لایەنگرانی پەكەكە بڕیارێكی حكومەتی ئەڵمانیا پێشێل دەكەن

18-03-2017
A+ A-

رووداو- فرانکفۆرت

سەرەڕای قەدخەكردنی بەرزكردنەوەی وێنەی ئۆجەلان و 32 ئاڵا و لۆگۆی پەكەكە و رێكخراوەكانی سەر بەو پارتە، لایەنگرانی پەكەكە لە شاری فرانكفۆرتی ئەڵمانیا خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و وێنەی ئۆجەلان و ئاڵای حیزبەكەیان بەرزركردنەوە.

رۆژی شەممە 18-3-2017، بەبۆنەی نزیکبوونەوەی جەژنی نەورۆز، لایەنگرانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەكەكە) لە شاری فرانكفۆرتی ئەڵمانیا خۆپیشاندانێکیان بە بەشداری نزیكەی نۆ هەزار كەس ئەنجامدا.



لایەنگرانی پەكەكە کە زووتر مۆڵەتیان لە حکومەتی ئەڵمانیا وەرگرتبوو، وێنەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و ئاڵای حیزبەكەیان بەرزركردنەوە. دروشمەکانی ئەم خۆپیشاندانە بریتیبوون لە "نەورۆز"، "ئازادی بۆ ئۆجەلان" و "سەربەخۆیی بۆ کوردستان". ئاڵای كوردستانیش لە خۆپیشاندانەكەدا بەرزكرایەوە.

پۆلیسی فرانکفۆرت رایگەیاند، لە دوو شوێنی جیاوازی ئەو شارەدا بەبۆنەی جەژنی نەورۆز مۆڵەتی سازكردنی گردبوونەوەیان داوە. بەپێی ئەو ئامارەی پۆلیسی فرانکفۆرتیش بڵاویکردووەتەوە، نزیکەی نۆ ھەزار کەس بەشدارییان کردووە.



پۆلیسی فرانکفۆرت راشیگەیاندووە، داوایان لە خۆپیشاندەران كردووە وێنە و ئاڵاكان لابدەن، بەڵام ئەوان داواكەیان رەتكردووەتەوە. بەهۆی ئەوەی ژمارەشیان زۆربووە، نەتوانراوە هیچ كەسێكیان دەستگیربكرێن. بەڵام پێشێلكارییەكانیان بە وێنە و ڤیدیۆ دۆكیۆمێنت كردوون و سكاڵا لەسەر سەرپێچیكاران تۆماردەكەن.

رۆژی 10-3-2017، بڕیارێكی وەزارەتی نێوخۆیی ئەڵمانیا ئاشكراكرا. بڕیارەكە بەرزکردنەوەی وێنەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) و 32 ئاڵا و دروشمی جۆراوجۆری سەر بەو پارتەی قەدەخەكرد.



رۆژێك دواتر  لایەنگرانی پەكەكە پابەندبوونیان بە بڕیارەكە سەلماند و لە شاری مانهایم-ی ئەڵمانیا یەكەم خۆپیشاندانیان بەبێ وێنەی ئۆجەلان و ئاڵا و دروشمەكانی پەكەكە رێكخست. خۆپیشاندانەكەش هیچ گرژی و ئاڵۆزییەكی لێنەكەوتەوە. بەڵام ئەمڕۆ بۆ یەكەمجار بڕیارەكەیان پێشێل كرد.

بڕیارەکە بەدیاریکراوی وێنەی ئۆجەلان بە باکگراوندی زەرد، سەوز و سوور دەگرێتەوە، کە لایەنگرانی پەکەکە هەمیشە لە خۆپیشاندانەکاندا بەرزیدەکەنەوە، لەگەڵ 32 ئاڵا و دروشمی تایبەت بە پەکەکە و رێکخراوەکانی سەر بەو پارتە. هەروەها بڕیارەكە ئاڵای یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)، باڵی سەربازیی پارتی یەكێتیی دیموکراتی (پەیەدە)شی گرتووەتەوە.

هاوشێوەی ئەمریكا و چەند وڵاتێكی دیكە، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەكەكە) لە ئەڵمانیا پارتێكی قەدەخەكراوە و لە 22ی مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 1993 دا، حکومەتی ئەڵمانیا بەفەرمی بڕیاری قەدەخەکردنی بۆ دەرکردووە.




داڕشتنەوە: دەرباز ساڵح

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە