینەی دەنگ، یاسای مشتومڕهێنی پەیوەست بە کۆچی نایاسیی پەسند کرد. بەو پێیەش، لەمەبەدواوە، هەرکەسێک بە بەلەم و بەڕێگەی نایاسایی و قاچاخ پێ بنێتە نێو خاکی بەریتانیا لە مافی پەنابەرێتی بێبەش دەکرێت و دیپۆرت دەکرێتەوە.
هاوکات، ئاژانسی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، ئەو یاسایەی بەریتانیا، کە لەلایەن پەرلەمانی وڵاتەکەوە تێپەڕێندراوە و چاوەڕێی پەسندکردن لەلایەن شا چارڵسی سێیەم، شای بەریتانیا دەکات؛ "لە دژی پابەندییەکانی وڵاتەکەیە لە یاسای نێودەوڵەتیی مافەکانی مرۆڤ و پەنابەرێتی و کاریگەریی دەخاتە سەر ئەو خەڵکەی پێویستییان بە پاراستنی نێودەوڵەتی هەیە."
ڤۆکەر تورک، کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ و فلیپۆ گراندی، سەرۆکی ئاژانسی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا رایانگەیاند، ئەو یاسایەی بەریتانیا رێگری لە پەناخوازان دەکات داواکاری بۆ وەرگرتنی مافی پەنابەرێتی پێشکێش بکەن، ئەوەش بەبێ گوێدانە هەڵومەرجی کۆچبەران، "جگە لەوەش دەبێتە هۆی دروستکردنی هێزی نوێی دەستبەسەرکردن بەجۆرێک چاودێریی دادوەری لەسەری سنوورداربێت."
گراندی گوتی، "ئەم یاسایە ئەو چوارچێوە یاساییە لەنێودەبات کە تاوەکو ئێستا خەڵکێکی زۆری پاراستووە و بە پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتی، پەناخوازان دەخاتە مەترسییەکی گەورەوە."
هەردوو بەرپرسەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەیان بەوە کرد کە "رێککەوتنی پەنابەرانی ساڵی 1951 بە راشکاوی دان بەوەدا دەنێت کە دەکرێت پەناخوازان ناچار بکرێن بەشێوەیەکی نایاسایی بچنە نێو وڵاتێکەوە."
لای خۆیەوە، ڤۆکەر تورک داوای لە حکومەتی بەریتانیا کرد "پابەندییەکەی بە مافەکانی مرۆڤەوە نوێبکاتەوە، ئەوەش لەرێگەی هەڵوەشاندنەوەی ئەم یاسایە و دڵنیاییدان لەوەی مافەکانی تەواوی کۆچبەران، پەناخوازان و پەنابەران رێزلێگیراو دەبن، دەپارێزرێن و بەبێ هیچ جیاکارییەک جێبەجێ دەکرێن.
بەگوێرەی یاساکە، هەموو ئەو کەسانەی بەشێوەیەکی "نایاسایی" بەرەو بەریتانیا کۆچدەکەن، دیپۆرتی وڵاتێکی "ئارام"ی سێیەمی وەکو رواندا دەکرێن بۆ ئەوەی رێگە لە پەنابەریی نایاسایی بگرن.
ئەم هەنگاوەی بەریتانیا لەکاتێکدایە کە بەگوێرەی ئامارەکانی بەریتانیا خۆی، لە ساڵی 2022دا سەروو 45 هەزار کۆچبەر لەڕێگەی بەلەمی بچووکەوە خۆیان بە نۆکەندی ئینگلیزییدا گەیاندووەتە کەناراوەکانی ئینگلاند، ئەوەش بەراورد بە ساڵی 2018، 60٪ زیادیکردووە.
پلانی ناردنی کۆچبەران بۆ رواندا پارساڵ کاتێک بۆریس جۆنسن سەرۆکوەزیران بوو، خرایەڕوو؛ لەدوایین ساتەکانی جێبەجێکردنیدا لەلایەن دادگەی باڵای ئەوروپا بۆ مافەکانی مرۆڤ هەڵوەشێندرایەوە و تاوەکو ئێستاش رووبەڕووی ئاڵنگاریی یاسایی دەبێتەوە.
مانگی رابردوو، حکومەتی بەریتانیا رایگەیاند، تانە لە بڕیاری سێ دادوەری دادگەی پێداچوونەوە دەدەن کە گوتبوویان "ناکرێت رواندا وەکو وڵاتێکی سێیەمی ئارام" پۆلێنبکرێت. ئەو بڕیارەی دادگەی پێداچوونەوە لەدوای ئەوە هات کە 10 کۆچبەر و چالاکڤانەکانی مافی کۆچبەران تانەیان لە بڕیارەکەی حکومەتی بەریتانیایان دا.
ریشی سووناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دوای ئەوە رایگەیاند، رێز لە بڕیاری دادگە دەگرێت، بەڵام گوتی، لەگەڵ بڕیاری دادوەران "لە بنچینەوە هاوڕا نیم." تاوەکو ئێستاش هیچ فڕۆکەیەک بۆ ئەو مەبەستە بەرەو رواندا نەفڕیوە و هیچ کۆچبەرێکیشی نەگواستووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ