دەیان کەس لە رووداوی نقوومبوونی بەلەمەکەی یۆنان بێسەروشوێنن و گەڕان بەدوایان بەردەوامە

18-06-2023
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
ژمارەیەک لە رزگاربووانی بەلەمە نقومبووەکەی یۆنان
ژمارەیەک لە رزگاربووانی بەلەمە نقومبووەکەی یۆنان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بە دوو پاس ئەو کۆچبەرانەی لە ژێرئاوکەوتنی بەلەمەکەیان لەنزیک کەناراوی پیلۆسی یۆنان رزگارکان، گواسترانەوە بۆ ئەسینا، ئەوەش دوای ئەوەی لە شاری کالاماتا یەک بە یەک ناویان تۆمارکرا. ئەوانەی رزگاریان بووە، خۆشبەختەکانن؛ لەوانەیە بە زوویی بە کەسوکاریان شاد ببنەوە.
 
خەڵک هەن دڵیان لە مشتیانە و پەرۆشن هەواڵێکی کەسوکاریان بزانن. رزگاربوویەکی رووداوی ژێرئاوکەوتنی بەلەمەکەی یۆنان دەڵێت، "هیچ زانیارییەکم لانییە چی بەسەر زاواکەمانەوە هاتووە، خەیاڵم بۆ هیچ ناچێت، چونکە هیچ نازانم، بەڵام لە هەمان کاتدا دڵیشم خۆشە، چونکە براکەمم دۆزییەوە. بەو هیوایەی مێردی خوشکەکەشم بدۆزمەوە کە ونبووە."
 
لەبارەی بەلەمە نقومبووەکەوە، بەرپرسانی یۆنانی دەڵێن 14ی حوزەیران 400 بۆ 700 کۆچبەری هەڵگرتووە و بە دووریی 80 کیلۆمەتر لە سنوورە ئاوییەکانی پیلۆس ژێرئاو کەوتووە.
 
بە گوتەی کەسوکاری کۆچبەران، پاسەوانی دەریایی یۆنان رووداوەکەیان بینیوە، بەڵام بەهانای لێقەوماوانەوە نەڕۆیشتوون، بەرپرسانی یۆنانیش دەڵێن، دەستی یارمەتییان درێژ کردووە، بەڵام 9 قاچاخچی لەسەر بەلەمەکە بە ئینگلیزییەکی خراپ گوتوویانە، "یارمەتیمان ناوێت، دەڕۆینە ئیتاڵیا."
 
کەسوکاری یەکێک لە کۆچبەرەکان دەڵێت، "نەخێر، ئەمە راستە. من بەدوایەوە رۆیشتم، چونکە برایەکم و کەسی دیکە لەنێو بەلەمەکە بوون. پرسیارم کرد چی روویدا؟ گوتیان پێنج رۆژ بوو لە کەناراوەکانی نزیک کالاماتا مابوونەوە."
 
لە رووداوەکەی بەلەمی کۆچبەران دەوروبەری 80 کەس خنکان، 104 کەس رزگار کران و دەیانی دیکە بێسەروشوێنن.
 
چیرۆکی راستەقینەی ژێرئاوکەوتنی بەلەمە چارەڕەشەکە روون نییە و ناشزانرێت کێ بەرپرسیاری یەکەمە، بەڵام ئەوە زانراوە کە گەڕان بەدوای بێسەروشوێنبووان چەند هەفتە بۆ چەند مانگێک دەخایێنێت و بەشێک لە کەسوکاریان لەوانەیە لە ژیانیاندا بە مردووییش چاویان بە ئازیزانیان نەکەوێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە